رۆژنامەی ھەولێر

دانەر عەبدلغەفار، وتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق: دەبێت بەپێی دەستوور و یاسا پشکی هەرێم لە بودجەی ٢٠٢٧ دیاری بکرێت

دوێنێ، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەبارەی رەشنووسی بودجەی 2027 میوانداریی فالح ساری، وەزیری دارایی فیدراڵ کرد. دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکە، دانەر عەبدولغەفار، وتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ کەنالەکانی ڕاگەیاندن ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی ئاشکرا کرد.
دانەر عەبدولغەفار، وتەبێژی فراکسیۆنی پارتی تیشکی خستە سەر گفتوگۆکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر پرسی بودجە و ئاماژەی بەوە دا، تاوەکو ئێستا رێککەوتن لەسەر بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان نەکراوە، بەڵام وەک نوێنەرانی کورد جەختیان لەوە کردووەتەوە دەبێت بەپێی دەستوور و یاسا، پشکی هەرێم لە بودجە دیاری بکرێت. داواشی کرد ئەو ستەمەی کراوە دووبارە نەبێتەوە و بە شێوازێکی دادپەروەرانە و بێ جیاکاری، مامەڵە لەگەڵ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بکرێت.
سەبارەت بە خاڵە ناکۆکەکان، وتەبێژی فراکسیۆنی پارتی باسی لە کێشەی تێچووی دەرهێنانی نەوت کرد و گوتی، چەند مەرجێکی قورس دانراون بۆ ئەوەی هەرێم ناچار بکەن نەتوانێت پابەند بێت، لەوانە پرسی رادەستکردنی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە. هەروەها بڕی تەرخانکراو بۆ تێچووی دەرهێنانی نەوت زۆر کەمە، بەوەش هەرێم ناتوانێت ئەو بڕە نەوتە بەرهەم بهێنێت، ئەمەش بووەتە یەکێک لە کێشە سەرەکییەکان و رێگرە لە بەردەم گەیشتن بە رێککەوتن.