رۆژنامەی ھەولێر

سه‌رۆک نێچیرڤان بارزانی: سامانی ڕاستەقینە؛ عەقڵ و دەستپێشخەریی گەنجانە

ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 10/10/2026، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بەشداریی لە ڕێوڕەسمی دەرچوونی خولی پازدەی زانكۆی ئەمەریكی لە عێراق ـ سلێمانی كرد كە هەریەك لە بەڕێزان قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان و ژمارەیەك لە میوانان و خێزان و که‌سوکاری ده‌رچووان، ئاماده‌ی بوون.

لە ڕێوڕەسمەكەدا سەرۆك نێچیرڤان بارزانی وتارێكی پێشكەش كرد، ئەمە دەقەكەیەتی:

به‌ڕێز كاكە قوباد تاڵه‌بانى،
جێگرى سه‌رۆكوه‌زيرانی هه‌رێمى كوردستان،

دەرچووانی ئازیز،

دایکوباوک و خێزانی بەڕێزی دەرچووان،

بەڕێز سەرۆکی زانکۆ و مامۆستایانی هێژا،

ئێلێنا خان، كە لە واشنتنەوە هاتووە بۆ بەشداری لەگەڵمان بە خێر بێت،

هەروەها بەخێرهاتنێكی تایبەتی نوێنەری سەرۆكوەزیرانی عێراق، عەلی زەیدی دەكەم كە ئەمڕۆ لەگەڵمانە و تەشریفی لە بەغداوە هێناوە، بە خێر بێن.

دەمەوێ به‌رله‌ دەستپێكردنی قسەكانم بەخێرهاتنی برایەكی خۆشەویست بكەم كە ئەمڕۆ لێرە ئەویش هاتووە و بەشدارە، كاك عومەر فەتاح، زۆر بە خێر بێی كاك عومەر. ئێمە لەگەڵ كاك عومەر كە كابینەی حكوومەت یەكی گرتەوە، پێكەوە كارمان كردووە و بەڕاستی ئەو كاتەش گوتوومە و ئێستاش دەیڵێم، كاك عومەر یەكێك لەو كەسانە بووە كە بۆ من زۆر زۆر جێی ڕێز و شانازی بووە بەوەی كە پێكەوە لەگەڵی كارم كردووە و زۆر خۆشحاڵم كە ئەمڕۆ دەیبینم بە تەندروستییەكی باش. بە خێر بێیت كاك عومەر، زۆر سوپاس بۆ هەموو ئەو كارانەی كە لە كوردستان كردووتە. زۆر زۆر سوپاس، بەڕاستی جێگەت دیارە و حەز دەكەم بزانیت و هەمیشە یادت دەكەین و هەمیشە باسی ئەو ڕۆژانە دەكەین، بە خێر بێی.

خۆشحاڵم کە ئه‌م ئێواره‌يه‌ له‌ ڕێوڕه‌سمى دەرچوونی خولی پازدەی زانکۆی ئەمه‌ریکی لە عێراق ـ سلێمانی پێكه‌وه‌ين و بەشداری لە خۆشیی دەرچوونی (٢٨٨) گەنجى وڵاتدا ده‌كه‌ين.

لە دڵەوە پیرۆزبایی لە هەمووتان دەکەم. پیرۆزبایی لە دایکوباوک و خێزانەکانتان دەکەم کە هەمیشە پشتیوانتان بوون، لە مامۆستایانتان، لە زانکۆکەتان و لە هەموو ئەوانەی لەم سەرکەوتنەدا لەگەڵ ئێوە بەشدار بوون.

دەرچووانی ئازیز،

هەر نەوەیەک ئاڵنگاری و بەرپرسیاریەتیی خۆی بەرامبەر بە سەردەم و وڵاتەکەی هەیە. نەوەی ئێمە لە قۆناغێکدا ژیا کە گەورەترین ئاڵنگاری تيایدا پاراستنی کوردستان، ناسنامه‌، خەبات لەپێناو ئازادی، بنیاتنانەوەی ئەوەی شەڕەکان وێرانیان کردبوو، دامەزراندنی دامەزراوەکان و کردنەوەی دەرگاکانی وڵات بوو بەڕووی جیهاندا.

بەڵام ئێوە لە قۆناغێکی جیاوازدان و لەبەردەم پرسیاری نوێدان:

چۆن ئابوورییەکی بەرهەمهێنەر بنیات بنێین کە دەرفەت بۆ گەنجان بڕەخسێنێت؟

چۆن هه‌ڵه‌كان ڕاست بكه‌ينه‌وه‌ و دامەزراوەکانمان باشتر و کاراتر بکەین؟

چۆن سوود لە تەکنەلۆژیا وەربگرین بێ ئەوەی بەها مرۆیییەکانمان لەدەست بدەین؟

هەروەها عێراق و هەرێمی کوردستان چۆن دەتوانن لە جیهانێکدا کە بە خێرایی دەگۆڕێت، ڕکابەری بکەن و بەرەو پێشەوە بچن؟

ئەمانە پرسیارەکانی نەوەی ئێوەن و ئەو وەڵامانەی پێشکەشی دەکەن، بەشێکی سەرەکی دەبن لە نەخشاندنی داهاتووی وڵاتەکەمان.

ئەمڕۆ له‌ جيهانێكداين دەتوانن لە چەند خولەکێکدا دەستتان بەو زانیارییانە بگات کە لە ڕابردوودا بەدەستهێنانیان ڕۆژ و مانگی دەویست، بەڵام زۆریی زانیاری، مەرج نییە بە مانای قووڵیی زانین بێت.

لەبەر ئەوە، خاڵی جیاکەرەوه‌تان ئیتر تەنیا ئەوە نییە کێ زیاتر بزانێت، بەڵکوو ئەوەیە کە بزانێت چۆن بیر بکاتەوە؟ چۆن جیاوازی لەنێوان ڕاستی و بانگەشەدا و لەنێوان زانین و بۆچووندا بکات؟ چۆن پرسيار و پشكنين بكات پێش ئەوەی بڕیار یان حوکم بدات؟

ئەمەش، بە بڕوای من، لە گرنگترین ئەو بەهایانەیە کە دەبێت زانکۆ پێتان ببەخشێت: عەقڵێکی سەربەخۆ، ئازاد و ڕەخنەگر، عەقڵێک کە بوێرانه‌ و بێ سانسۆر‌ پرسیار دەکات و فێر دەبێت، لە هەمان کاتدا ئەو بوێرییەی هەیە کە پێداچوونەوە بە خۆیدا بکات و هەڵەکانیش ڕاست بکاتەوە.

دەرچووانی ئازیز،

ئەو بڕوانامەیەی ئەمڕۆ وەریدەگرن دەرگاتان بۆ دەکاتەوە، بەڵام ئەو ڕێگەیە دیاری ناکات کە دەیگرنەبەر. ئێوە خۆتان ڕێگەکەتان دیاری دەکەن.

مەهێڵن یەکەم پرسیارتان ئەوە بێت کە حکوومەت چیتان پێشکەش دەکات؟ بەڵکوو بپرسن: من خۆم دەتوانم چی پێشکەش بکەم؟ چ کێشەیەک هەیە کە دەتوانم چارەسەریان بۆ بدۆزمەوە؟ بە چ کار و پڕۆژەیەک دەتوانم دەرفەت بۆ خۆم و بۆ کەسانی دیکەش بڕەخسێنم؟

مانای ڕاستەقینەی هاووڵاتیبوونیش لێرەوە دەست پێ دەکات: نیشتمان بەوە گەورە نابێت کە چەند لێی وەردەگریت، بەڵکوو بەوە گەورە دەبێت کە چەند هاوبه‌شى ده‌كه‌يت له‌ بنياتنانی وڵاتەكەدا. داهاتوومان تەنیا بە سامانی سروشتی دیاری ناکرێت، سامانى ڕاسته‌قينه‌ نەوت و سامانی ژێرزەوی نييه‌، سامانی ڕاستەقینەی ئەمڕۆ، عەقڵ و دەستپێشخەریی ئێوەیە.

ئازیزان،

شتێکی گرنگی دیکەش هەیە کە لەم زانکۆیەدا فێری بوون و لەسەر بڕوانامەکانتان نەنووسراوە: ئێوە لە شار، ناوچە و کولتووری جیاوازەوە هاتوون. پێکەوە فێر بوون، پێکەوە کارتان کرد و یەکتریتان ناسی. ئەمە ئەو ئەزموونەیە کە عێراق زۆر پێویستی پێیەتی.

پێویست ناکات وەک یەک بین تا پێکەوە بژین و وڵات ئاوەدان بکەینەوە. جیاوازیی بیروبۆچوون نابێت ببێتە دابڕان. هێزی ئێمە لە فرەچەشنیدایە نەک لە هاوشێوەبووندا. عێراق و کوردستان پێویستییان بە نەوەیەکە کە فرەچەشنی بکاتە سەرچاوەی هێز و پردە بەهێزەکانی گفتوگۆ لەگەڵ بەرامبەرەکەیدا نەپچڕێنێت. ئەو پردانەی لێرە دروستتان کردووە لەگەڵ خۆتاندا بیانبەنە ناو ژیانی کرداری.

دەرچووانی ئازیز،

دەزانم زۆر لە گەنجانی ئەمڕۆ کاتێک دەڕواننە دەوروبەریان، بە نیگەرانییەوە لە داهاتوو دەڕوانن. بیر لە شەڕە بەردەوامەکان، مەترسییەکانی گۆڕانی ئاووهەوا و ئاڵنگارییەکانی ته‌كنه‌لۆژيا و (AI) دەکەنەوە. ئەم نیگەرانییانە مایەی تێگەیشتنە، بەڵام وەک هەمیشە گوتوومانە: پێشكه‌وتنى ته‌كنه‌لۆژى دەتوانێت زۆر وەڵاممان پێ بدات، بەڵام ناتوانێت ببێته‌ جێگره‌وه‌ى بڕیاری مرۆیی و نیشتمانیمان.

ئەزموونی گەلى كوردستان فێری کردووین کە واقیع، هەرچەندە سەختیش بێت، قەدەرێکی نەگۆڕ نییە. ڕۆژگارێک بەسەر ئەم نیشتمانەدا تێپەڕی کە تيایدا تەنیا بیرکردنەوە لەم قۆناغەی ئەمڕۆ؛ وەک خەیاڵ دەهاتە بەرچاو، بەڵام ژیان نەوەستا و گەلەکەمان لە فێربوون و بنیاتنان نەوەستان.

لەبەر ئەوە، داواتان لێ دەکەم واقیع وەک خۆی ببینن، بە هەموو سەختییەکانییەوە و بەردەوام باوەڕتان بە توانای خۆتان هەبێت بۆ گۆڕینی. ئەمەیە ئەو ئومێدەی پێویستمان پێیەتی، ئومێدێک کە کار، بەرپرسیاریەتی و دەستپێشخەریی لەگەڵدا بێت.

ناسنامەی خۆتان بپارێزن و هزرتان بە ڕووی جیهاندا واڵا بکەن. سەرکەوتنتان تەنیا بەوە حيساب مه‌كه‌ن کە بۆ خۆتانی بەدی دەهێنن، بەڵکوو بەوە حيسابى بكه‌ن کە چی دەخەنە سەر ژیانی خەڵک و پێشخستنی ئەم وڵاتە.

هیوادارم هه‌وڵ بده‌ن و به‌ جۆرێك كار بكه‌ن كه‌ ڕۆژێک بێت سەیری ئەم قۆناغە بکەن و بڵێن: نەوەی ئێمە تەنیا بەوەوە نەوەستاوە کە بۆی بەجێماوە، بەڵکوو دەرفەتی گەورەتری بۆ نەوەکانی دوای خۆی بەدی هێناوە.

هەر لێرەوە، لەم زانكۆیە و لەم شوێنەوە دەمەوێت سوپاس و دەستخۆشیم بۆ ڕۆڵ و ماندووبوونی برای بەڕێزم د. بەرهەم ساڵح، دامەزرێنەری ئەم زانکۆیە و هەوڵەکانی لەپێناو سەرخستنی ئەم ناوەندە ئەکادیمییەدا دووپات بکەمەوە.

جارێکی تر پیرۆزبایی لە ئێوە، لە خێزانه‌ سەربەرزەکانتان، لە مامۆستایانتان و لە سەرۆکایەتی و ستافى زانکۆی ئەمه‌ریکی لە عێراق ـ سلێمانی دەکەم.

هیوای داهاتوویەکی پڕ لە سەرکەوتن بۆ هەمووتان دەخوازم.

ئێوارەتان باش و بە خێر بێن،

زۆر سوپاس.