ماوەی چەند ڕۆژێکە بازاڕی دینار شڵەژاوە و بەهاکەی بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی ڕووی لە دابەزین کردووە، نرخی ئێستای دینار نزمترین بەهایە کە لەسەرەتای ئەمساڵەوە تۆمار کرابێت.
دوێنێ بەهای هەر سەد دۆلار لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان گەیشتە سەرووی سەد و شەست و دوو هەزار دینار ئەمەش شۆکێکی نوێی بە بازاڕەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بەخشی.
داشکانی بەهای دینار بووەتە نانەوەی دڵەراوکێ و نیگەرانی لە نێو کاسبکاران و بازرگانان و خەڵکی هەرێمی کوردستان و تەواوی عێراق.
کۆمەڵێک هۆکار کاریگەرییان لەسەر دابەزینی بەهای دینار هەبووە کە گرنگترینیان پەیوەندی بە دۆخی سیاسی و ئاسۆی سەقامگیریی عێراق لەسەرجەم کەرتەکاندا هەیە.
عێراق بە تایبەتی لە دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ٣٠ ئەیلوول لە جۆرێک ناسەقامگیری دایە، هەر چەندە ڕووداوی گەورەی نەخوازراو ڕووی نەداوە و بە ڕواڵەت هەموو شتێک کۆنترۆڵ کراوە و سەروەریی تەواوەتی بۆ عێراق گەڕاوەتەوە بەڵام لە ڕاستیدا ئەو دڵنیاییە لە شەقام ڕەنگی نەداوەتەوە و خەڵک لە داهاتووی دۆخی سیاسی و ئابووری نیگەرانن و ئەو ترسە هەیە جارێکی دیکە گرووپی تیرۆریستیی داعش یان هەر گرووپێکی دیکەی مەترسیدار لە ژێر ناوی نوێ سەرهەڵبدات و قۆناغێکی نوێی نائارامی لە عێراق بهێنێتە کایەوە.
هۆکاری دووەم کە کاریگەری لەسەر دابەزاندنی بەهای دینار هەبووە ئەو هەوڵ و دەنگۆیانەن کە بۆ دەستکاریکردنی بەهای دینار دەدرێن و هەر چەندە پێشتر بانکی ناوەندی بە ڕاشکاوی هەموو ئەو دەنگۆیانەی ڕەت کردووەتەوە بەڵام چەند ڕۆژێکە شتێکی دیکە لە میدیاکان باس دەکرێ و تەنانەت دوێنێ بە روونی ئەوە ئاشکرا کرا کە بەهای هەر سەد دۆلار لە ڕەشنووسی بودجەی ساڵی داهاتوو بە سەد و پەنجا هەزار دینار هەژمار کراوە.
ئەم نرخە نوێیە هەژدە هەزار دینار جیاوازی لەگەڵ نرخی فەرمیی بانکی ناوەندیی عێراق هەیە و بۆیەش دەبینرێت بازاڕەکان کاریگەریی نەرێنییان وەرگرتووە و سەد دۆلار لە کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە بە نزیکەی سەد و شەست هەزار دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت.
بەهای دراوی هەموو وڵاتێک بە سیاسەتی بانکی ناوەندی لە لایەک و بە توانای ئابووری و داهاتی وڵاتەکە بەستراوەتەوە. هەر کاتێک گەشەی ئابووری وڵاتێک ڕوو لە دابەزین بکات و پاشەکشەکە درێژخایەن بێت و ئەوەندە زۆر بێت کە تەنانەت دراو و زێڕی یەدەگیش نەتوانێت قەرەبووی پاشەکشەکە بکاتەوە ئەوا ئاساییە دراو تووشی هەڵاوسان دەبێت و نرخەکەی بەرانبەر دراوی وڵاتان دادەبەزێت.
سەرووی سەدا نەوەدی داهاتی عێراق پشت بە فرۆشتنی نەوت دەبەستێت و عێراق لە شەش مانگی ڕابردوودا داهات و دۆلاری کەمتری دەستکەوتووە و تەنانەت هانای بۆ یەدەگی دراوی بانکی ناوەندی بردووە. هەر چەندە ئێستا هەناردەی نەوتی عێراق بۆ سێ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرز بووەتەوە بەلام کێشە لەوەدایە ئەمریکا بۆ بەردەوامیدان بە ڕەوانەکردنی دۆلار بۆ عێراق چاوەڕوانی لە حکوومەتی زەیدی هەیە و پێویستە حکوومەتی زەیدی بەسەر ئاڵنگاریی وەرگرتنی چەک لە گرووپە میلیشیاکان زاڵ بێت. ئەو ڕۆژی دووشەمە گوتی پێنج گرووپ دانانی چەکیان قبوڵ کردووە و سێ گرووپ بە کردەوە جێبەجێیان کردووە. ژمارەی ئەو گرووپانەی بڕیارە چەک بکرێن زۆرن و تا ناوەڕاستی ساڵی داهاتوو دەبێت بە یەکجاری لە چەک داماڵڕێن.
عێراق دەرفەتی گەورەی لەپێشە و ئەگەر بەرژەوەندییەکانی خەڵکی عێراق بخاتە پێش و ڕەچاوی دادپەروەری و ڕێزگرتن لە مافی سەرجەم پێکهاتەکان بکات و دەستوور وەک خۆی جێبەجێ بکات ئەوا چانسی ئەوەی هەیە ئابوورییەکەی بەهێز و بەهای دینارەکەشی بەرز بکاتەوە بەڵام ئەگەر دۆخەکە بەرەو ناسەقامگیری بڕوات ئەوا دەبێت چاوەڕێی دابەزینی زیاتری بەهای دینار بکەین.
سلێمان تاشان – هەولێر

