عەبدولغەفار عەبدوڵا – هەولێر
قادر ئەسعەد، هونەرمەندی ناسراوی کورد، نوێترین گۆرانیی خۆی بە ناوی “وانابێ”، بەشێوەی ڤیدیۆ کلیپ بڵاوکردەوە.
قادر ئەسعەد، هونەرمەندی ناسراوی کورد گوتی: ئەو بەرهەمە نوێیەم لە تێکست و ئاوازی خۆمە، گۆرانییەکەش لە دەوری خۆشەویستی دەسوڕێتەوە و بە شێوەی شیعرێکی عاشقانە پێشکەشم کردووە. هەروەها کاری دیکۆڕ لەلایەن ئارام ناسڕ و شانۆ ئەکرەم جێبەجێکراوە و دلێر دلاوەر کاری دەرهێنانی بۆ ڤیدیۆ کلیپەکە کردووە.
قادر ئەسعەد باس لە بڵاوکردنەوەی بەرهەمە نوێیەکەی دەکات و دەڵێت: من لە سەرەتای دەستپێکردنی بڵاوکردنەوەی بەرهەمی گۆرانییەکانم، بەڵێنم بە هەوادارانی خۆم دابوو کە هەر چوار مانگ جارێک بەرهەمێکی نوێیان پێشکەش بکەم، هەر بۆیە “وانابێ” نزیکەی چوار مانگ دوای بڵاوکردنەوەی بەرهەمی پێشووم هەر لەمساڵدا، ئێستا پێم باش بوو بڵاوی بکەمەوە.
قادر ئەسعەد باسی لەوەش کرد: هیوادارم لە رێگەی ئەو بەرهەمە و بەرهەمەکانی داهاتوومەوە، جارێکی دیکە بتوانم هەوادارانی خۆم دڵخۆش بکەم و بەرهەمێکی نوێ لە ژینگەی گۆرانیی کوردیدا پێشکەش بکەم.
قادر ئەسعەد، هونەرمەندی ناسراوی کورد، لەساڵی 1967 لە هەولێر لەدایکبووە. ناوبراو چەندین شیعری نیشتیمانی و عاشقانەی داوە بە هونەرمەندان و خاوەنی چەندین بەرهەمی گۆرانییە و هەواداری تایبەت بەخۆی هەیە.

