کارزان گلی – هەولێر
ئەگەرچی ڤلادیمیر پۆتین، سەرۆكی رووسیا لەدیمانەیەكدا ئاماژەی دا بەهیچ شێوەیەك پلانیان نییە شەڕ لەدژی وڵاتانی ئەورووپا و ناتۆ بەرپا بكەن، بەڵام چەند جموجۆڵێكی رووسیا دژی وڵاتانی ئەورووپا پێمان دەڵێت، پۆتین پلانی جەنگی دژی ئەورووپا داناوە، بۆیە بەشێكی زۆری وڵاتانی ئەورووپا، خەریكی كۆگاكردنی خۆراكن و ترسیان هەیە جەنگەكە دروست ببێت و برسییەتی روو لەئەورووپا بكات.
جەنگی رووسیا و ئۆكڕاینا، كە زیاتر لە چوار ساڵە بەردەوامە، كاریگەریی زۆری لەسەر ئابووریی وڵاتانی ئەورووپا دروست كرد، بەتایبەت خۆراك كە بەشێوەیەكی بەرچاو نرخەكەی بەرز بووەتەوە و هەروەها نرخی غازی سروشتی و بەنزینیش بەڕێژەیەكی بەرچاو زیاد كردووە.
وڵاتانی ئەورووپا نموونەی ئۆكڕاینایان لەپێشە، بۆیە ترسیان هەیە لەئەگەر پەلاماری رووسیا بۆ سەریان، قەیرانی خۆراك دروست دەبێت، بۆیە دەستیان بەكۆگاكردنی خۆراك كردووە، ئەمەش بەگوێرەی هەواڵێكی ئاژانسی (ئۆكسجین)ی توركی.
یەكەم سەرۆك كە دركی بەوە كرد رووسیا پلانی داناوە پەلاماری وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ بدات، سەرۆكی پۆڵۆنیا بوو و لەوتارێكدا گوتی: ”دەزگا هەواڵگرییەكانمان پێمان دەڵێن، رووسیا خۆی ئامادە دەكات بۆ جەنگ دژی وڵاتانی ئەندامی ناتۆ لە ئەورووپا“
ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆكی فەڕەنسا، بەهەمان شێوە نەیشاردەوە كە رووسیا پلانی جەنگی هەیە و لەوتارێكدا بۆ ئەندامانی پارتەكەی گوتی: ”بەڵگەی زۆر دروستمان لەبەردەستدایە كە رووسیا پلانی جەنگ لەدژی چەند وڵاتێكی ئەورووپی دادەنێت.“
بەریتانیا و هۆڵەندا، داوایان لە هاووڵاتیان كرد خۆراك كۆگا بكەن و سێ رۆژی بۆ دانان بۆ كڕینی خۆراك، بەڵام هۆڵەندا ماوەكەی بۆ هەشت رۆژ درێژ كردەوە.
ئەم هەنگاوانە دریدەخەن كە وڵاتانی ئەورووپا گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی رووسیا پەلاماریان دەدات و بۆ ئەوەی قەیران دروست نەبێت و هاووڵاتیان بێ خۆراك نەبن، بۆیە خۆراك كۆگا دەكەن.
لەم هاوینەدا چەندینجار درۆنی رووسی سنووری وڵاتانی ئەورووپای بەزاندووە، بەتایبەت فینلەندا و پۆڵۆنیا، تەنانەت درۆنێكی رووسی لەلایەن هێزی ئاسمانی پۆڵۆنیاوە خرایە خوارەوە و رووسیا لەوڕووەوە هیچ كاردانەویەكی نەبوو.
رەوشی ئەمنی بەشێك لەوڵاتانی ئەورووپا تێك چووە و چەند جارێك هەوڵی تەقینەوە و ئاژاوە نراوە، كە هەموو ئەو هەوڵانەش رووسیا تۆمەتبار دەكرێت و دەڵێن دەزگاكانی هەواڵگری پێمان دەڵێن رووسیا ویستویەتی كاری تیرۆرستی لەچەند وڵاتێكی ئەورووپی ئەنجام بدات.
ئەڵمانیا:
لە ٤ی٨ی٢٠٢٦، لەفڕۆكەخانەی لێپزیك، بۆمبێك دۆزرایەوە و بەر لەوەی بتەقێتەوە پووچەڵ كرایەوە، ئەڵمانیا رووسیای تۆمەتبار كرد و گوتیان كاری رووسیایە.
ئیتاڵیا:
لە ١٣ی ٨ی ٢٠٢٦، لەنزیك شاری رۆما، كۆمپانیایەكی دروستكردنی چەك و تەقەمەنی تەقێنرایەوە و ئیتاڵیا گوتی ئەمە دەستی وڵاتانی دەرەوەی تێدایە، بەشێوەیەكی راستەوخۆ رووسیا تۆمەتبار نەكرد، بەڵام بەناڕاستەوخۆ رووسیای تۆمەتبار كرد.
ئێستونیا:
لە١٥ی ٨ی ٢٠٢٦دا، ئاگر لە كۆمپانیایەك كەوتەوە كە درۆنی دروست دەكرد و بۆ ئۆكڕاینای دەنارد و هەر ئەوكات رووسیا بەو كردەوەیە تۆمەتبار كرا.
لۆكسمبۆرگ:
لە ١٨ی٩ی ٢٠٢٦دا، درۆنێكی رووسی بەسەر ئاسمانی لۆكسەمبۆرگدا سووڕایەوە، بەڵام هیچ كاردانەوەیەك نەبوو و تەنیا داوا لە رووسیا كرا، كارێكی لەوشێوەیە دووبارە نەكاتەوە.
چاودێرانی سیاسی پێیانوایە، هەموو ئەم جموحۆڵانەی رووسیا بۆ ئەوەیە جەنگێكی گەورە دژی وڵاتانی ئەورووپا بەرپا بكات، بەتایبەت ئەو وڵاتانەی ئەندامی ناتۆن.

