رۆژنامەی ھەولێر

توركیا لە چوارچێوەی پڕۆسەی چەكدانانی پەكەكە لەعێڕاق دەكشێتەوە

كارزان گلی – هە‌ولێر

توركیا و عێڕاق رێككەوتن، هێزەكانی توركیا لە خاكی عێڕاقدا بكشێتەوە، بەتایبەت لە باشیقە، بەڵام تاوەكوو ئێستا لەبارەی ناوەڕۆكی ئەو رێككەوتنە و چۆنییەتی كشانەوەكە و ئامانجی كشانەوەكە هیچ نەگوتراوە، تەنیا شڕۆڤەكاران قسەیان لەبارەوە كردووە.

لە ٢٠١٥، وەزارەتی بەرگری توركیا لەرێگەی پەرلەمانی وڵاتەكەیەوە بڕیاریدا هێز بنێرێتە باشیقە و چەند شوێنێكی تر و لەوێ بنكەی سەربازی دابمەزرێنن، هۆكارەكەش بوونی گروپی تیرۆرستی داعش بوو و ئەوكات توركیا دەیگوت، بۆ ئەوەی هاوكاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان بكەین لەچۆنییەتی رووبەڕووبوونەوەی داعش بنكەی سەربازیمان داناوە. هەروەها باسیان لەوەش دەكرد، بوونی پەكەكە لەو ناوچانە و بەتایبەت لە شەنگال، جێی نیگەرانیی توركیایە و بۆیە لەرێگەی بوونی بنكەی سەربازیییەوە، ئاساییشی وڵاتەكەی دەپارێزێت.
رەجەب تەییب ئەردۆغان و عەلی زەیدی، رێككەوتنیان كردووە هەموو هێزەكانی توركیا لەخاكی عێڕاق و هەرێمی كوردستان بكشێتەوە، چونكە ئیدی مەترسی داعش بوونی نەماوە و لەگەڵ چەكدانانی پەكەكەش بەشێوەیەكی كرداری، چەكدارانی پەكەكە لە شەنگالیش بوونیان نامێنێت، بۆیە بوونی هێزی توركیا پێشێلكردنی خاكی عیڕاقە.
ئاژانسی (BBC) توركی بڵاوی كردووەتەوە، ئەنكەرا و بەغدا رێككەوتنیان كردووە، كە تەواوی هێزەكانی پەكەكە لە شەنگال كۆتایی پێ بێت و شەنگال بكەوێتە دەستی عیڕاق، ئەوكات هێزەكانی توركیا دەكشێنەوە.
بەگوێرەی چەند سەرچاوەیەكی میدیایی، چەكدارانی پەكەكە دەچنە ناو سوپای عێڕاق و بۆ ئەمەشیان رێككەوتنیان لەگەڵ عێڕاقدا كردووە و تەنانەت بەشێكی زۆریشیان مووچە بەشێوەی ئەلكتڕۆنی و لەرێگەی كارتی بانكییەوە لەعێڕاق وەردەگرن، ئەمە پشتڕاست نەكراوەتەوە لەلایەن پەكەكە و حكوومەتی عێڕاقەوە، بەڵام قسەی زۆری لەسەر دەكرێت.
ئاژانسی ناوبراو باس لەوەش دەكات، توركیا لەچوارچێوەی پڕۆسەی ئاشتی و چەكدانانی پەكەكەدا، ئەو هەنگاوە دەنێت و هەنگاوێكی گرنگە، چونكە بەشێكی زۆری بوونی هێزی توركیا لە عێڕاق پەیوەندیی بەوەوە هەیە، پەكەكە بوونی لە شەنگال و چەند ناوچەیەكی تردا هەبوە، ئەم پڕۆسەیەش چەكدانانی پەكەكەیە و لەبەرامبەردا توركیاش هەنگاوی كرداری دەنێت بۆ ئەوەی شەڕ كۆتایی پێ بێت و ئیدی هیچ بەهانایەكی نییە بۆ مانەوەی هێزەكانی لە عێڕاق و هەرێمی كوردستان.
چاودێرانی سیاسی توركیا پێیانوایە، كشانەوەی هێزەكانی توركیا لەعێڕاق بەو مانایە نییە بوونی سەربازی توركیا كۆتایی پێ دێت و ئیدی بەهیچ شێوەیەك كاریگەریی سەربازی لەسەر عێڕاق نابێت، نەخێر بەغدا و ئەنكەرا، پەیوەندیی سەربازی و هەواڵگری زیاتر لە نێوانیاندا روو دەدات و زیاتر لەڕووی سەربازی و ئاساییشەوە لەیەكتری نزیك دەبنەوە.

ئایە كشانەوەی هێزەكانی توركیا رەزامەندی پەرلەمانی توركیای دەوێت؟
توركیا بۆ ئەوەی هێز بنێرێتە هەر وڵاتێك، یان بەشداری هەر شەڕێك بكات لەدەرەوەی توركیا، پێویستە رەزامەندی پەرلەمانی هەبێت، بۆ نموونە ئەوكاتەی هێزی ناردە عێڕاق، رەزامەندی پەرلەمانی بەدەستهێنا و شەرعییەتی لە پەرلەمان وەرگرت.
هەروەها ئەوكاتەی بڕیاریاندا هێرش بكەنە سەر عەفرین، بەهەمان شێوە رەزامەندی پەرلەمانی توركیا پێویست بوو و بەگۆی دەنگ رەزمەندی درا، بەڵام بۆ ئەوەی هێز بكشێنێتەوە، رەزامەندی پەرلەمانی ناوێت و تەنیا دەسەڵاتی سەركۆماری توركیای دەوێت و وەزارەتی بەرگریش جێبەجێی دەكات، ئەمەش بەگوێرەی گوتەی شڕۆڤەكارانی یاسایی توركیا.