رۆژنامەی ھەولێر

دەشتی کەلهوری سروودی خانەقینی بڵاوکردەوە

شیڤان شێرزاد – هەولێر

هونەرمەندی گۆرانیبێژ “دەشتی کەلهوری” دوای ماوەی چەند مانگێک لە ئامادەکاری بۆ تۆمارکردن و هەڵبژاردنی لۆکەیشنێکی جیاواز بۆ بەرهەمە نوێیەکەی، کە تایبەتە بە شاری خانەقین ئێستا کۆتایی بەو بەرهەمە هونەرییەی خۆی هێناوە و بۆ نیشاندانی دیمەنێکی جیاوازیش لەو سروودەدا سوودی لە ژیری دەستکرد وەرگرتووە و کلیپەکەی بە کۆتا هێناوە.

لەمبارەیەوەش هونەرمەند “دەشتی کەلهوری تایبەت بە “هەولێر” دەڵێت: سروودی (خانەقین) سروودێکە بۆ شارە دڵخوازەکەمان خانەقین گوتوومە، چونکە ئەو شارە لە هەناوی مێژوو، فەرهەنگ، هونەر و خەباتدا شوێنێکی تایبەتی هەیە.
ئەم سرودەش تەنیا گۆرانییەک نییە؛ دەنگی دڵی خانەقینە، وێنەی جوانیی سروشتی، مێژووی پڕ لە شانازی، زاراوە شیرینەکەی و ناسنامەی فەرهەنگی ئەم شارەیە. ئامانجمان ئەوەیە ئەم بەرهەمە ببێتە مایەی شانازی هەموو خانەقینیەکان و وێردی سەر زمانی گەورە و بچووک.
دانانی ئاواز، مۆسیقا و سەرپەرشتی ئەم بەرهەمە لە ئەستۆی بەندە بووە، و وشە جوان و هەست بزوێنەکانی بە هاوکاری و هەوڵی مامۆستا کەنعان حوسێن نووسراون (شیعر) ئەم کارەش بە داواکاری کۆمەڵێک لە ڕۆشنبیری خانەقین دەستی پێ کراوە، بە هیوای ئەوەی ببێتە دیارییەکی هونەری بۆ شارەکەمان.
هیوادارم ئەم سرودە لە دڵی خەڵک جێ بگرێت، لە سەر زمانی هەمووان بێت و ببێتە دەنگی یەکگرتوویی، خۆشەویستی و شانازی بۆ خانەقین.
گوتیشی: خانەقین، هەمیشە لە دڵماندا دەژیت و هەمیشە شایستەی باشترین بەرهەمە هونەرییەکانە.