رۆژنامەی ھەولێر

تارا عەبدوڵڵا بە تابلۆی “یەکەم خوان” بەشداری لە پێشانگە پاییزە نیشتمانییەکەی نەرویجدا کرد

عەبدولغەفار عەبدوڵا

 

تارا عەبدوڵڵا خانمە هونەرمەندی شێوەکاری کورد، بە تابلۆی گەورەی “یەکەم خوان”، بەشداری لە خولی ١٣٩یەمین پێشانگەی نیشتمانی پاییزەی نەرویج کرد؛ پێشانگەیەکی گرنگی هونەری هاوچەرخی ئەو وڵاتە، کە رێکەوتی ١٧ـی ئەیلوول، لە ماڵی هونەرمەندان لە شاری ئۆسلۆی وڵاتی نەرویج بەڕێوە چوو و ماوەی یەک مانگ بەردەوام دەبێت.

تارا عەبدوڵڵا، خانمە هونەرمەندی شێوەکاری کورد بۆ هەولێر گوتی: ئەم پێشانگەیە یەکێکە لە کۆنترین و گرنگترین پێشانگە نیشتمانییەکانی هونەری هاوچەرخی نەرویج و مێژووی دامەزراندنەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٨٨٢؛ ئەو کاتە کۆمەڵێک هونەرمەندی نەرویجی، لەوانە کریستیان کروگ، فریتس تاولۆ و ئێریک ڤەرنسکیۆڵد، دژی شێوازی هەڵبژاردنی کاری هونەری لەلایەن کۆمەڵەی هونەری کریستیانیا ناڕەزاییان دەربڕی و داوایان کرد هەڵسەنگاندنی بەرهەمە هاوچەرخەکان لەلایەن پسپۆڕانی هونەرەوە بکرێت.
بەم شێوەیە یەکەمین پێشانگەی پاییزە لە ١٤ـی تشرینی دووەمی ١٨٨٢ بە بەشداری ٢٥ هونەرمەند کرایەوە و لە ساڵی ١٨٨٤ەوە پشتگیری دەوڵەتی وەرگرت و بە پێشانگەی نیشتمانی هونەری ناسرا.
تارا دەربارەی تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی پێشانگەکە دەکات و گوتی: یەکێک لە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی پێشانگەکە، شێوازی کراوەی ناردنی بەرهەم و هەڵبژاردنی کارەکانە لەلایەن ژوورێکی پێکهاتوو لە هونەرمەندانی پیشەیی؛ ئەمەش وای کردووە پێشانگەکە لە ماوەی زیاتر لە سەد ساڵدا ببێتە یەکێک لە پلاتفۆرمە گرنگەکانی ناساندنی ئاراستە و هونەرمەندە نوێکان لە نەرویج.
تارا عەبدوڵڵا جەختی لەوەش کردەوە: لە ساڵی ١٩٣٠ بەدواوە پێشانگەی پاییزە لە “ماڵی هونەرمەندان” لە ئۆسلۆ بەڕێوە دەچێت. لە مێژووی ئەم پێشانگەیەدا ژمارەیەک لە ناسراوترین هونەرمەندانی نەرویج بەشدارییان تێدا کردووە، لەوانە هونەرمەندی بەناوبانگی نەرویجی ئێدوارد مونک کە لە ساڵی ١٨٨٣ یەکێک لە یەکەم بەشدارییەکانی لەم پێشانگەیەدا هەبووە.
سەبارەت بە خولی ئەمساڵی پێشانگەکە، تارا عەبدوڵڵا دەڵێت: لە خولی ئەمساڵی پێشانگەکەدا، لە کۆی ٢٥١٥ داواکاری تەنیا ٨٣ هونەرمەند و گروپی هونەری هەڵبژێردراون، کە ٤٩ دانەیان بۆ یەکەم جارە بەشداری پێشانگەی پاییزە دەکەن و منیش وەک هونەرمەندێکی کورد یەکێکم لەوانە.
تارا عەبدوڵڵا باس لە نمایشکردنی تابلۆکەی خۆی لەو پێشانگەیە دەکات و دەڵێت: تابلۆی “یەکەم خوان”، بە شێوەیەکی گەورە و بە ئەکریلیک لەسەر کانڤاس دروستم کردووە و بەشێکە لە زنجیرەی بەردەوامی کارەکانم کە لەسەر پێکهاتە و قاڵبە جێندەرییەکان کارم کردووە. ئەم تابلۆیە لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٥ لە کارگەی کولتووری لە سلێمانی دروستم کردووە. “یەکەم خوان”، تابلۆیەکی بەرفراوانە بە بەرزی ١٩٠ سانتیمەتری و درێژی ٤٠٠ سانتیمەتری. لە ناو تابلۆکەدا من کۆبوونەوەیەکی خەیاڵیم لە دەوری مێزێک دروست کردووە و خۆم لەگەڵ ئەو هونەرمەندانە کۆکردۆتەوە کە کار و بیرۆکەکانیان کاریگەرییەکی قووڵیان لەسەر گەشەپێدانی زمانی هونەریی من داناوە.
تارا عەبدوڵڵا روونی کردەوە: لەسەر مێزەکە خواردنی ئاسایی نییە، بەڵکو هونەر خۆی دەبێتە خواردنی ئەم کۆبوونەوە خەیاڵییە؛ لە رێگەی نیگارکێشان، دامەزراندنی هونەری، جووڵە و بیرۆکەوە، گفتوگۆیەک لەنێوان نەوە و سەردەمە جیاوازەکانی مێژووی هونەر دروست دەکەم.
سەبارەت بە بیرۆکەی دروستکردنی ئەو تابلۆیە، تارا عەبدوڵڵا دەڵێت: بیرۆکەی ئەم تابلۆیە سەرچاوەی گرتووە لە خوێندنەوە و لێکۆڵینەوە لە کارەکانی هونەرمەندانی جیاواز و بینینی بەرهەمە رەسەنەکانیان. هەروەها بینینی بەرهەمەکانی هونەرمەندانی وەک ریچارد سێرا، پابڵۆ پیکاسۆ و مارینا ئابرامۆڤیچ، بۆ من هەستی گفتوگۆکردن لەگەڵ خودی هونەرمەندەکان لە رێگەی کارەکانیانەوە دروستم کردووە.
تارا عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوەش دا: تابلۆی “یەکەم خوان”، ئەم ئەزموونە دەگۆڕێت بۆ کۆبوونەوەیەکی خەیاڵی و لە رێگەیەوە دەپرسی چۆن هونەرمەندانی نەوەی نوێ لە نەوەکانی پێش خۆیان فێر دەبن، وەڵامیان دەدەنەوە و گفتوگۆی هونەری لەنێوان نەوەکان بەردەوام دەکەن. هەر بۆیە تابلۆکە لە پێشانگەی پاییزەدا لە بەشی سەرەتایی پێشانگەکە نمایش کراوە و لەسەر دیوارێک بە رەنگێکی نزیک لە برۆنز دانراوە.
تارا عەبدوڵڵا، خانمە هونەرمەندی شێوەکاری کورد، لە شاری سلێمانی لەدایکبووە و خوێندنی هونەری لە پەیمانگەی هونەر و کۆلێژی هونەر لە سلێمانی تەواو کردووە. ئێستا لە ئۆسلۆی نەرویج نیشتەجێیە و لە چوارچێوەی پڕۆگرامێکی پشتگیری هونەری لەگەڵ رێکخراوی “سەف‌ میوز” چالاکییە هونەرییەکانی خۆی دەکات. کارەکانی تارا تەنیا لە نیگارکێشان سنووردار نین، بەڵکو دامەزراندنی هونەری، دەنگ و کارکردن لە بۆشایی گشتییش لەخۆدەگرن. لە کارەکانی ئەودا بابەتەکانی وەک رەگەز، ناسنامە، پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان، ئەزموونی ژنان و کاریگەریی ژینگە و کۆمەڵگە لەسەر تاک، شوێنێکی دیاریکراویان هەیە.