ئاگری بێ دووكەڵ

حەمەسەعید حەسەن

ســـتێفان زڤایگ (1881 – 1942) (کە وەک خۆی دەڵێـــت: بەڕێككەوت جوو بووە، وەک چۆن ئێمەیش هەر بە ڕێکەوت موســـوڵمانین، ئاخر خۆ کەس ئایینی خۆی هەڵنەبژاردووە، هەموومان هەر جوگرافیا بۆی دیاری کردووین، یان بە میراتی بۆمان ماوەتەوە،) لە نەمسا لە دایک بووە، یەکێکە لە نووسەرە دیارەکانی ئەورووپـــا و زیاتر بەوە ناســـراوە لێکۆڵینەوەی لەبارەی نووســـەرە مەزنەکانـــی ئەورووپاوە کردووە، ئەو نووسەرانەی خۆی گوتەنی: “دونیایان بنیات ناوە،” لە چەشنی: تۆلستۆی، دەستۆیفسکی، بەلزاک و دیکنز.
لەبارەی دەستۆیفسکییەوە دەڵێت: “دەبێت بەوپەڕی قووڵاییدا ڕۆ بچین و بە گەلێک ونگەدا تێپەڕ ببین، تا بە کەسایەتیی ئەو مەزنە ئاشنا ببین. لای ئەو شوێنێک نییە ناوی بەهەشت بێت، ئەوەی هەیە دەکەوێتە نێوان دۆزەخ و بەهەشـــتەوە و ئینســـانی ستەمدیدە لە کەسی لووتبڵند واقیعبینترە.” سەبارەت بە بەلزاک دەبێژێت: ” بۆ هەموو خوێنەرێکی دەنووســـی لە هەر کوێ بـــن، لەڕێی (کۆمێدیای مرۆڤایەتی)یەکەیەوە، دنیای یەک خســـت.” لەبارەی چارڵز دیکنزەوە کە ڕاســـتگۆیانە کۆمەڵی ئینگلیزی لە ســـەردەمی شاژنە ڤیکتۆریادا بەســـەر کردووەتەوە، دەڵێت: “ئەوەندەی ئینگلیز لە سەروەختی ژیانیدا ڕێزیان لەو ناوە، هیچ گەلێک ئەوەندە ڕێزی لە نووســـەری خۆی نەناوە.” لەســـەر هاینریش ڤۆن کلایســـت و هۆڵدرلین و نیتشە دەبێژێت: “پێوەندییان بە سەردەمی خۆیانەوە نەبوو، نەوەکەی خۆیان لێیان تێنەگەیشتن، وەک ئەستێرەی
کشاو وابوون، ماوەیەکی کەم درەوشانەوە و سووتان.”
ستێفان زڤایگ کە بە زمانێکی شیعری باسی حیکمەتی دەکرد، شانۆنامە و ڕۆمانیشی دەنووسی، یەکێک لە یازدە ڕۆمانەکەی ناو ناوە: (سەرلێشـــێوانی هەستەکان،) کە ئەحلام موستەغانەمی، ناوی ڕۆمانێکی خۆی ناوە: فوضی الحواس، لە ناوی ئەو ڕۆمانەی ئەوی خواســـتووە، بەبێ ئەوەی باســـی ئەو خواستنە بکات. ســـتێفان زڤایگ کە خەونی بەوەوە دەبینی، ئەورووپا یەک بگرێت و ئاشـــتی دنیا بگرێتەوە، چونکە دوو جەنگی دنیاگرەوەی دیتبوو، چونکە هیتلەر وڵاتەکەی داگیر کردبوو، لە 22ی فێبریوەریی 1942دا، خۆی و هاوژینەکەی، لە مەنفا (بەرازیل) بە دووقۆڵی خۆیان دەکوژن. بریا سێ ساڵێکی دیکە، بەرگەی نائومێدیی گرتبا، تا هەرەسی فاشیزم و نازیزمی دیتبا. بەر لە خۆکوژی، بەرلەوەی خۆی و هاوژینەکەی یەکی چنگێک حەبی خەو بخۆن و دەســـت بکەنە ملی یەکتری، ســـەد و نەوەد کورتەنامەی ماڵئاوایی بۆ ناســـیاوەکانی نووسیبوو کە یەکێکیان بۆ هاوژینی یەکەمی بوو، تێیدا گوتبووی: “لە دوا ساتەکانی ژیانمدا ئەم نامەیەت
بۆ دەنووسم، قەت بڕوا ناکەیت هەست بە چ بەختەوەرییەک دەکەم کە بڕیاری خۆکوشتنم داوە.”
لە نامەیەکی دیکەیدا دەڵێت: (ئەو دنیایەی خۆشمان دەویست، بەبێ گەڕانەوە بزربوو، ئەوەی لە داهاتوودا دێت بەرگەی ناگرین. بە کەڵکی چی دێت، ئینســـان درێژە بە ژیانێکی خەمناک بدات؟) دنیای دوێنێ، دوا ڕۆمانی ئەوە کە تێیدا بەدەم وەســـفی شاعیرانەی شوێنەوە، باسی شکستی عەقڵ و وێرانبوونی دەروون و خەونی کوژراو دەکات. لەکن ســـتێفان زڤایگ کە بەرانبەر هەموو وشـــەیەکی بەرپرسیار بوو، کە لە خەمی نەوەکانی داهاتوودا بوو، (ئینســـانی نموونەیی کەســـێکە، لە هەموو هەلومەرجێکدا ئەســـتۆی بە پاکژی دەهێڵێتەوە و با هەموو مافەکانیشـــی زەوت بکرێن، هەر بە داهێنانەوە خەریک دەبێت و دەســـتبەرداری
بەخشندەیی نابێت.)
تۆماس مان لەبارەی خۆکوشتنەکەیەوە گوتبووی: “خۆپەرست بوو، بێجگە لە خۆی بیری لە کەسی دیکە نەکردبووەوە، بۆیە خۆی کوشت، ئاخر دەیزانی هەموو نووسەرانی ئەڵمان کە هیتلەر ئاوارەی کردوون، لە کوێرەوەریدا دەژین و وێڵی پەیداکردنی پاروویەک نانن، ئەو کە لە چاو ئێمەدا، پاشـــایانە دەژیا، نەدەبوو خۆی بکوژێت.” ســـتێفان زڤایگ دەیگوت: “ئەوانەی دنیا بنیات دەنێن، نە پاشـــا و قەیســـەرن، نە میر و والی و ســـەرۆکی دەوڵەت، بەڵکوو نووســـەران و هونەرمەندانن، کە لەپێنـــاوی بەدیهێنانی خەونەکانیاندا دەجەنگن و هەموو توانیان لە خزمەتی ئینساندا وەگەڕ دەخەن. ئەوان بۆ ئاشتی خەبات دەکەن، نە شەڕ
هەڵدەگیرسێنن، نە خوێنی کەس دەڕێژن.

ھەواڵی زیاتر