رۆژنامەی ھەولێر

ماهیر ئەمین بەرهەمی نوێی (ڕەش و سپی) بڵاوکردەوە

عەبدولغەفا ر عەبدوڵا

ماهیر ئەمین، هونەرمەندی گۆرانیبێژی بە ئەزموون نوێترین گۆرانیی خۆی بەناوی “ڕەش و سپی”، بەشێوەی ڤیدیۆ کلیپ بڵاوکردەوە.

ماهیر ئەمین، هونەرمەند لەبارەی بەرهەمە تازەکەی گوتی: ئەو بەرهەمە نوێیەم لە هۆنراوەی قوبادی جەلیزادەیە و خۆم ئاوازەکەم بۆ داناوە، د. نەهرۆ زاگرۆس دابەشکردنی موزیکی بەرهەمەکەی ئەنجام داوە. دەرهێنانی کلیپەکەش لەلایەن هونەرمەندی بە توانا دەروون قەرەداخییەوە کراوە و هونەرمەند وەلید جاف کاری ژیریی دەستکرد و مۆنتاژی کلیپەکەی ئەنجام داوە.
ماهیر ئەمین سەبارەت بە گۆرانییەکە گوتی: گۆرانی “ڕەش و سپی”، تازەترینی منە و ئەزموونێکی تازەیە بۆم. پێم وایە لە گۆرانیی کوردیشدا زۆر بە دەگمەن کار لەسەر ئەم جۆرە لە فۆرم و ناوەرۆکی شیعرە کراوە. لە رووی میلۆدی و دابەشکردنی موزیکیشەوە کارێکی جیاواز و کەموێنەیە.
سەبارەت بە بەشداری قوبادی جەلیزادە لە ڤیدیۆ کلیپەکەدا، ماهیر ئەمین دەڵێت: لە دروستکردنی ئەم بەرهەمەدا هەوڵ دراوە کلیپێکی شایستە بۆ گۆرانییەکە بەرهەمبهێنرێت، هەروەها جێی شانازی و خۆشحاڵیمە شاعیری گەورە قوبادی جەلیزادە، کە خاوەنی شیعری گۆرانییەکەیە، لە کلیپەکەشدا بەشدارە.”
ماهیر ئەمین، هونەرمەندی گۆرانیبێژی کورد، لە ساڵی 1973 لە رواندز لەدایکبووە. خاوەنی چەند ئەلبووم و بەرهەمێکی تۆمارکراوە و هەواداری تایبەت بەخۆی هەیە.