رۆژنامەی ھەولێر

لە دڵە ونبووەکەی خۆم دەگەڕێم و نایدۆزمەوە ….

خالید کۆچەر

 

هەموو ڕۆژێک دەمەوئێواران پیاسەیەک بە کۆڵانەکانی خۆشەویستیدا دەکەم
بە بەردەم دەرگای یەکەمدا، ئەو ماڵەی کچێکی قژزەردم ناسی
دواتر یەکتریمان خۆش ویست و
بووین بە دوو ئاشقی گەورە

ئێستاش لە دڵە ونبووەکەی خۆم دەگەڕێم لە کۆڵانەکانی یادا
هەرچەند دەیکەم نایدۆزمەوە
تکایە ئەوەی سۆراخێکی پێ دەزانێت
بە برووسکەهەواڵێک
بە نامەیەکدا
بە تەلەفۆنێک ئاگادارم بکاتەوە
با چیتر لەناو حەسرەتێکی پڕ لە برین
وێران و سەرگەردان نەبێت

بە قاسیدەکەی لەیلایەکەم بڵێن
بە لەیلا بڵێت
ئەو شاعیرە کۆچەرەی زەمەنێک بوو تۆی خۆش دەویست و خۆشت دەویست
ئێستا لە بەردەم سووتانێکی باڵابەرز لە ئاگر
قەسیدەی یاد دەنووسێتەوە
چیرۆکی خۆشەویستیی ئەو کچە دەنووسێتەوە بە منداڵی خۆشی ویستووە هەر لە روخساری تۆ دەچێت
لە تەمەنی هەرزەکاری کتێبێکی لەناو دڵەکەی بۆ نووسیوە و ناوی لێ ناوە
ونبوون لە کۆڵانەکانی خۆشەویستیدا

هاوڕێیان
ئاشقانی گەڕەکی ژوان ئەوە منم لە کۆڵانەکانی یادا
بەدوای دڵە ونبووەکەی خۆمدا دەگەڕێم و
هەرچەند دەکەم نایدۆزمەوە
تکایە
ئەوەی هەواڵێکی پێ دەزانێت با ئاگادارم بکاتەوە
با بەم حەسرەتەوە نەمرم

گوێم لە گریانی دەنگی ناسکەژنێکە
بە گریانەوە پێم دەڵێت:
با
دڵە نەخۆشەکەت
بە ئەمانەت
لای من بێت
هەر کات ویستت بۆتی دەگەڕێنمەوە
با ئەو دڵەت هەر لای من بێت
لە گلێنەی چاوەکانمم خۆشتر دەوێت و دەیپارێزم
پێی دەڵێم: درۆ دەکەیت

پێم دەڵێت:
دەترسم ڕۆژێک لە ڕۆژان کچێک خۆشی بوێیت، منت بیر بچێتەوە
دەترسم ڕۆژێک لە ڕۆژان ژنێکی ئاشق بە شیعرەکانت خۆشی بوێیت
لێوی لە لێوەکانت نزیک بکاتەوە ماچبارانت بکات و منت بیر بچێتەوە
شیعر بۆ چاوەکانی ئەو بنووسیت

دەترسم ڕۆژێک لە ڕۆژان ژنێکی ئاشق بە شیعرەکانت دەستت بگرێت و نزیکی بکاتەوە لە قۆپچەی کراسەکەی
تۆش سەری بخەیتە سەر سینگی
بە گۆی مەمکی گریانەکەت ژیر بکاتەوە و منت بیر بچێتەوە
دەترسم
دەترسم
دەترسم
ژنێکی ئاشق بە شیعرەکانت ئەو دڵەت بدزێت و منت بیر بچێتەوە

ئەو دەترسێت و منیش دەترسم
بە دوای لەیلایەکەی خۆم دەگەڕێم
ئەگەر لای لەیلایە بە لەیلا بڵێن:
ئەو دڵەم
پێشکێشی لەیلا بێت و نەمداتەوە
تا ئەبەد لە سووچێکی ماڵەکەی، لە کونجێکی سندووقی جلەکانیدا بیشارێتەوە
توخوا پێی بڵێن: ئێستاش ڕەنگی پەمەیی هەر خۆشدەوێت
سەرتاپا جڵەکانی هەر ڕەنگی پەمەییە

بە لەیلا بڵێن:
ئێستا دڵەکەی خالید کۆچەر نەخۆشە

ئەگەر مردم حەز دەکەم بە گەڵای پاییز کفنپۆشم بکەن
لە گۆڕستانێکدا دوور لە ئاوایی و دەنگی مردووەکان بەخاکم بسپرێن

ئەوەتا بەم تەمەنە پیرییەوە
لە دڵە ونبووەکەی خۆم دەگەڕێم و نایدۆزمەوە
تکایە ئەوەی سۆراخێکی پێ دەزانێت
بە کورتەنامەیەک ئاگادارم بکاتەوە
حەز ناکەم
بە ئازاری ئەشقەوە
بمرم!