رۆژنامەی ھەولێر

پارێزگای هەولێر: 50%ی کارەکانی پڕۆژەی دووسایدکردنی ڕێگای هەولێر – کۆیە تەواو بووە

پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند، پڕۆژەی دووسایدکردنی ڕێگای هەولێر – کۆیە، کە یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی سنوورەکە، بەردەوامی هەیە و تاوەکو ئێستا 50%ی کارەکانی تەواو بوون.

پارێزگای هەولێر ڕاشیگەیاند ئەم پڕۆژە گرنگە درێژییەکەی 37 کیلۆمەترە و بە تەواوەتی لەلایەن ئەندازیاران و دەستی کاری ناوخۆییەوە جێبەجێ دەکرێت. هەروەها پڕۆژەکە چەندین ژێرپرد (ئەندەرپاس) و بەرزەپرد (ئۆڤەرپاس) لەخۆ دەگرێت. بەشێکی فراوان و بەرچاو لە ڕێگاکە بە 3 چینی ستانداردی قیرتاو تەواو کراوە.

بە تەواوبوونی ئەم پڕۆژەیە، ڕێگاکە لە یەکسایدێکی پڕ مەترسییەوە دەبێتە دووسایدێکی خێرا کە ئاستی سەلامەتیی هاتوچۆ بەرز دەکاتەوە. هەروەها، ماوەی هاتوچۆی نێوان هەولێر و کۆیە بە نزیکەی 20 بۆ 25 خولەک کورت دەکاتەوە، ئەمەش ئاسانکارییەکی زۆر بۆ شۆفێران و دانیشتووانی ناوچەکە دابین دەکات.