وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی خوێندنی باڵای فیدراڵ لە بەغدا یاداشتێکی لێکگەیشتنیان واژۆ کرد، بۆ دانپێدانانی فەرمیی عێراق بە سەرجەم کۆلێژەکانی زانکۆی گەرمیان لە کاتی دامەزراندنیانەوە، هاوکات بڕیاریش درا زانکۆیەکی سەربەخۆ بۆ شاری خانەقین دابمەزرێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە 27ـی ئەیلوولی 2026، شاندێکی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی د. ئامانج عەبدوڵڵا سەعید، ڕاوێژکاری وەزیر و بە ئەندامێتیی سەرۆکی زانکۆی گەرمیان، ڕاوێژکاری وەزیر و بەڕێوەبەرانی گشتیی تایبەتمەند سەردانی بەغدایان کرد. شاندەکە لە تەلارى ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەگەڵ سەرۆکی لێژنەی خوێندنی باڵا، شاندێکی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق و ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی کورد کۆ بوونەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا و دوای گفتوگۆیەکی قووڵ، هەردوولا گەیشتنە ڕێککەوتن لەسەر واژۆکردنی یاداشتنامەیەکی هاوبەش بە مەبەستی چارەسەرکردنی پرسی دانپێدانانی زانکۆی گەرمیان، بەپێی یاداشتەکە بڕیار درا زانکۆیەکی سەربەخۆ بۆ شاری خانەقین بنیاد بنرێت کە سەرۆکەکەی خەڵکی خانەقین بێت و پرۆسەی وەرگرتنیش تێیدا بۆ سەرجەم خوێندکارانی هەرێمی کوردستان و عێراق کراوە بێت، هاوکات ئەو کۆلێژانەش لەخۆ دەگرێت کە ئێستا لە خانەقینن و سەر بە زانکۆی گەرمیانن.
هەر بەپێی یاداشتنامەکە، سەرجەم کۆلێژەکانی زانکۆی گەرمیان لە ڕۆژی دامەزراندنیانەوە بە کۆلێژەکانی خانەقینیشەوە، لەلایەن حکوومەتی فیدراڵیی عێراقەوە دانپێدانراو دەبن.
جێگەی ئاماژەیە، بڕیار وایە ئەم یاداشتنامەیە لەلایەن وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە ببردرێتە ئەنجومەنی وەزیران بە مەبەستی پەسەندکردنی.

