رۆژنامەی ھەولێر

عێراق ئەزموونێکی تاڵی لە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا هەیە

سلێمان تاشان – هە‌ولێر

ئەگەر هێزەکانی ئەمریکا لە کۆتایی ئەم مانگە بە تەواوەتی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بکشێنەوە ڕووداوەکە دەبێتە هەواڵێکی خۆش بۆ شانە نوستووەکانی داعش و هەموو ئەو گرووپە تیرۆریستییانەی لە دەرفەتێک دەگەڕێن تا بتوانن هێزی خۆیان کۆ بکەنەوە و جارێکی دیکە ببنەوە هەڕەشە بۆ سەر ناوچەکە و جیهان.

لەراستیدا ناوچەکە لەبەردەم گۆڕانکارییەکی وەرچەرخاندایە و عێراقیش کەوتووەتە چەقی ئەو گۆڕانکارییانە و بۆیەش هەر جۆرە هەڵەیەکی ستراتیژی دەتوانێت زیانێکی زۆری بۆ عێراق و ناوچەکە هەبێت. کۆتایی ئەم مانگە بڕیارە دوو شتی گرنگ ڕووبدات یەکەمیان کۆتاییهێنان بە چەک و چالاکیی گرووپە میلیشیاکانی عێراقە کە جگە لە زیان هیچ سوودێکیان بۆ عێراق نەبووە و دووەمیش کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانانە کە بە پێچەوانە سوودێکی زۆریان بۆ عێراق هەبووە و هۆکاری سەرەکی بوون لە تێکشکاندنی داعش.
بۆ پێشهاتی یەکەم ناوەڕاستی هەفتەی ڕابردوو میدیاکان ئەوەیان بڵاو کردەوە کە عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ چوارچێوەی هاوئاهەنگی بڕیاری چەکداماڵینی ئەو گرووپانە بۆ مانگی حوزەیرانی داهاتوو دواخست، ئەمەش لەبەر هۆکاری ئەگەری پێکدادان و تێکچوونی دۆخی سیاسیی و ئاسایشی عێراق و وا باش زانراوە چەکداماڵین بە شێوەی قۆناغ بە قۆناغ بێت و ئەو پرسەش لە میانەی سەردانەکەی بۆ ئەمریکا لەگەڵ کۆشکی سپی باس کراوە هەر چەندە هێشتا بە فەرمی ئەو بڕیارە لە لایەن ئەمریکا پەسند نەکراوە.
رۆژی هەینی دکتۆر فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانی گوتی، “لەگەڵ كشانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانان قۆناغێكی نوێ دەست پێ دەكات” ئەو باسی لە دۆسیەی چەكدانانی میلیشیاكانیش كرد و گوتی، “پلانێكی نوێمان هەیە لەسەر ئەم بابەتەیش گفتوگۆ بەردەوامە”. هاوکات ئاماژەی دا کە سنووردارکردن و کۆکردنەوەی چەک بەدەست دەوڵەتەوە تا حوزەیرانی ٢٠٢٧دەبێت.
ڕووداوی دووەم کشانەوەی هێزی هاوپەیمانانە کە دوای بڕیاری زەیدی ئەگەری کشانەوەی ئەو هێزانە زۆر لاوازتر بووە هەرچەندە بەپێی ڕێککەوتنی نێوان دوو وڵات کۆتایی ئەم مانگە بە دواین کاتی کشانەوەیان دەستنیشان کراوە.
هێزی هاوپەیمانان بە گشتی و ئەمریکا بە تایبەتی جگە لەوەی کە بە چەک و هێزی ئاسمانی یارمەتیی پێشمەرگە و سوپای عێراقیان دا بۆ ئەوەی داعش لەناوبەرن لە هەمان کاتدا ڕاهێنەری سەرەکی بوون بۆ هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق.
بەگشیی ئەگەر کۆتاییهێنان بە گرووپە میلیشیاکان بە قازانجی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق بێت ئەوا کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا زیانی بۆ سەقامگیری و ئاسایش لە عێراق دەبێت و لەوانەیە جارێکی دیکە گرووپی تیرۆریستیی داعش سەرهەڵبداتەوە.
خەڵکی عێراق ئەزموونێکی تاڵیان لە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق هەیە ساڵی ٢٠١١ کاتێک هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق کشانەوە، هەر زوو دۆخی عێراق تێکچوو و لە ماوەیەکی کەمدا چەندین گرووپی تیرۆریستی سەریانهەڵدا کە نەک زیانیان بە عێراق و هەرێمی کوردستان گەیاند بگرە بۆ هەموو ناوچەکە و جیهان بوون بە هەڕەشەیەکی مەترسیدار.
ئێستاش بۆنی ئەو مەترسییە دەکرێت و هەر لە ڕۆژان و هەفتەکانی ڕابردوودا چەندین شانەی نوستووی داعش لە عێراق ئاشکرا کران کە هەوڵیان هەبووە خۆیان ڕێک بخەنەوە، لە چەندین ناوچە مەترسییان دروست کردووە و دەستگیرکرانی چەندین ئەندامی داعش ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێت هیشتا ئەو گرووپە مەترسیدارە و خەون بەوە دەبینێت دووبارە هێز و چەک و خاک دەستەبەر بکاتەوە و ئامانجە گڵاوەکانی جێبەجێ بکات.
هەر جۆرە کشانەوەیەکی هێزەکانی ئەمریکا زیانی بۆ ئاسایشی عێراق هەیە و تەنانەت فەرماندەکانی سوپای عێراق و پێشمەرگەش دان بەو ڕاستییەدا دەنێن کە هێزەکانیان هێشتا پێویستیی بە ڕاهێنان و ڕاوێژ و چەک و پێداویستیی سەربازییە.
جگە لەمە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق کاریگەری نەرێنی لەسەر هێزە تایفییەکانی وەک سوننە و شیعە هەیە و ئەو مەترسییە لە ئارادایە جارێکی دیکە هەمان شەڕی تایفیی عێراق سەرهەڵبداتەوە بە تایبەتی ئەگەر حکوومەتی عێراق نەتوانێت گرووپە میلیشیاکان جڵەو بکات و هەمووان نەخاتە ژێر سێبەری یاسا و دەستوورەوە.
ئەگەر بەغدا سیاسەتێکی حەکیمانەی بۆ ئەو پرسە هەبێت و تەنیا بیر لە بەرژەوەندییەکانی خەڵکی عێراق بکاتەوە ئەوا دەتوانێت ئاگری کێشەی و قەیران و ئاڵۆزییەکان لە خۆی دوور بخاتەوە.