رۆژنامەی ھەولێر

ئافرەت و کۆمەڵگەی مەدەنی

بێستوون ساڵەیی
کۆمەڵگەیەکی مەدەنی کاتێک دەتوانێت بە شێوەیەکی کاریگەر نوێنەرایەتیی پێداویستی و کێشەکانی کۆمەڵگە بکات کە دەنگ و توانای هەموو پێکهاتەکانی تێدا ڕەنگ بداتەوە. لەم چوارچێوەیەدا، بەشداریی ئافرەتان تەنها مافێکی کۆمەڵایەتی نییە، بەڵکو یەکێکە لە بنەما گرنگەکانی دادپەروەری، نوێنەرایەتی و پەرەپێدانی کاری ڕێکخراوەیی.
بەشداریی ئافرەتان لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی مێژوویەکەی نوێ نییە. بە تێپەڕبوونی کات ئەم بەشدارییە لە داواکاریی مافە سەرەتاییەکانەوە فراوانتر بوو و بوارەکانی پەروەردە، تەندروستی، مافی مرۆڤ، ئاشتی، ژینگە و گەشەپێدانی کۆمەڵگەی گرتەوە. بەم شێوەیە، ڕۆڵی ئافرەتان تەنها لە دەربڕینی داواکارییەکاندا کورت نەماوەتەوە، بەڵکو بوارەکانی بەشداری، بەڕێوەبردن و بڕیاردانیشی گرتووەتەوە.
لە کۆمەڵگەی کوردەواری خۆمانیشدا، ئافرەتان لە بوارەکانی خوێندن، ڕۆشنبیری، کارە کۆمەڵایەتییەکان و تێکۆشان بۆ ماف و ئازادی بەشدارییان مێژوویەکی درەوشاوەیان هەیە. ئەم بەشدارییە نیشان دەدات کە ئافرەتان دەتوانن بە ئەزموون، توانایی و دیدگای خۆیان بەشداری لە چارەسەرکردنی کێشەکانی کۆمەڵگە و پەرەپێدانی کاری ڕێکخراوەییدا بکەن.
لە ڕێکخراوێکانی سەردەمی ئێستادا، بەشداریی ئافرەتان نابێت تەنها بە ژمارەی ئەندامان یان ئامادەبوونیان لە چالاکییەکاندا بپێورێت. بەڵکو پێوەری ڕاستەقینەی بەشداری ئەوەیە کە تا چەند دەرفەتیان پێ دڵدرێت دەنگی خۆیان بگەیەنن، لە بڕیارداندا بەشدار بن، بەرپرسیاریەتی وەربگرن و تواناکانیان لە خزمەت ئامانجە هاوبەشەکاندا بەکاربهێنن. چونکە بوونی ناوی ئافرەت لە لیستی ئەنداماندا بە تەنها بەڵگەی بەشداریی کاریگەر نییە بەڵکو بەشداریی ڕاستەقینە کاتێک دەستەبەر دەبێت کە دەرفەتی کاریگەریدانان لەسەر بڕیار و ئاراستەی کارەکانیشی هەبێت.
ئەمڕۆ ڕۆڵی ئافرەتان لە کۆمەڵگەی مەدەنی سنووری بابەتە تایبەتەکانی ئافرەتانی تێپەڕاندووە، لە بوارەکانی ڕاگەیاندن، ژینگە، پەروەردە، مافی مرۆڤ، پەرەپێدانی کۆمەڵگە و بەڕێوەبردندا، ئافرەتان توانیویانە بێجگە لە ئەندامبوون، وەکو بەڕێوەبەر، بڕیاردەر و سەرکردە ڕۆڵ ببینن. بۆیە کۆمەڵگە لە تێڕوانیندا بەشداریی ئافرەتان تەنها بە پێی ئەو بابەتانە هەڵنەسەنگێنن کە بە ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە ئافرەتبوونەوە هەیە، بەڵکو توانایی و لێهاتووییەکانیان لە هەموو بوارەکانی کاری ڕێکخراوەییدا لەبەر چاو بگرن.
لە کۆمەڵگەی کوردیدا، ئەم بابەتە گرنگییەکی تایبەتی خۆی هەیە، چونکە بەشداریی ئافرەتان تەنها خزمەتکردن بە ئافرەتان نییە، بەڵکو بەشدارییە لە پەرەپێدان و پێشکەوتنی هەموو کۆمەڵگە.
ڕێکخراوێک کە بەشێک لە تواناکان و دیدگا جیاوازەکانی کۆمەڵگە لە بڕیاردان و بەڕێوەبردندا بەکار نەهێنێت، دەرفەتێکی گرنگی بۆ فێربوون، نوێبوونەوە و پەرەپێدان لەدەست دەدات. بۆیە، بەشداریی ئافرەتان لە هەر سێکتەرکدا نابێت وەک پابەندبوونێکی فۆڕمی یان تەواوکردنی ژمارەیەک لە پێکهاتەی ڕێکخراوەک سەیر بکرێت، بەڵکو دەبێت ببێتە بەشێکی بنەڕەتی لە فەلسەفە و شێوازی کارکردنی هەر ڕێکخراوەێک یاخود هەر دامودەزگایەک.
بەشداریی ئافرەتان لە کۆمەڵگەی مەدەنی تەنها بابەتێک سەبارەت بە ماف و نوێنەرایەتی نییە، بەڵکو پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە کوالێتیی کار، نوێبوونەوە و توانای ڕێکخراوەکانەوە هەیە. ڕێکخراوێک کە دەرفەت بۆ بەشداریی کاریگەر و گەیشتن بە سەرکردایەتی بۆ ئافرەتان دەڕەخسێنێت، مانای وایە بوار بۆ بەکارهێنانی توانای زیاتر و فراوانکردنی دیدگای خۆی دەڕەخسێنێت.