ماکوان عێزەت – هەولێر
زۆر کەس لە کاتی نیگەرانیدا دەپرسن: «ئایا دەکرێت ئیکۆی دڵ بکەم تا بزانم دڵم تەندروستە؟» لەم بارەیەوە د. خاڵس قادر، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناو و ئیکۆی دڵ، تیشک دەخاتە سەر گرنگی و تایبەتمەندییەکانی ئەم پشکنینە.
ئیکۆی دڵ (Echocardiography) پشکنینێکە نە ئازاری هەیە و نە زیان و، کە بە شەپۆلی دەنگ (Ultrasound) کار دەکات و هیچ جۆرە تیشکێکی مەترسیداری تێدا بەکار نایەت؛ وێنە و زانیاریی زۆر ورد دەربارەی پێکهاتە و شێوازی کارکردنی دڵ دەخاتە بەردەست پزیشکان.
ئیکۆی دڵ چ زانیارییەک ئاشکرا دەکات؟
بە گوێرەی وتەی د. خاڵس قادر، ئەم پشکنینە لە چەندین لایەنی سەرەکیی دڵ دەکۆڵێتەوە، لەوانە:
• کارکردنی ماسوولکەی دڵ: هەڵسەنگاندنی هێزی پەمپکردنی خوێن (EF) و چۆنیەتیی جووڵەی دیوارەکانی دڵ.
• ژوورەکانی دڵ: دیاریکردنی قەبارە، ئەستووریی دیوارەکان و شێوازی جووڵەی ژوورەکان.
• زمانەکانی دڵ (Valves)؛ دۆزینەوەی هەر کێشەیەکی وەک تەسکبوونەوە، گەڕانەوەی خوێن (دزەکردن) و ناڕێکییە زگماکییەکان.
• پەردەی دەوری دڵ: دەستنیشانکردنی کۆبوونەوەی شلە لە پەردەی دڵدا ؛ (Pericardial effusion)
• کێشە و شپرزییە زگماکییەکان: وەک بوونی کون لە نێوان ژوورەکانی دڵدا و کەموکووڕییەکانی تر.
• فشاری دەمارەکانی سی: خەمڵاندنی نیشانەکانی بەرزبوونەوەی فشاری خوێنبەری سییەکان.
ئیکۆ هەموو شتێک پیشان نادات!
د. خاڵس ڕوونی دەکاتەوە کە ئیکۆ وەڵامی هەموو پرسیارەکمان ناداتەوە دەربارەی دڵ؛ هەر بە ئیکۆی ئاسایی بۆمان دەرناکەوێت کە ئایا خوێنبەرەکانی دڵ (شەریانەکان) تەواو پاکن یان تەسک بوونەتەوە.
ئیکۆ، کەی پێویستە بکرێت؟
کردنی ئەم پشکنینە پەیوەستە بە نیشانەکانەوە، مێژووی نەخۆشی و بڕیاری پزیشک، بەتایبەت لەم حاڵەتانەی خوارەوەدا:
• هەستکردن بە هەناسەتەنگی، ئازاری سنگ، یان هەر نیشانە گوماناوییەکی دی لەسەر دڵ.
• گومانی نەخۆشیی زمانەکانی دڵ، لاوازیی ماسوولکەی دڵ، یان کێشەی پێکهاتەیی زگماکی.
• فشارخوێنی درێژخایەن لە کاتێکدا پزیشک گومانی کاریگەریی نەرێنی لەسەر دڵ بکات.
• نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسەدان کە گومانی بەرزبوونەوەی فشاری خوێنبەری سییەکانیان لێ بکرێت.
• بوونی مێژووی خێزانی لە نەخۆشییە زگماکییەکانی دڵدا یان مردنی لەناکاوی پێشوەختە لە خێزاندا.
مەرج نییە ئەوەی فشارخوێن یان چەوری یان شەکرەی هەبوو، یەکسەر ئیکۆی دڵی بۆ بکرێت. ئیکۆ پشکنینێکی ڕۆتین نییە بۆ ئەو کەسانەی هیچ نیشانەیەکیان نییە؛ هەربۆیە کردنی پشکنینەکە تەنیا پزیشک بەپێی دۆخی تەندروستیی کەسەکە بڕیاری لێ دەدات. ئیکۆی دڵ ئامرازێکی پزیشکیی ئێجگار بەسوودە، بەڵام “پشکنینی هەموو شتێکی دڵ” نییە.

