عومەر چنگیانی
وەك لە دوا دانیشتنمان لە بۆردی باڵای ئامادە كردنی گوتاری هەینی لەبارەگای وەزارەتی ئەوقاف لە 27/9/2026 دەستنیشانمان كرد، بۆ 2/10/2026 ئایەتی چوار لە سورەتی (المدثر) ناونیشانی سەرەكی گوتاری سەردوانگەی زۆرینەی مزگەوتەكانمان بوو لە هەرێمی كوردستان، كە لەو زنجیرە ئایەتەی سەرەتای سورەتەكەدا 1-8 دەبینین خوای گەورە كۆمەڵێك فەرمان دەدات بە پێغەمبەرەكەی دروود و سەلامی خوای لێ بێ، هەر لە خاوێنڕاگرتنی جلوبەرگ و ڕواڵەتیەوە پێیدا وەرە تا بە خاوێنڕاگرتنی ناخ و دووری لە رەشایەتیی خۆبەزلزانی، یان خۆپاراستن لە خراپە و، هتد. چونكە ئیسلام ئایینی بێگەردی، پاکی، جوانی و تەهارەتە؛ هیچ شەریعەت و سیستەمێک نییە ئەوەندەی ئیسلام گرنگیی دابێت بە پاکوخاوێنیی مرۆڤ لە ڕواڵەت و ناخدا.
تەهارەت و پاکوخاوێنی لە ئیسلامدا تەنها نەریتێکی کۆمەڵایەتی یان ڕەفتارێکی تەندروستی نییە، بەڵکو یاسادانانێکی پتەو و فەرمانێکی بڕاوەیە، لە بەرامبەر ڕێگریی ئاشکرا لە پیسی و نەجاسەت و، لە هەمان کاتیشدا پەرستش و نزیکبوونەوەیە کە بەندە پێی لە پەروەردگاری نزیک دەبێتەوە و نیوەی ئیمانە؛ وەک پێغەمبەر دروود و سەلامی لێ بێ، لە فەرموودە پیرۆزەکەیدا دەفەرمێت: (خۆپاككردنەوە نیوەی ئیمانە).
گرنگیی پابەندی بە پاکوخاوێنی لە ژیاندا:
پابەندیمان بە پاکوخاوێنی و تەهارەتی گشتی تەنها بەرپرسیارێتییەکی کۆمەڵایەتی نییە، بەڵکو ئەرکێکی شەرعی، بەرهەمێکی ئیمانی و کارێکی پێویستە بۆ هەر کەسێک و لە هەر شوێنێکدا؛ چونکە ئیسلام گرێی داوە بە بیروباوەڕ و بنەماکانی ئیمان و ئیحسانەوە تا کۆمەڵگە لە پیسی و نەجاسەت پاک بێت.
ئەم پابەندییانەش لە چەندین ڕێنماییەکی ڕوونی شەرعیدا دەرکەوتوون، لەوانەش:
یەکەم: ڕێگەگرتن لە ڕەفتارە پیسکەرەکان: پێغەمبەر دروود و سەلامی لێ بێ، هۆشداریی داوە لە فڕێدانی پیسایی لە شوێنە گشتییەکاندا وەک سەیرانگاکان، سەرچاوەکانی ئاو و سێبەری درەختەکان؛ فەرموویەتی: (خۆتان بەدوور بگرن لەو دوو ئاكار، نەکا بکەونە بەر نەفرین! یاران عەرزیان كرد کامە دوو کار؟ فەرمووی: ئەو كەسەی لەسەر ڕێگای گشتی یان لە ژێر سێبەرێكدا كە خەڵك پێویستیان پێیەتی، تارەت هەڵدەگرێت.)
دووەم: لابردنی ئازار: پێغەمبەر دروود و سەلامی لێ بێ، لابردنی کۆسپ و پاشماوە لە ڕێگەی خەڵکی کردووەتە لقێک لە لقەکانی ئیمان و هۆکارێک بۆ لێخۆشبوون؛ فەرموویەتی: (ئیمان شەست و ئەوەندە بەشە؛ هەرە بڵند و پایەبەرزەكەی وتنی لااله الا الله و لای خوارووەكەیشی لابردنی کۆسپی ڕێگای خەڵك.)
سێیەم: پاراستنی ماڵەکانی خوا: شەریعەتی پیرۆز فەرمانی کردووە بە پاککردنەوە و خاوێنکردنەوەی مزگەوتەکان و گرنگیدان بە بۆنخۆشییان، هەروەها ڕێگری لەوە کردووە کە بە بۆنێکەوە بچیتە ناویان کە کەسانی تر بێزار بکات؛ ئەمەش بۆ ڕاهێنانی موسڵمانە لە سەردانیکردنی شوێنە گشتییەکاندا.
چوارەم: ڕەتکردنەوەی پاشماوەفڕێدان: فڕێدانی پاشماوە لە شەقام، مزگەوت، قوتابخانە، نەخۆشخانە، باخچە و شوێنە گشتییەکاندا، ڕەفتارێکە دژی بنەماکانی شەریعەتی ئیسلامی و ڕێنماییەکانی دەوەستێتەوە؛ چونکە موسڵمان چاودێرە لە کۆمەڵگەکەیدا و بەرپرسە لە ژینگەکەی و، شوێنەواری لەسەر زەوی شوێنەوارێکی چاک و پیرۆزە، جگە لە جوانی و پاکی هیچی تر لە دوای خۆی بەجێ ناهێڵێت.
تەوەری دووەم: پێویستیی پاکی لە ڕواڵەت و ناخدا
پاکیی ڕواڵەت لە خاوێنکردنەوەی جەستە، جلوبەرگ و ئەو شوێنەوە دەست پێ دەکات کە بەندە پێیەوە لە پێش پەروەردگاردا دەوەستێت. دەستنوێژ گوناهی ئەندامەکان دەشواتەوە، خۆشۆردن جەستە پاک دەکاتەوە و، لابردنی کۆسپی دەم ڕێگەی خەڵکی خێر و پاداشتێکی گەورەیە. موسڵمانی ڕاستەقینە دەزانێت کە پاکوخاوێنییەکەی پێناسەی ئایین و ڕەوشتیەتی؛ بۆیە سوورە لەسەر ئەوەی جەستەی بێگەرد و دەرکەوتەی خاوێن بێت، دوور بێت لە پیسی و چڵک.
پاکوخاوێنیی ڕواڵەت بە تەنها بەس نییە ئەگەر لەگەڵ پاکیی ناخ و بێگەردیی دڵدا یەک نەگرێتەوە؛ چونکە پاکیی دڵەکان ئەو بنچینەیەیە کە کردەوەکانی پێ قبووڵ دەکرێت، ئەویش پاکبوونەوەیە لە کینە، هەڵکاڵین (حەسودی)، ڕق (بوغز)، لووتبەرزی و ڕیایی. دڵی ساغ و بێوەی (سەلامەت)، ڕزگارکەرە لە قیامەتدا. کاتێکیش بۆ موسڵمان خاوێنیی ڕواڵەت لەگەڵ پاکیی ناخدا کۆ دەبێتەوە، هۆکارەکانی بەختەوەریی لە هەردوو جیهاندا بۆ تەواو دەبێت و، دەبێتە ئاوێنەیەکی ڕاستگۆ بۆ جوانیی ئەم ئایینە مەزنە و ڕەوشتە بەرزەکانی.

