رۆژنامەی ھەولێر

زمانی کوردی لە دامەزراوە بازرگانی و گەشتییارییەکاندا

فەرەیدوون سامان*
چونکە کورد دەوڵەتی نەتەوەیی سەربەخۆی خۆی نییە، بۆیە زمانی نەتەوەی سەردەست کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر زمانەکەیدا نەخشاندووە، لە هەر بەشێکی کوردستاندا وشە و زاراوەگەلی زمانی فەرمی نەتەوەی سەردەست لە ڕێگای دامەزراوەکانی فەرمانگە حکومییەکان وەک پەروەردە و فێرکردن و کەناڵە میدیاییەکان، خزاونەتە ناو زمانی کوردییەوە، هەر بۆیەش زمانەکە ڕووبەڕووی توانەوەو لێکترازان هاتووە، بەڵێ جاران‌ و ئێستاش كولتووری هیچ نەتەوەیەك نەبووە لە ناو قەڵایەكی داخراودابووبێت ‌‌و دووربێت‌ لە كاریگەری ‌و كارتێكردنی كولتوور ‌و زمانی خەڵكی دیکە، لەبەرئەوە زمانەكان كار لە یەكدی دەكەن، ئەو زمانەش زۆرتر بەرهەمی ئەدەبی‌ و زانستی پێ‌ نووسراوە و زیاتر دەرفەتی گەشەكردنی هەبووە، زمانەكان بە شێوەیەكی سروشتی‌ و ئاسایی لە ڕێگەی ئەو زانین‌ و زانیار‏ی ‌و بەرهەمە ئەدەبییانەی كە هێناویانەتە بەرهەم، كاریگەری خۆیان لەسەر یەكدی دادەنێن، بۆیەش شتێكی سروشتییە، كە ئێمەی کورد لە زمانانی دیکەوە وشە و زاراوە بخوازین، پێشتریش خواستوومانە، وەک چۆن گەلانی دیکەش بە بە هەزاران وشە و زاراوەیان لە زمانی ئێمەدا خواستووە، ئێمەی کورد دەبێت باوەڕمان بە هێز و پیرۆزی زمانی خۆمان هەبێت، باوەڕمان بە ناسنامە و کولتووری ڕەسەنی خۆمان هەبێت، وشەیەك، كە لەگەڵ زمانەكەمان ‌و سیستمی دەنگی دەگونجێت‌ و مانای خۆی دەگەیەنێت ‌‌و لە كوردیدا نیمانە دەبێت‌ بە بوێرییەوە وەریبگرین. بەڵام نەک بەو واتایەی بچین لە خوێندنگە ئەهلی و تایبەتییەکاندا بچین منداڵەکانمان بە زمانی بیانی بخوێنن و زمانی دایکیان فەرامۆش بکەن، وەک چۆن نابەرپرسانە دیمەنی زمانی شوێنە بازرگانی و گەشتیارییەکانی وەک میوانخانەو چێشتخانەکان پر بکەین لە تابلۆی نامۆی زمانی ئینگلیزی و عەرەبی و زمانی شیرینی کوردی توڕ هەڵدەینە سەر نوێڵکی فەرامۆشی.
هەبوونی ئەو هەموو کەناڵە میدیاییانەی، کە لە هەرێمی کوردستان و لە دەرەوەشدا هەن، تەنانەت لە وڵاتانی دراوسێ و ئەوروپاشدا، هەبوونی چەندان سەنتەر و ڕێکخراوی زمانناسی و ڕۆژنامەوانی و چاپەمەنی، بە دەزگا فەرمییەکانی وەزارەتگەلی پەروەردە و فێرکردن و خوێندنی باڵا و ڕۆشنبیری، تەنانەت ئەو هەموو کەناڵە بیانییانە کە لە وڵاتانی دەوروبەر و جیهاندا بە سانایی و بە چرکەیەک لە ڕێگەی کۆنترۆڵی تیڤییەکانەوە بە سانایی دەگەنە ناوماڵەکانمان، تۆ بڵێی کاریگەری راستەوخۆیان لەسەر هزر و ئاوەز و کەلتوور و زمانی ئێمەدا نەبێت.
بەڵێ وێڕای بە ڕەسمی ناساندنی زمانی کوردی لە دەستووری عیراقدا و لە کوردستانیش وەک زمانی فەرمی یەکەم، بەڵام بۆچی هێشتا زمانی کوردی نەبووە بە زمانی پێوەر و هاوبەشی هەموو پێکهاتە و ئیتنیکییەکانی گەلی گوردستان، بۆچی نەبووەتە زمانی ئەدەبیی یەکگرتووی هەموو ناوچە و بەشە جیاوازەکانی کوردستان؟
ئایا کێشەکە هەر لەوەدایە، کە کوردستان وەکو نیشتمان خاکەکەی داگیرکراوە و یان مێشکی خەڵکەکەی؟ زمانەکەشی بە دەستوور و یاسا لە بوارەکانی پەروەردە و فێرکردن و فەرمانگا حکومییەکانی ئەو وڵاتانەی کوردستانیان بەسەردا بەشکراوە، قەدەغەکراوە، یان هۆکاری سەرەکی و بنەڕەتی هەر بۆ بەدبەختییەکەی دەستەبژێری رووناکبیرانی کورد خۆی بووە و نەیتوانیوە وەک گەلانی ژێردەست بایەخ بە زمانی نەتەوەیی خۆی بدات و میراتێکی فەرهەنگی نەتەوەیی بۆ نەوەکانی داهاتووی بەجێ بهێڵێت.

زمانی کوردی وەک زمانی فەرمی
لە هەرێمی کوردستاندا سەرباری بە فەرمی ناسینی زمانی کوردی و کارپێکردنی لە بوارەکانی پەروەردە و فێرکردندا، بەڵام لە ئەزموونی سی و سێ ساڵی حکومڕانی خۆماڵیدا چاوەڕوان بووین لانیکەم فۆرمێک لە پەروەردەی زمانی بۆ تەواوی باشووری کوردستان و تەنانەت پارچەکانی دیکەی کوردستان بەرهەم بهێنین، کەچی دەرکەوت دامەرزراوە بەناو ئەکادیمی و زمانناسی و کولتوورییەکان ناتوانن بۆ خۆیشیان ئەوە بکەن، ئێستا لە بواری پەروەردە و فێرکردندا لەو دوو دەڤەرەی بادینان و سۆران بە دوو زاری کرمانجی ژووروو و کرمانجی ژێری یان (بنزاری سۆرانی و بادینی) دەخوێنرێت، هەوڵێکیش هەیە بە زاری هەورامی لە دەڤەری هەورامان و هەڵەبجە بخوێنن)، من دەپرسم ئایا لە کوێی دنیادا هەبووە لە هەرێمێکدا بە سێ زاری زمانی نەتەوەیەک و بۆ هەر ناوچەیەک پێویستە و بڕیارێکی سیاسی هەیە بخوێنرێت و بنووسرێت، تکایە نموونەیەکم بۆ بهێننەوە؟

کۆنفرانسی زمانی کوردی لە دامەزراوە گەشتییارەکاندا
زمانی کوردی زمانێکی فەرمییە لەسەرجەم دامەزراوە حکوومی و مەدەنییەکاندا لە هەرێمی کوردستاندا، بەداخەوە ئەمڕۆ دەبینین لە تەواوی شار و شارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستاندا، وەکو پێویست و زمانێکی فەرمی مامەڵەی لەگەڵدا ناکرێت، نووسینی تابلۆی شوێنە بازرگانییەکان، هوتێل و چێشتخانەکان، مینووکانیان بە زمانی بیانین(عەرەبی و ئینگلیزی)ن، تەنانەت کارگەکانیش کەتالۆگی بەرھەمەکانیان زیاتر ھەر بە زمانە بیانییەکانە، ئەمەش تەواو کارێکی نایاساییە و دژی بڕیار و یاساکانی دەستووری عیراقی فیدرال و پەرلەمانی هەرێمی کوردستانە، هەر تابلۆیەکی بینراو، کە بەکاردێت وەک هێمایەک، یان دەقێک بۆ گەیاندنی پەیامێک یان زانیارییەک بە بینەران، تابلۆیەکان زمانێکی بینراون، کە ڕەنگدانەوەی ناسنامەی کولتووریی گەلەکەمانن، ڕاستەوخۆ ڕۆڵێکی گرنگیان هەیە لە پەیوەندی بینراودا و تەنها ئامرازێکی ڕیکلام و پرۆپاگەندە، یان ڕێنمایی نین، بەڵکو زمانێکی بینراون کە ناسنامەی کولتووری کۆمەڵگەی ئێمەی کوردەواری تێدا ڕەنگ دەداتەوە و بەشێکی جەوهەری دیمەنی شارەکان پێکدەهێنن. نووسینی سەر تابلۆیەکان لە جۆر و ئەرکەکانیاندا جیاوازن، هەندێکیان نیشانەی بازرگانین، کە ئامانجیان بەرەو پێشبردنی بەرهەم و خزمەتگوزارییەکانە.
تابلۆیەکان پێویستن بۆ ئاسانکاری هاتوچۆی خەڵک و پێدانی زانیاری پێویست بە خەڵک، بەڵام دیسان هەر بە زمانی کوردی نین، سەبارەت بە نیشانە کولتوورییەکانیش، ڕەنگدانەوەی بەها و بیروباوەڕ و نەریتەکانی کۆمەڵگەن، بەشدارن لە پاراستنی ناسنامەی کولتووری و گواستنەوەیان بۆ نەوەکانی داهاتوومان، بایەخی نووسینی تابلۆیەکان بە زمانی کوردی، واتە تابلۆیەکان تەنها لە ئەرکە کردەییەکانیاندا سنووردار ناکرێن، بەڵکو ڕۆڵیان هەیە لە داڕشتنی وێنەی دەروونی لای خەڵک و بەهێزکردنی ناسنامەی کولتووریمان، بۆیەش پەنابردنە بەر زمانی بیانی و پەڕاوێزخستنی زمانی دایک، وێڕای ئەوەی جۆرێکە لە جینۆسایدی کەلتووری و تواندنەوەی زمانی نەتەوەییمان، هاوکات گەورەترین مەترسی و هەڕەشەیە لەسەر ئاساییشی زمان و دواتر ئاساییشی نەتەوەییماندا.

ئەرکی دامەزراوە حکومییەکان چییە؟
لە سۆنگەی هەستکردن بە بەرپرسیاریەتی مێژوویی، لە مانگی ئابی ساڵی ٢٠٢٢، دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان بە دەرکردنی فەرمانێکی رەسمی، سەرجەم شوێنە گەشتیارییەکانی پابەند کرد بە بەکارهێنانی زمانی کوردی وەک زمانی سەرەکی و یەکەم لەسەر تابلۆی ناوی شوێنەکان و خشتەی خزمەتگوزارییەکان و هەر پسوولەیەکی تر.
هاوکات بڕیاری سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ هەمان مەبەست تەواوی سێکتەرەکانی تری پابەند کردووە بە بەکارهێنانی زمانی کوردی لە پێناو بەرژەوندی گشتی و پاراستنی مافی دەستووریی زمانی کوردی و رێگەگرتن لە زیاتر کاڵبوونەوەی بەکارهێنانی زمانی کوردی لە ناوەندە بازرگانییەکان.
دەستەی گەشتوگوزار سوورە لەسەر جێبەجێکردنی بڕیاری بەکارهێنانی زمانی کوردی لە بنکە گەشتیارییەکان و هەموو هەوڵەکان خراونەتە گەڕ بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە و هەنگاوی باش بڕدراوە و لیژنەی تایبەتیش بۆ بەدواداچوونی شێوازی جێبەجێکردنی پێکهێنراوە و لێپێچینەوەی یاسایی دانراوە بۆ ئەو لایەنانەی کە پابەندی ئەم بڕیارە نابن.
لە رۆژی ٢٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٥ لە شاری سلێمانی کۆنفرانسی زمانی کوردی لە دامەزراوە گەشتیارییەکان بە بەشداری دەستەبژێرێک لە زمانناسان و یاساناسان بەڕێوەدەچێت، جێی شانازییە کە چالاکییەکە لەسەر ئەرکی کەسایەتی دڵسۆز بەڕێز دکتور تەها ڕەسووڵ و هاوکاری خاتوو ئەمەل جەلال بەڕێوەدەچێت. پەراوێز خستنی زمانی كوردی لە دیمەنی زمانیی كەرتی گەشتیاری و بازڕگانی لە شارەکانی کوردستاندا، هێمای بازرگانی و ناولێنان له‌ تابلۆی شوێنكاردا، سیاسەت و پلانى زمانى لە بۆتەى یاساى زمان و ڕۆڵیان لە پاراستنى پێگەى زمانى کوردیدا، هەژموونی زمانی و کاریگەری کولتووری تابلۆکانی نێو شاری کەرکوک به‌ نموونە، کێشەکانی زمانی کوردی لەنووسینی تابلۆی شوێنە گەشتیارییەکان، ڕۆڵی یاسا لە پاراستن و پێشخستنی زمانی کوردیدا، یاسای پاراستنی زمانی کوردی، ئاستەنگەکانی بەردەم جێبەجێکردنی یاسای زمانە فەرمییەکان لە هەرێمی کوردستان و پرسی زمان و نووسینی کوردی لەبەر ڕۆشنایی ئاسایشی نەتەوەییدا” قۆناغەکانی دەرچواندن و ئالنگارییەکانی جێبەجێکردنی یاسای زمانە فەرمییەکانی عێراقی، ژمارە(٧)ی ساڵی٢٠١٤. مژاری سەرەکی کۆنفرانسەکەمانن.
هیوادارین لەم کۆنفرانسەدا بە پێشکەشکردنی توێژینەوەی ئەو زمانناس و قانوونناسانە بگەین بە ئەنجامێک بۆ چارەسەری دیاردەی قێزەونی دیمەنی شارو شارۆچکەکانی کوردستان کە زۆرینەی نووسراوی تابلۆیەکانی شوێنە بازرگانی و گەشتییارەکان، بەداخەوە هێشتا هەر بە زمانەکانی عەرەبی و ئینگلیزین، یان بە کوردییەکی سەقەت و پر لە هەڵەی ڕێنووس و زمانەوانی نووسراون، کە زۆرجار دەبنە مایەی گاڵتجاری نەوەیەک کە نامۆیە بە زمانی دایک.
لەم کۆنفرانسەدا پێشنیار و ڕاسپاردەکان دەخرێنە بەردەم لایەنی بەرپرس لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و تا بەزووترین کات کاری پێویستی لەسەر بکەن و سەرپێچکارانیش بە پێی یاسای زمانە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستاندا سزا بدرێن.
ئیدی کاتی ئەوە هاتووە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ ئەو کێشەیە بکات و زمانی شیرینی کوردی بکاتە زمانی سەرجەم کایە بازرگانی و گەشتوگوزارییەکان، هەر کەسێکیش، یان دەزگایەک، هوتێل، تەنانەت ڕیستۆرانتێکیش سەرپێچی کرد، ڕووبەڕووی سزای یاسایی بکرێتەوە، بێگومان ئەگەر یاسا سەروەر بێت.
*هەر بۆ وەبیرهێنانەوە لە ڕۆژانی ١٦و ١٧ جۆزەردانی ٢٠٢١ یەکەم کۆنفرانسی گۆڤارەکەمان گۆڤاری زمانناسیی زمان و زار بە ناونیشانی (زمانی کوردی لە دامەزراوە دادگەرییەکان) بوو، لە شاری سلیمانی و بەهاوئاهەنگی لەگەڵ کۆمەڵگەی پەروەردەیی مارگرێت، کە دەستەبژێڕێک لە زمانناسان و یاساناسان لە هەر چوارپارچەی کوردستاندا بە توێژینەوەکانیان بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەشدارییەکی گەرم و گوڕیان کرد، سەرەنجامیش ڕاسپاردەکانی کۆنفرانس، دوای ساڵ و نیوێک وەزارەتی دادی هەرێمی کوردستانی هاتە سەر خەت و ناچاری کردن بڕیار بدات لە بە فەرمیکردنی زمانی کوردی لە تەواوی دامەزراوە دادگەرییەکانی هەرێمی کوردستاندا، بەتایبەتیش لە دادگایەکاندا، ساڵی دواتریش لە گوڵانی ٢٠٢٢ کۆنفرانسی دووەمی زمانی کوردی و پرسی زمانی ستانداردبوو، لە بەهاری ٢٠٢٤یش کۆنفرانسی سێیەمی زمان و پرسی زار و بنزارە کوردییەکان بەڕێوەچوو.

* سەرپەرشتیاری کۆنفرانسی زمانی کوردی لە دامەزراوە گەشتیارییەکان،
کە لە رۆژی ٢٦ی جۆزەردانی ٢٠٢٥ لە شاری سلێمانی بەڕێوە دەچێت.