رۆژنامەی ھەولێر

ئەژین عەبدوڵڵا – هەولێر

 

لەگەڵ گۆڕانی وەرز و نزمبوونەوەی پلەی گەرما، ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان تووشی کۆکە، هەڵامەت و هەوکردنی قوڕگ دەبنەوە. بە هۆی گۆڕانی بەردەوامی پێکهاتەی ئەو ڤایرۆسانەی دەبنە هۆی هەڵامەت و ئەنفلۆنزا، بەکارهێنانی دەرمانی ژینکوژەک (ئەنتیبایۆتیک) بێسوود دەبێت، چونکە ژینکوژەک تەنیا بۆ بەکتریا بەکار دێت نەک ڤایرۆس. لەبەر ئەم هۆکارە، پزیشکانی پسپۆڕی قوڕگ و لووت و گوێ جەخت لەوە دەکەنەوە کە پەنابردن بۆ پێکهاتە سروشتییەکان، بەتایبەت لیمۆ، باشترین بژاردەیە بۆ بەهێزکردنی سیستەمی بەرگری و کەمکردنەوەی نیشانەکانی نەخۆشی.

یەكێك لەو پێكهاتە سروشتیانەی پێویستە بایەخی زۆری پێ بدرێت خواردنی لیمۆیە، لیمۆ دەوڵەمەندە بە ڤیتامین (C) کە دەورێکی یەکلاکەرەوە دەبینێت لە پتەوکردنی سیستەمی بەرگریی لەش بەرامبەر پەتاکان. هاوکات لیمۆ ڤیتامین (B2) لەخۆ دەگرێت کە یارمەتیدەرە لە دروستبوونی خڕۆکە سوورەکان و کەمکردنەوەی هەوکردن. پزیشکان ئاماژە بەوە دەکەن لە کاتی هەوکردنی لەوزەتێن و قوڕگدا، دەکرێت ئاوی لیمۆ بەتەنیا یاخود بە شێوازی غەرغەرەکردن لە ڕۆژێکدا چەندین جار بەکار بهێنرێت، چونکە کاریگەرییەکی خێرای دەبێت لە تەعقیمکردنی ناوچەی قوڕگ و سووککردنی ئازارەکەی.
شارەزایانی تەندروستی دوو شێوازی سەرەکی پێشنیار دەکەن بۆ کەڵکوەرگرتن لە لیمۆ و پێکهاتە هاوشێوەکانی:
1. گیراوەی لیمۆ و هەنگوین بۆ ئازاری قوڕگ: ئاوی نیو لیمۆ لەگەڵ کەوچکێکی گەورە لە هەنگوینی سروشتی لە پەرداخێکدا بە باشی تێکەڵ بکە و یەکسەر بیخۆرەوە. بۆ گەیشتن بە ئەنجامی باش، پێویستە بۆ ماوەی پێنج خولەک پاش خواردنەوەی گیراوەکە هیچ شلەمەنی یان خۆراکێک نەخورێت، تاوەکو پێکهاتەکە لەسەر ناوپۆشی قوڕگ بمێنێتەوە. دووبارەکردنەوەی ئەم کردارە هەموو کاژێر و نیوێک جارێک کاریگەرییەکی خێرا لەسەر نەهێشتنی ئازار بەجێ دەهێڵێت.
2. تێکەڵەی لیمۆ، هەنگوین و زەنجەفیل بۆ خۆپاراستنی بەردەوام: شووشەیەکی سەرداخراو ئامادە بکە، چەند قاشێکی لیمۆ لەگەڵ بڕێک زەنجەفیلی هاڕاو و هەنگوینی سروشتی تێیدا دابنێ. سەری شووشەکە دابخە و بۆ ماوەی دوو ڕۆژ لەناو ساردکەرەوەدا (سەلاجە) بیهێڵەرەوە تا کەرەستەکان بەتەواوی تێکەڵ دەبن. هەموو بەیانییەک دوای نانخواردن، کەوچکێک لەم تێکەڵەیە بکەرە ناو کووپێک ئاوی شیرتین (شلەتێن)ـەوە و بیخۆرەوە. ئەم ئاوێتەیە ئاستی بەرگریی لەش لە بەرامبەر ڤایرۆسە گوازراوەکانی وەرزدا بەشێوەیەکی بەرچاو بەرز دەکاتەوە.