ئەژین عەبدوڵڵا – هەولێر
زۆر کەس دوای خواردنی ژەمێکی چەور تووشی ئازارێکی توند لە بەشی سەرەوەی سکیان (ناوچەی گەدە) دەبن و، بە هەڵە پێیان وایە دڵەکزێ یاخود کێشەی سادەی کۆئەندامی هەرسە؛ بەڵام پزیشکانی پسپۆڕ هۆشداری دەدەن کە ئەم حاڵەتە لە زۆربەی کاتەکاندا نیشانەیەکی سەرەکیی بەردی زراوە.
د. شەبەن لەتیف تۆفیق، پسپۆڕی نەشتەرگەریی گشتی، ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم ئازارە کاتێک دروست دەبێت کە بەردێکی زراو بۆ ماوەیەکی کاتی ڕێڕەو یان دەرچەی زراو بگرێت.
پرۆسەی دروستبوونی ئازارەکە چۆنە؟
کاتێک مرۆڤ ژەمێکی دەوڵەمەند بە چەوری دەخوات، کیسەی زراو گرژ دەبێت بۆ ئەوەی شلەی زراو دەربدات کە ئەرکی سەرەکی هەرسکردنی چەورییەکانە لە ڕیخۆڵەدا. لە کاتی ئەم گرژبوونەدا، زراو بە توندی پاڵ بە بەردەکەوە دەنێت بەرەو دەرچەی کیسەکە؛ کاتێکیش پرۆسەی هەرس تەواو دەبێت و زراو خاو دەبێتەوە، بەردەکە دەگەڕێتەوە شوێنی خۆی لە ناو کیسەکەدا و ئازارەکەش بە کتوپڕی کەمی دەکات یان دەوەستێت.
هۆکاری هاتن و چوونی ئازارەکە چییە؟
• گرژبوونی کاتی: کیسەی زراو تەنها لە کاتی هەرسکردنی چەوریدا گرژ دەبێت، بۆیە ئازارەکە بەردەوام نییە و لە نێوان چەند خولەکێک بۆ چەند کاتژمێرێک دەمێنێتەوە.
• جووڵەی بەردەکە: بەردی زراو لە شوێنێکدا جێگیر نییە، بەڵکو گۆڕانی پێگە و جووڵەکەی دەبێتە هۆی گۆڕانی ئاستی توندیی ئازارەکە.
دیارترین نیشانەکان:
• سەرهەڵدانی ئازارێکی کتوپڕ و توند لە ناوچەی سەرەوەی سکدا.
• دەستپێکردنی ئازار لە دوای ژەمی چەور یان قورس.
چارەسەری پزیشکی:
لە زۆربەی ئەو حاڵەتانەی دەبنە هۆی دروستبوونی نیشانەی لەم شێوەیە، پێویستە نەشتەرگەریی لادانی کیسەی زراو (Cholecystectomy) ئەنجام بدرێت، بۆ ئەوەی ڕێگە بگرێت لە گیرانی هەمیشەییی بۆریی زراو، هەوکردنی توند، یان دروستبوونی لێکەوتەی مەترسیدارتر.

