كارزان گلی – هەولێر
مەنسوور یاڤاش، سەرۆكی گەورە شارەوانیی ئەنكەرا لەسەر لیستی جەهەپە، بەفەرمی جیابوونەوەی خۆی لە جەهەپە راگەیاند و ئاماژەی دا، ئیدی وەكوو سەرۆك شارەوانییەكی بێلایەن خزمەت و خەڵك و شاری ئەنكەرا دەكات.
دوای ئەوەی دادگای باڵای توركیا، كۆنگرەی ٣٨ی جەهەپەی هەڵوەشاندەوە و كەمال كلیچدارئۆغڵو، لە شوێنی ئۆزگوور ئۆزەل بووەوە بە سەرۆكی جەهەپە، ناكۆكی و جیابوونەوەی زۆر لەناو جەهەپە رویدا، دیارترینیان جیابوونەوەی ئۆزەل بوو، كە پارتێكی تازەی بەناوی پارتی نوێ دامەزراند و ٩٣ پەرلەمانتاری سەر بە جەهەپەی لەگەڵ خۆی بردە ناو ئەو پارتە.
یاڤاش، كە كەسایەتییەكی گرنگی ناو جەهەپەیە و چاوەكان لەسەر ئەو بوون ئاخۆ لەناو جەهەپە دەمێنێتەوە، یان دەچێتە پاڵ پارتی نوێ؟ دوای چاوەڕوانییەكی زۆر، لە هەژماری خۆی لە (X) بڵاوی كردەوە، دەست لەكاركێشانەوەی لە جەهەپە پێشكەش كردووە و ئیدی وەكوو سەرۆك شارەوانییەكی سەربەخۆ خزمەتی ئەنكەرا دەكات.
یاڤاش، نەهاتە ناو پارتی نوێش، لەكاتێكدا بنكەی جەماوەری پارتی نوێ، چاوەڕێی ئەوەبوون باڤاش بێتە ناو پارتی نوێ و پێگەی ئەو پارتە بەهێز بكەن.
چەند رۆژێك بەر لە ئێستا، یاڤاش سەردانی كۆشكی كۆماریی توركیای كرد و لەگەڵ رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا كۆبووەوە، پاشان لە سۆسیال میدیا بڵاوكرایەوە، یاڤاش خۆی لە ئەردۆغان نزیك دەكاتەوە، تا بتوانێت پارێزگاری لە پۆستی سەرۆكی شارەوانیی ئەنكەرا بكات چونكە دۆسییەی لەسەر كراوەتەوە و بەتۆمەتی گەندەڵی هەوڵ دراوە شارەوانییەكەی قەیوم بكەن و بۆ خۆشی بخەنە زیندانەوە.
ئەحمەد تاكان، نووسەری دیاری توركیا باس لەوە دەكات، یاڤاش نییەتی ئەوەی هەیە بۆ خولێكی تریش ببێتەوە بەسەرۆكی شارەوانیی ئەنكەرا، بۆ ئەمەشیان وەكوو بەربژێرێكی سەربەخۆ دەیەوێت شارەوانیی ئەنكەرا باتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەكانی تاكان، یاڤاش نابێتە سەرئێشە بۆ ئەردۆغان و نابێتە بەربژێری هیچ پارتێكی سیاسی بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆكایەتیی، چونكە بەگوێرەی هەموو راپرسیانەی ئەنجام دراوە، ئەگەر یاڤاش ببێتە بەربژێری هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆكایەتیی، بەئەگەرێكی زۆرەوە سەركەوتنی بەدەست دەهێنا، چونكە بنكەی جەماوەری ئۆپۆزسیۆنی توركیا ئەویان قبوڵە و لەهەڵبژاردنی شارەوانییەكانی ٢٠٢٣شدا، بەجیاوازی ١٤٪ لەبەربژێری ئاكەپەی بردەوە.
یاڤاش هەردوو پارتی رەتكردەوە جەهەپە و پارتی نوێ، ئەمەش زیانی بۆ پارتی نوێ دەبێت، چونكە ئەگەر ئەو بهاتایەتە ناو پارتی نوێ، بنكەی جەماوەری ئەو پارتە زیادی دەكرد و بەهێز دەبوو، بەڵام بەنەهاتنی یاڤاش دەنگی پارتی نوێ پەرش و بڵاودەبێت و ئەستەم دەبێت لە هەڵبژاردنی داهاتوو سەركەوتن بەدەست بهێنن، ئەردۆغانیش هەر ئەوەی دەوێت و سیاسەتی پەرتكردنی ئۆپۆزسیۆنی پەیڕەو كردوە تا بتوانێت بۆ خولێكی تریش لەسەر كورسی سەرۆكایەتی بمێنێتەوە.
مەنسوور یاڤاش، لەناو جەهەپەدا كێشەی لەگەڵ ئەكرەم ئیمامئۆغڵو هەبووە، بەوەی پێی باش نەبوو ببێتە بەربژێری هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ٢٠٢٨، ئەو پێی وابوو دەبوایە جەهەپە پەلە نەكات و كۆبوونەوەی زیاتر بكات. هەروەها زۆری حەز دەكرد بۆ خۆی ببێتە بەربژێر و قبوڵی نەبوو ئیمامئۆغڵو كەسی یەكەمی ناو جەهەپە بێت، بۆیە كاتێك ئیمامئۆغڵو دەستگیر كرا و كۆنگرەی ٣٨ی جەهەپەش هەڵوەشایەوە، باشترین دەرفەت بوو بۆ یاڤاش تا بڵێت نایەتە ناو ئەو هەرا و ناكۆكییەی نێوان جەهەپە و بەسەربەخۆیی سیاسەت دەكات.

