عارف ڕوشدی
پرۆسەی نیشتمانسازی لە کوردستاندا کۆمەڵێک بڕیاری سیاسی، یاسایی و هەنگاوی کرداری لەخۆدەگرێت، کە دەبنە کۆڵەکەی درەوشاوەیی زیاتری پێگەی هەرێمی کوردستان و گەشانەوەی شێوازی دەسەڵاتداریی خۆماڵیی کوردەواری. لەو پێناوەشدا، بە هاوکاری و هەماهەنگیی حزبە سیاسییە بەشداربووەکانی حکومەت و پشتیوانی و هاندانی لێبڕاوانەی جەنابی سەرۆک بارزانی، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرکەوتوویی لەم ماوەیەدا چەند هەنگاوێکی کردەییی لە بواری پتەوکردنی (ژێرخانی کۆمەڵگەی کوردستانی) وەک بنەمای بابەتیی پرۆسەی نیشتمانسازی جێبەجێ کردووە، کە گرنگترینیان بریتین لە:
*یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا، وەک هەنگاوێکی چۆنایەتی کە جێگەی پێزانینێکی ناوازەیە لەسەر ئاستی جەماوەری، فەرمی، ناوخۆیی و دەرەکی.
*سەرکەوتنی پرۆژەی (هەژماری من) وەک پێشکەوتن و ڕێکخستنی کاری بانکیی سەردەمیانە.
*پێشکەوتنی جێبەجێکردنی پرۆسەی خزمەتگوزاری لە بواری (کارەبای ٢٤ کاتژمێری)
* بەردەوامیی پرۆژە سەردەمییەکانی ڕێگەوبان لە نێوان شارەکان و دەستڕاگەیشتن بە نۆژەنکردنەوە و چاککردنی ڕێگەی سەدان گوند و شارۆچکەی دەڤەرە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان.
*هاندانی دامەزراندنی پرۆژەکانی بواری (کشتوکاڵی، پیشەسازی و گەشتیاری) بە هەماهەنگی لە نێوان کەرتی گشتی و تایبەتدا.
ئەوانەی ئاماژەم پێ کردوون، هەندێک لەو هەنگاوانەن لە ئاستی بونیادی (ژێرخان)دا؛ بۆیە لە هێزە سیاسییەکان داواکراوە—بەتایبەتی لەم بارودۆخە ناهەموارەی ناوچەکەدا و بە هەند وەرگرتنی خواست و بەرژەوەندیی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان—هەستیارتر بن لە جێبەجێکردنی ئەرکە نیشتمانی و نەتەوەییەکانیاندا. لە پێش هەر بابەتێکی دیکەشدا: پەلەکردن لە کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە جێبەجێکردنی ئەم ئەرکە، (ژێرخان و سەرخان) هاوتەریب دەبن لەسەر ڕاستکردنەوە و بەرزڕاگرتنی (پرۆسەی کوردستانییانەی نیشتمانسازی).

