ئێوارەی ئەمرۆ یەکشەممە 2026.9.27، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، و بەئامادەبوونی نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامی ناوەندی و نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێم و ژمارەیەکی دیکە لە بەرپرسان و بازرگانان، خاوەن کارگەکان و جەماوەرێکی بەرچاو لە هاووڵاتییان، شەشەمین فێستیڤاڵی بازرگانی و بەرهەمە ناوخۆییەکان لە بەرامبەر پارکی شانەدەر لە هەولێری پایتەخت کرایەوە.
ئەم فێستیڤاڵە کە لە ژێر دروشمی پاڵپشتیکردنی خاوەنکار و جووتیارانی کوردستان ڕێکخراوە، بە یەکێک لە گرنگترین ڕووداوە ئابووری، کلتووری و گەشتیارییەکانی پایزی ئەمساڵ دادەنرێت، کە ئامانج لێی برەودانە بە بەرهەمی خۆماڵی و ڕەخساندنی دەرفەت بۆ کارگە ناوخۆییەکان و جووتیاران تا ڕاستەوخۆ و بەبێ نێوەندگیر، بەرهەمەکانیان بە هاووڵاتییان بناسێنن.
لەم چوارچێوەیەدا، سەدان خاوەنکار بەشدارییان تێدا کردووە و چەندین سێکتەری جیاواز لە فێستیڤاڵەکەدا نمایش کراون، لەوانەش بەرهەمە خۆراکی و کشتوکاڵییە وەرزییەکان وەک هەنگوین و شیرەمەنی، پیشەسازییە دەستی و کلتوورییە ڕەسەنەکان، لەگەڵ براند و بەرهەمی کارگە ناوخۆییەکان کە توانای خۆیان لە دابینکردنی پێداویستییەکانی بازاڕدا دەخەنەڕوو.
دوای کردنەوەی فێستیڤاڵەکەدا و بەسەركردنەوەی بەشەكانی، پارێزگاری هەولێر، وێڕای دەستخۆشی لە،ڕێکخەرانی دووپاتیكردەوە کە هەولێری پایتەخت هەمیشە باوەشی بۆ ئەم جۆرە دەستپێشخەرییە ئابوورییانە کراوەیە و ئامانجی سەرەکیش پشتیوانیکردنی بەرهەمی ناوخۆیی و ڕەخساندنی بازاڕی شیاوە بۆ خاوەنکاران، تا هەرێمی کوردستان بتوانێت بەرەو قۆناغی خۆژێنی هەنگاو بنێین.
جێی باسە، شوێنی فێستیڤاڵەکە لە بەردەم پارکی شانەدەر سیمایەکی گەشتیاری و کۆمەڵایەتی جوانی بە چالاکییەکە بەخشیوە و پێشوازییەکی بێوێنەی لەلایەن خێزانەکانەوە لێکراوە، بڕیاریشە چالاکییەکانی ئەم فێستیڤاڵە بۆ ماوەی چەند ڕۆژێکی یەک لە دوای یەک بەردەوام بێت.

