رۆژنامەی ھەولێر

پەنجەرەیەک بەرەو هۆشیاری و دیالۆگی ڕاستەقینە

سه‌هه‌ند كۆیی
زۆرجار ژیان وەک ڕووبارێکی بێوەستان تێپەڕ دەبێت، ئێمەش وەک سەرنشینێکی ماندوو لەسەر یەک كەنار وەستاوین و تەماشای ئەم لێشاوانە دەکەین. زۆربەی کاتەکان، چاوەکانمان تەنها ئەوە دەبینن کە لەبەردەمماندایە؛ ڕووکەشی ڕووداوەکان، دەنگە بەرزەکان و ئەو واقیعە باوەی کە بێ ئەوەی پرسیاری لەبارەوە بکەین قبووڵی دەکەین. بەڵام ئایا ژیان تەنها دووبارەکردنەوەی ڕۆژەکانە؟ بێگومان نەخێر، چونكه‌ قەڵەم کاتێک زیندوو دەبێت کە لەم خولگە ئاساییە دەربچێت و پرسیار بکات. لەبەر ئەوەی لەپشت هەر دیاردەیەکی ئاساییەوە، حەقیقەتێکی شاراوە هەیە کە چاوەکانمان نایبینن. هه‌ر بۆیه‌ ئەگەر مرۆڤ تەنها بە ڕووکەشی ژیان ڕازی بێت، ئەوا لە قووڵایی مانا و په‌ناگەی تێڕامان دوور دەکەوێتەوە. کەواتە، پێویستە جارێکی تر بگەڕێینەوە و سەیری تاریکییەکانی ناو هزری خۆمان بکەین و هەنگاو بنێین بۆ گەڕان بەدوای مانادا؛ کە خۆی لە خۆیدا ئەو هێزەیە مرۆڤ لە ئاستی ئاساییبوونەوە بەرەو لوتکەی هۆشیاری بەرز دەکاتەوە. بەڵام ئایا مرۆڤ تەنها بۆ ئەوە دروست بووە کە لەسەر یەک کەنار بمێنێتەوە و لە هەمان ئاراستەدا بیر بکاتەوە؟ «کەناری دووەم» دەروازەیەکە بۆ بیرکردنەوەی جیاواز؛ تا شتەکان بە هەمان تێڕوانینی باو نەبینین. ئەم گۆشەیە ناوەندێکە بۆ ئاڕاستەکردنی پرسیار و هەڵسەنگاندنی بابەتی جۆراوجۆر. شوێنێکە بۆ تێپەڕاندنی بیرۆکە نەریتەییەکان و بینینی دیوی نادیاری هەر ڕووداوێک؛ لەبەر ئەوەی ئێمە وەڵامی ئامادەکراو پێشکەش ناکەین، بەڵکو دەرگای پرسیاری نوێ دەکەینەوە؛ تا تیشک بخەینە سەر ئەو بابەتانەی کە کەمتر قسەیان لەسەر دەکرێت، تا پێکەوە ڕاستەقینەتر لە واقیعی ژیان تێبگەین.

ئامانجی ئەم گۆشەیە چییە؟
سەرنجی سەرەکیی: (کەناری دووەم)، سنوردارکردنی نووسین نییە لە چوارچێوەیەکی تەسکی یەک بابەتدا؛ بەڵکو دەروازەیەکە بەڕووی تەواوی ئەو پرسیارانەی مرۆڤی سەردەم پێیانەوە سەرقاڵە. لێرەدا دەکرێت باسی دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی، ڕەهەندێکی فیکری، پرسێکی فەرهەنگی، وێنایەکی ئەدەبی، یان تەنانەت کەشێکی تەنیایی لەگەڵ کتێب و ژیاندا بکرێت. تا لەم ڕێگەیەوە بەردەوام پەنجەرەیەکی نوێ بەڕووی تێڕوانینی خوێنەردا بکەینەوە و لە گۆشەنیگایەکی جیاوازەوە سەیری دەوروبەرمان بکەین. لێرەدا ئاسۆی بیرکردنەوە ئاوەڵایە و تەواوی لایەنەکانی ژیان شایستەی سەرنجدانن. لەم نێوەندەشدا، ئەم دەقانە دەبنە پردێک لە نێوان ئەدەبیاتی بەرز و کێشە ڕۆژانەکاندا. دواجار، مەبەستی بنەڕەتی دروستکردنی کلتوورێکی هزرییە کە تێیدا خوێنەر بێتە هاوبەشێکی کاریگەری ناوەڕۆکەکە. بە جۆرێک دەوڵەمەندیی بابەتەکان .ئاماژەیە بۆ فرەوانکردنی تێڕامان و دەرخەری ئەو ڕاستییەی کە ژیان لە یەک ڕەنگدا کورت نابێتەوە. هه‌ر له‌م پێناوه‌شدا، لەگەڵ هەر نووسینێکدا دەمانەوێت ڕووبەرێکی نوێی مەعریفی بخەینە ڕوو، تا ڕووناکبیری بە هەموو سوچێکی کۆمەڵگەدا بڵاو بکاتەوە.

بۆچی لەم سەردەمەدا: «کەناری دووەم» پێویستە؟
لە سەردەمێکدا کە خێرایی باڵادەستەو کات بۆ ڕامان کەم بووەتەوە، مرۆڤ پێویستی بە وێستگەیەکە تێیدا ڕابوەستێت، هەناسەیەک هەڵکێشێت و بەوردی لە ناوەرۆکی کێشە و دیاردەکان بڕوانێت. «کەناری دووەم» دەبێتە پردێک لە نێوان خوێنەر و ئەو بابەتانەی لە ژیانی ڕۆژانەدا فەرامۆش کراون، یان بە بێ تێڕامان و بە شێوەیەکی ڕووکەشانە لێیان ڕوانیومانە. هاوکات ده‌بێته‌ ڕووبەرێک بۆ گفتوگۆی ئازادانەی هزری و گەڕان بەدوای مانادا؛ له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌، ده‌بێته‌ ڕوویەکی هێمن لە بەرامبەر شەپۆلی سادەبینیی فیکریدا. بە تایبەت لە سه‌رده‌می کورتە ڤیدیۆ و دەنگوباسە تێپەڕەکاندا، ژیریی مرۆڤ پێویستی بە دەرفەتێک بۆ تێڕامان و گوتارێکی بەپێز هەیە. ئەم بەرهەمە ڕێزگرتنە لە بەرپرسیاریەتیی دەق، تا لەناو ژاوەژاوی ڕووداوەکاندا، ڕەسەنایەتی بۆ وشەکان بگێڕێتەوە. ئەویش لە دنیایەکدا کە بەهای نووسین کاڵ دەبێتەوە، ئەم ناوەندە دەبێتە پارێزەری هۆشیاری و ئاوێنەی بێدەنگیی مرۆڤی تێگەیشتوو. لێرەدا دەرفەتێک بۆ دیالۆگی ڕاستەقینە دروست دەبێت، چونکە پەیامی مێژوویی ڕۆژنامەگەری بەو نووسینانەوە بەندە کە بێلایەنانە ڕاستییەکان دەردەخەن.

دەروازەیەک بەرەو دیدگایەکی نوێ
لێرەبەدوا، لەم ئەدرەسە نوێیەدا هەفتانە چاوەڕێی دیدگایەکی جیاواز بن. ئێمە لێرەدا پێکەوە لەسەر یەک کەنار ناوەستین، بەڵکو بەردەوام بە قەڵەمێک و لە ڕوانگەیەکی نەبینراوەوە، سەرنشینی بەلەمی گەڕان دەبین بەناو دونیای فیکر، ئەدەب و کۆمەڵگەدا. ئامێزی ئەم ناوەندە هەمیشە بەڕووی تێفکرێن و سەرنجی کراوەی ئێوەدا واڵایە، تا لە «کەناری دووەم»ـەوە ژیان بە شێوازێکی قووڵتر ببینین. ئەم پەنجەرەیە هەمیشە دەرفەتێکە بۆ ڕەخنە، پێشنیار و ئەو تێڕوانینانەی کە لای ئێوەش هەن؛ چونکە نووسەر تەنها نیوەی مانا دەنووسێت، نیوەکەی تری لە خەیاڵی خوێنەردا ڕەنگ دەگرێت. با ئەم کەنارە بكه‌ینه‌ خاڵێكی کۆبوونەوەی هەمیشەیی بۆ ئەوانەی بەدوای ڕاستی و جوانیی ماناکاندا دەگەڕێن. چاودێری بەرهەمە تازەکانمان بن؛ چونکە لە هەر ژمارەیەکدا ئاسۆیەکی نوێ و دەقێکی جیاواز دێتە بەرهەم. هه‌ر بۆیه‌، پەیوەندیی ئێمە و ئێوە هاوبەشییەکی زیندوو و بەردەوام دەبێت لەسەر بنەمای بەشداریی ڕوحی و فکری؛ كه‌واته‌ با پێکەوە ئەم ڕێڕەوە مەعریفییە ببەینە پێش؛ چونکە ئەم ناوە تەنها ڕوانگەیەکە بۆ تێپەڕاندنی بێدەنگی. ئێمە دێڕی یەکەم دەستپێدەکەین و پانتایی دەقەکە بۆ دەنگ و خوێندنەوەی ئێوە کراوە دەهێڵینەوە؛ چونکە هیچ نووسینێک بێ ئامادەییی زەینیی ئێوە، ناگاتە کامڵبوون.