بە داخ و پەژارەیەکی قوڵەوە هەواڵی کۆچی دوایی لۆرد جێفری ئارچەرمان پێگەیشت؛ نووسەر و پەرلەمانتاری ناسراوی بەریتانی و دۆستێکی دێرین و دڵسۆزی گەلی کوردستان.
بە ناوی پارتی دیموکراتی کوردستان و مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوە، قوڵترین سەرەخۆشی و هاوخەمیی خۆمان ئاراستەی خێزان، کەسوکار، دۆستان و هاوکارانی لۆرد جێفری ئارچەر دەکەین.
گەلی کوردستان بە ڕێز و سوپاسگوزارییەکی تایبەتەوە یادی لۆرد ئارچەر دەکاتەوە، بەهۆی ئەو دۆستایەتی و هاوپشتییە دڵسۆزانەی کە لە یەکێک لە دژوارترین قۆناغەکانی مێژووی هاوچەرخی گەلەکەماندا پیشانی دا. لە کارەساتی مرۆیی ساڵی ١٩٩١دا، کاتێک سەدان هەزار خێزانی کورد ئاوارە بوون و ڕووبەڕووی بارودۆخێکی مرۆیی زۆر دژوار بوونەوە، لۆرد ئارچەر ناوبانگ و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی خۆی خستە خزمەتی ناساندنی مەینەتی و ئازارەکانی گەلی کوردستان و ڕاکێشانی سەرنجی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ ئەو کارەساتە.
لە ڕێگەی کەمپەینی Simple Truth Appeal و کۆنسێرتە گەورە نێودەوڵەتییەکەی Wembley Arena، ڕۆڵێکی گرنگی بینی لە کۆکردنەوەی پشتیوانی و هاوکاریی مرۆیی بۆ ئاوارەکانی کوردستان و گەیاندنی دەنگ و مەینەتییەکانی گەلی کورد بە ملیۆنان کەس لە سەرانسەری جیهان.
بەڵام پشتیوانیی لۆرد ئارچەر بۆ کوردستان تەنها لە چوارچێوەی هاوکاریی مرۆییدا نەمایەوە. ئەو سەردانی کوردستانی کرد و لە نزیکەوە شاهیدی بارودۆخ و مەینەتییەکانی گەلەکەمان بوو و پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ سەرکردایەتیی کوردستان دروست کرد. لە سەرەتای ساڵی ١٩٩٢دا، پەیامێکی سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی بەریتانیا، سەر جۆن مەیجەر، بۆ سەرۆک مەسعود بارزانی گەیاند و بەوەش بەشداریی لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لە نێوان سەرکردایەتیی کوردستان و کەسایەتی و بەرپرسانی باڵای سیاسیی شانشینی یەکگرتوو کرد. لە ساڵانی دواتریشدا، بەردەوام بوو لە پشتیوانی و بەرگریکردن لە ماف و داواکارییە ڕەواکانی گەلی کوردستان، لەوانەش لە ئەنجومەنی لۆردانی بەریتانیا.
گەلی کوردستان هەرگیز ئەو دۆستانە لەبیر ناکات کە لە دژوارترین و تاریکترین کاتەکاندا لە تەنیشتی وەستان. مرۆڤدۆستی، پشتیوانی و دۆستایەتیی دێرینی لۆرد جێفری ئارچەر بۆ گەلی کوردستان، وەک بەشێکی بەنرخ لە یادەوەریی هاوبەشی گەلەکەمان، هەمیشە بە زیندوویی دەمێنێتەوە.
لەو کاتە پڕ لە خەم و پەژارەیەدا، جارێکی تر قوڵترین هاوخەمی و سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی خێزان، کەسوکار و دۆستانی دەکەین.
پارتی دیموکراتی کوردستان
مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوە

