ئاری ئاغۆک*
ساڵانە لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی چالاکی هونەری قوتابخانەکان بەپێی بەرنامەو پلانی تایبەت بە خۆیان چەندین چالاکی لە چوارچێوەی هونەری و ڕۆشنبیری لە ڕێگەی گشتاندنێکەوە ئاڕاستەی ناوەندەکانی خوێندن دەکرێت، ئەمەش لە پێناو زیاتر گرنگیدان بە بەهرەو توانای قوتابیان بەگشتی و قوتابیە بەهرەدارەکان بەتایبەتی، بۆیە ئەنجامدانی هەر چالاکیەک لە ناوەندەکانی خوێندن گرنگی و بایەخی خۆی هەیە.
یەکێک لەو چالاکیانە بریتیە لە دروستکردنی (پەخشنامە) کە لە لایەن قوتابییەک یا چەند قوتابییەک بەیەکەوە ئامادە دەکرێ، ناوەڕۆک و ناونیشانی هەر پەخشنامەیەک تایبەت دەبێت بە بابەتێکی پڕۆگرامی خوێندن و لە لەلایەن مامۆستای بابەت سەرپەرشتی دەکرێت، ئەوانیش بریتین دەربارەی ( کوردی، ئینگلیزی، عەرەبی، زانست، وەرزش، ڕۆشنبیری گشتی ،،،،، هتد)، دوای ئامادەکردن کە ئاماژە بە ناوی قوتابی و مامۆستای سەرپەرشتیار دەکرێ، ئینجا لە قوتابخانە یا لە فیستڤاڵی ساڵانەی پەروەردەکان لە پێشانگایەک دا نمایش دەکرێ، بێگومان ئەم جۆرە چالاکی و جموجۆڵانە کارێکی باشە بۆ خودی قوتابی لە پێناو زیاتر تێگەیشتین و فێربوون و بەردەوامی بۆ بابەتی دەستنیشان کراو.
ئەوەی لێرەدا مەبەستە ئاماژەی پێ بکەم بریتیە لە بابەتی ژینگەیی، ئەوەندەی تێبینیم کردبێ تا ئێستا بە ڕێژەیەکی بەرچاو ناونیشان و ناوەڕۆکی پەخشنامەکان تایبەت بە (ژینگە) نەبووە، ڕاستە وەک بابەتێکی ئاسایی یاخود بە تێکەهڵکێشکردنی بە بابەتێکی لاوەکی یا وەک ڕۆشنبیری گشتی پرسی ژینگە ئاماژەی پێ کراوە، بەڵام وەک بابەتە گشتییەکە بەو شێوەیە نەبووە، بۆیە لەم ووتارە ژینگەییەدا پێشنیار دەکەم ساڵانە پێشبرکێ و فیستڤاڵی پەخشنامەی ژینگەیی ئەنجام بدرێ، بەواتای ئەوەی سەرجەم ناوەڕۆکی پەخشنامە گوزارشتبێ لە ( پرسی ژینگە و ژینگەدۆستی و پاک و خاوێنی و ڕۆشنبیری ژینگەیی و زانستی ژینگەیی و وێنەی ژینگەیی و ،،،،، هتد). ئینجا بەناونیشانی (پێشانگای پەخشنامەی ژینگەیی) هەر پەروەردەیەک سەرجەم پەخشنامەی قوتابخانەکان نمایش بکات دواتر لەلایەن لیژنەیەکی (هونەری – ژینگەیی – ڕۆشنبیری) پلەی یەکەم و دووەم و سێیەم دەستنیشان بکرێت، لەگەڵ ئەوەی سەرجەم بەشداربووان بڕوانامەی بەشداریکردنیان پێشکەش بکرێ، بەڵام بوونی کێبڕکێ و دەرچوونی سێ پلە، ململانێیەکی ڕۆشنبیری چالاک دروست دەکات، بۆ باشتر کردن و زیاتر گرنگی پێ دانی قوتابیان بە پرسی ژینگە.
بەشێوەیەکی گشتی پەخشنامەی ژینگەیی ئەم سوودانەی بۆ قوتابی دەبێت:
١-هەستی بەرپرسیاریەتی بەرانبەر هەر کارێک و چالاکییەک زیاتر دەکات لە پێناو باشتر کردن و گرنگی پێ دانی.
٢-هەر بابەتێک لە ناوەڕۆکی پەخشنامە هەبێت قوتابی لە ژیانی ڕۆژانەی دا ڕەنگدەداتەوە و بەکاری دێنێ.
٣-قوتابی ئەو پەیامەی بۆ دووپات دەبێتەوە کە قوتابخانە تەنیا شوێنی فێر بوون نیە، بەڵکو ئامرازی هاوبەش تێدا بەدی دەکرێت بۆ زیاتر گەشەپێدانی ڕۆشنبیری گشتی.
٥-لە دید و ناسنامەی قوتابخانەدا چالاکی و پەرەپێدانە ڕۆشنبیری و مەعنەویەکە دەبێتە جێی بایەخ و کاریگەری لەسەر قوتابی دیکەش دەبێت.
٥-پەیامی پەروەردەیی و ژینگەیی لە ناوەڕۆکی پەخشنامە هەستی پێ دەکرێت و دواتر قوتابی ئەو وێنەیە دەگوازتەوە بۆ ماڵ و دەرەوەی قوتابخانە.
ئەم خاڵانە بنەمایەکی پتەو و بەهێزن بۆ ئەوەی بتوانین قوتابی بکەینە نەوەیەکی ژینگەدۆست و ژینگەپارێز بۆ ئێستا و ئایندە.
کەواتە پەخشنامەی ژینگەیی تەنیا گەیاندنی زانیاری ژینگەیی نیە، بەڵکو ئامرازێکی ژینگەیی و پەروەردەییە بۆ دروستکردنی قوتابیەکی هۆشیار بەرانبەر بە خاک و نیشتیمان و ژینگەپاڕێزی.
*بەرپرسی ژینگە و تەندروستی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەولێر.

