فەزیلە شۆرش
ڕیفراندۆم دووپاتکردنەوەی بوونی نەتەوەیەک، ئازادیی ڕادەربڕین، بەکارهێنانی مافی یاساییی دیاریکردنی چارەنووس و داڕشتنی داهاتوو بوو. ڕیفراندۆم هیوایەکە بۆ دامەزراندنی کوردستانێکی سەربەخۆ کە خەونێکی هاوبەشی هەموو کوردێکی دڵسۆزە. بێگومان سەربەخۆییی کوردستان بە یەکگرتووییی هەموو لایەنەکان دێتە کایەوە.
لە پرۆسەی ڕیفراندۆمدا بۆ هەموو تاکێکی کوردستان دەرکەوت کە یەکگرتوویی کۆڵەکەیەکی سەرەکیی سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە بوو، کە یەکێکە لە پرۆسە هەرە گرنگ و چارەنووسسازەکانی سەربەخۆییی کوردستان و قۆناغێكی گرنگی خەبات و قوربانیدانی گەلی کوردە. ئافرەتانیش، هەروەک چۆن بەبەردەوامی بەشداری و ڕۆڵی گرنگیان هەبووە و هەیە لە خەباتی گەلی کورددا، لەم پرۆسە پیرۆزەدا بە هەمان هێزی بزوێنەریان ڕۆڵێکی سەرەکییان هەبوو لە سەرکەوتنی پرۆسەکە.
ڕێکخراوەکانی ئافرەتان، بەتایبەتی (یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان)، هەموو تواناكانیان خستە گڕ بۆ سەرخستنی ڕیفراندۆم؛ بە کۆڵنەدان و ماندوونەناسانە هەستان بە ڕێکخستنی چەندین چالاکیی جۆراوجۆر بۆ باسکردن لە گرنگیی مافی بڕیاردانی کورد بۆ چارەنووسی خۆی، و گرنگیی بەشداریی ئافرەتان لە ڕۆژی دەنگداندا بۆ سەربەخۆییی کوردستان. چونکە بە سەربەخۆییی کوردستان مافەکانی مرۆڤ و بەتایبەت مافەکانی ئافرەتان زیاتر پارێزراو دەبن و نەهامەتییەکانی خوشکە ئێزیدییەکانمان دووبارە نابنەوە.
ئاشکرایە ئافرەتی کورد سیمبولی خۆراگری و بوێرییە، بە بەشدارییان بە شێوەیەکی بەرچاو لەم پڕۆسە چارەنووسسازەدا، دیدێکی دیموکراتی و وێنەیەکی ئەرێنییان نیشاندا و خواستی کۆمەڵگەی کوردییان بۆ دەستەبەرکردنی سەربەخۆییی کوردستان بۆ جیهان خستەڕوو.
لە ڕێکەوتی ٢٥ی ٩ی ٢٠١٧دا، ئیرادەی گەل بە هەموو چین و توێژەکانییەوە، بە بوێری، دیموکراسییانە و بە یەک دەنگ، بڕیارێکی یەکلاکەرەوەیان لەسەر چارەنووسی کوردستان دا بە (بەڵێ بۆ سەربەخۆیی). بە ئەنجامی گشتپرسی، گەلی کوردستان بووە خاوەن شەرعیەتێکی جەماوەریی بەهێز کە هیچ لایەنێک ناتوانێت بە ئاسانی ئەم سەرکەوتنە ڕەت بکاتەوە، بەڵکو ڕیفراندۆم بووە تاپۆی ڕەشی میللەتی کورد بۆ داهاتووی کوردستان و بوونی بە دەوڵەتێکی سەربەخۆ.
بێگومان سەربەخۆییی کوردستان بە یەکخستنی ماڵی کورد دەبێت. پرۆسەیەکی تری چارەنووسساز بۆ یەکخستنی ماڵی کورد کە هەنگاوێکی گرنگە (هەروەک ڕیفراندۆم) بۆ پێشچوون بەرەو سەربەخۆییی کوردستان، یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستانە کە لە ڕێکەوتی ٢١ی ٩ی ٢٠٢٦دا ئەم یەکگرتنە بەفەرمی ڕاگەیەندرا، ئەمەش هەنگاوێکی گەورە و شکۆدارە بەرەو هاتنەدیی خەونی سەربەخۆییی کوردستان.

