دوێنێ، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە یەکەم ڕۆژی دیداری میریدا لە هەولێر، بەشداری لە گفتوگۆیەکی تایبەت کرد و تیشکی خستە سەر هاوکێشە سیاسییەکانی ناوخۆ و ناوچەکە و هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
لەبارەی ئاڵۆزی و گرژییەکای ناوچەکە، نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاند: “هەرێمی کوردستان بە هیچ جۆرێک نابێتە بەشێک لەو شەڕە و رێگە نادەین لە خاکەکەمانەوە هەڕەشە لە دەوڵەتانی دراوسێ بکرێت.” هەروەها پێشنیازی کرد کە پێویستە دەسەڵاتدارانی تاران لە چوارچێوەی تایبەتمەندیی وڵاتەکەیاندا بە شێوەیەکی جیدی بیر لە چارەسەری پرسی کورد بکەنەوە.
هەروەها راپۆرتەکەی ماڵپەڕی ئاکسیۆسی پشتڕاستکردەوە سەبارەت بە نێوەندگیریی خۆی لە نێوان واشنتن و تاران و رایگەیاند کە پەیامەکان گەیێندراون و لەلایەن هەردوولاوە بە بایەخ و پێزانینەوە تەماشاکراوە
سەبارەت بە پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، کێشەی سەرەکی سیستمی بەڕێوەبردنی دەوڵەت و جێبەجێکردنی دەستوورە: “کلیل و بنەمای چارەسەری بریتییە لە جێبەجێکردنی دروستی دەستوور، پەسندکردنی یاسای نەوت و گاز و دابەشکردنی دادپەروەرانەی داهاتەکان.”
لە تەوەرێکی دیکەدا، سەبارەت بە هەوڵەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێ، نێچیرڤان بارزانی، دڵنیایی دا کە لەسەر پرسە ستراتیژییەکان، دیدگەی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە یەکترەوە نزیکن و کۆبوونەوەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامن.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە، وتی؛ خۆی بە دڵنیاییەوە سەرەتای قۆناخێکی نوێیە لە ناوچەکەدا. ئەوەی کە دەستی پێکردووە ئەوە نییە شتێکی کاتی بێت و تەواو بێت، کە بە دڵنیاییەوە ئێمەش وەکو کورد لەمەدا، هەم دەرفەتمان هەیە و هەمیش رەنگە هەڕەشەش هەبێت، بەڵام من پێموایە ئێمە دەتوانین دەرفەتەکان زۆر زیاتر ببینین لەوەی کە هەڕەشە بن بۆ هەرێمی کوردستان و بۆ کورد بە شێوەیەکی گشتی. من خۆم وای دەبینم.
وتیشی؛ گەورەترین هەڕەشە ئێستا بۆ دۆخی عێراق ئەگەر سەیری بکەین، رەنگە زیاتر هەڕەشەیەکی ئابووری بێت؛ واتە پرسی ئابووری و پرسی ئەوەی کە دۆخی عێراق بەرەو کوێ دەڕوات لە رووی ئابوورییەوە. چونکە جەنابت دەزانیت عێراق پشتبەستنێکی زۆری بە هەناردەکردنی نەوتەوە هەیە و لەم شەڕانەدا عێراق لە 90% زیاتر پشتبەستنی بەسەر نەوتەوەیە، تەنیا رێگەی هەناردەکردنی نەوتی کرداریش ئێستا تەنگەی هورمزە. یەکێک لە ئاستەنگە گەورەکان بەردەم عێراق بە شێوەیەکی گشتی ئەم بابەتە ئابوورییەیە. ئەمە یەک.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند ؛ دەرفەتەکان زۆرن. ئەگەر سەبارەت بە کورد هەژماری بکەیت، سرووشتییە دەرفەت هەیە بۆ کورد. بەڵام کورد لە هەر وڵاتێک کە تێیدا دەژی بەپێی تایبەتمەندی و ژیانی کورد لەو وڵاتانە؛ ئەمانە دەرفەتی باشن بۆ کورد هەم لە تورکیا و هەم لە سووریا و تەنانەت لە ئێرانیش دەرفەت هەیە. بەراستی ئەو دەرفەتانە کورد دەتوانێت بیانقۆزێتەوە و دەتوانێت کاریان لەسەر بکات بۆ ئەوەی ببنە دەرفەت بۆ چارەسەری ئەم کێشەیە بە شێوەیەکی گشتی.
لەبارەی پرۆسەی ئاشتیی تورکیاوە، ڕایگەیاند؛ سەبارەت بە ئێمە لە هەرێمی کوردستان بەردەوام ئەو پرسیارە هەبووە کە ئایا ئەمە پرۆسەیەکی رژدە یاخود پرۆسەیەکی ناڕژدە؟ پێوەر بۆ ئەوەی رژدە یان رژد نییە زانراوە، واتە پێوەرەکانیش ئاشکران. من خۆم لە رووی کەسییەوە لە بینینەکانم لەگەڵ سەرۆک ئەردۆغان، تەنانەت ئەو کاتەی من لەگەڵ جەنابیان کۆبوونەوەم نەکردبوو، بە تەواوەتی تێنەدەگەیشتم لەوەی کە رژدە یان نا، بەڵام بە راستی لەم دوو ساڵەی رابردوودا ئەوەی من لە سەرۆک ئەردۆغانم دیوە، ئەم پرۆسەیە پرۆسەیەکی رژدە.
وتیشی؛ ئەوەی من لە ئیمڕاڵیشم دیوە و ئەوەی کە بیزانم و ئاگادار بم لە لایەن سەرۆک عەبدوڵڵا ئۆجەلانیشەوە، ئەویش رژدە. برایانی ئێمەش لە دەم پارتی، ئەوان زۆر لە نێو بابەتەکەن و ئەوانیش بە جیددی دەستیان داوەتە ئەم بابەتە. من پێموایە ئەم پرۆسەیە بە جیددی بەرەو پێش دەچێت، بەڵام رەنگە گلەیی هەبێت لەوەی کە هەنگاوەکان خاون. بە رای من ئەوە زۆر ئاساییە؛ پرۆسەیەک چل ساڵ کێشە، چل ساڵ شەڕ، چل ساڵ یەکدی نەخوێندنەوە، چل ساڵ نکۆڵیکردن، چل ساڵ بە نەتەوەیەک بڵێیت نیت، واتە ئەم چل ساڵە تۆ ناتوانیت بە شەو و رۆژێک هەموو ئەم کێشانە، پێشبینی ئەوە بکەیت هەمووی بە شەو و رۆژێک چارەسەر ببێت. بەڵام با سەیری پرۆسەکە بکەین؛ لە دوو ساڵدا ئەگەر هیچ نەکرابێت، ئەمە دوو ساڵە دایکان لەوێ جگەرسووتاو نەبوون و کەس نەکوژراوە.
وتیشی؛ رۆڵی هەرێمی کوردستان، کاتێک من دەڵێم هەرێمی کوردستان، باسی هەموو هەرێم دەکەم؛ واتە بە شێوەیەکی گشتی هەم لە هەولێر و هەم لە سلێمانی، رۆڵی ئێمە یارمەتیدەرە بۆ ئەو پرۆسەیە. ئێمە یارمەتیی ئەم پرۆسەیە دەدەین، ئەوەی کە لەسەر شانی ئێمە بێت، ئەوە نییە بڵێیت وەڵا ئێمە بچین نێوبژیوانی بکەین، بەڵام ئەوەی کە پێمان گوتراوە بە هەردوو لا، چ پێویستە لەسەر شانی ئێمە وەکو هەرێمی کوردستان، ئێمە ئامادەین بیکەین و کردووشمانە.
سەبارەت بە دۆخی کورد لە ڕۆژئاوا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند؛ خۆی بە هەڵسەنگاندنی من ئەوەی تاوەکو ئێستا کراوە، ئەگەر مرۆڤ بە شێوەیەکی واقیعی سەیری بکات، من دەستخۆشی و پیرۆزبایی ئەو کارانە دەکەم کە لە رۆژئاوا بۆیان ئاسان نەبوو ئەوەی کە کردوویانە، بەڵام واقیعبین بوون. تێگەیشتنیان تێگەیشتنێکی واقیعی بوو لە دۆخەکە و رەنگە لەمە زیاتر نەدەکرا بە راستی لەوەی کە کردوویانە. سرووشتییە وەک عەرزم کردی، بۆ نموونە مۆدێلی هەرێمی کوردستانی عێراق تۆ ناتوانیت لە سووریا جێبەجێی بکەیت. زۆر جیاوازی هەیە؛ جوگرافیاکە جیاوازیی هەیە، تێکەڵاویی کۆمەڵایەتی جیاوازیی هەیە لە سووریا، تۆ ناتوانیت ئەم مۆدێلە لەوێ جێبەجێ بکەیت. من لە سەردانی خۆم بۆ سووریا، ئەوەی کە چوومە سووریا و ئەوەی من لە سەرۆکی سووریا سەرۆک ئەحمەد شەرع بینیم، ئەوە نییە دژایەتیی کوردیان هەبێت بە راستی؛ ئێمە زۆر لەسەر ئەم بابەتە قسەمان کرد.
وتیشی؛ ئێمە ئێستا هەنگاوەکانی کە دەیبینین بۆ تێکەڵکردنەوەی هێزە ئەمنییەکان، دەبینین ئەم پرۆسەیە بە باشی بەڕێوە دەچێت. لەسەر پرسی خوێندن کە زۆر گرنگ بوو بۆ هاوڕێیان لەوێ و بۆ کورد گرنگە، لەوەشدا پێشکەوتن هەیە. بەڵام بە رای من، ئێمە ئەو کاتە دەتوانین بڵێین پێشکەوتنی تەواو هەیە کە ئەم مافانە لە دەستووری هەمیشەیی سووریادا جێگیر بکرێن؛ مافی کورد و مافی پێکهاتەکانی تر. سووریا تەنیا وڵاتێکی عەرەبی نییە؛ سووریا وڵاتێکە عەرەبی لێیە، کوردی لێیە، درووزی لێیە، عەلەوی لێیە. ئەوەی گرنگە، ئەوەیە مافی ئەم پێکهاتانە لە چوارچێوەی سووریایەکی یەکگرتوودا مسۆگەر بکرێت.
سەبارەت بە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و گرژیی و پاڵۆزییەکان و ڕۆڵی هەرێمی کوردستان، وتی؛ لەم بابەتەدا حەز دەکەم زۆر راشکاو و روون بم: هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی کوردی رۆژهەڵات زۆر بەداخەوە زۆر نابەرپرسانە رەفتاریان کرد. هەرێمیشیان خستە بەردەم دۆخێکی زۆر خراپەوە. ئەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەیانکرد و باسیان دەکرد، وەک بڵێیت ئەوا ئەم هێزانە بەڕێکەوتن بۆ نێو ئێران، هەرێمیان خستە بەردەم مەترسییەکی زۆر گەورە و زۆریش نابەرپرسانە رەفتاریان کرد بەرامبەر بە هەرێمی کوردستانی عێراق. ئێمە لە دەستپێکردنی شەڕەکەدا سیاسەتی خۆمان روون بوو؛ بەردەوام لەگەڵ سلێمانی، برام کاک قوباد لێرەیە و لەگەڵ کاک بافڵ، بەردەوام رۆژانە لەسەر هێڵ بووین. ئەوەی سیاسەتی ئێمە بوو ئەوە بوو کە نابێت هەرێم ببێتە بەشێک لەم شەڕە. شەڕەکە شەڕی ئێمە نەبوو، ئێران وڵاتێکی دراوسێیە و نزیکەی 600 کیلۆمەتر سنوورمان لەگەڵیدا هەیە.
وتیشی؛ دەرفەت بۆ رۆژهەڵات بە رای من دێتە پێش. ئێمە پێشتریش هەوڵمان داوە و لەم بابەتە بێدەنگ نەبووین، بەڵام وەک گوتم لە هەر وڵاتێک بەپێی تایبەتمەندیی خۆی دەبێت بێت. ئێمە لە هەموو کۆبوونەوەکانمان لە تاران، بەشێک لە گفتوگۆکانمان لەسەر ئەم بابەتەیە.
سەبارەت بە دەستپێشخەرییەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی هەرێمی کوردستانیش، ڕایگەیاند؛ راستە ماوەیەکی زۆرە، پێموایە ژمارەی پێوانەییمان لە دوای بەلجیکاوە تۆمار کرد لە دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەتدا، ئەمەش شتێکی خراپە. گەلی کوردستان متمانەیەکی گەورەی دا بە هێزە سیاسییەکان و بەشداریی هەڵبژاردن نزیکەی 72% بوو، ئەم دەنگانە ئەمانەتن. ئەم سیستەمە بە رەغبەتی خۆمان دامەزراوە و کەس بەسەریدا نەسەپاندووین. جێی دڵخۆشییە لەسەر ئەو پرسانەی پەیوەندییان بە پرسە ستراتیژییەکانەوە هەیە، تێڕوانینی هەردوو لایەنی پارتی و یەکێتی لێک دوور نین و لەیەکترەوە نزیکن. من لە رووی کەسییەوە بەردەوام بەم پرسەوە سەرقاڵم؛ هەفتەی پێشوو هەندێک کۆبوونەوەی باشمان کرد، چاوەڕوانین ئەم هەفتەیەش کۆبوونەوەی دیکەی بکەین بۆ ئەوەی بگەینە چارەسەرێک بۆ پێکهێنانی حکوومەت.

