ماکوان عێزەت – هەولێر
ڕۆژانە بەشێکی زۆری هاووڵاتیان بە دەست کێشەی وەک باوبژ (غازات)، هەڵئاوسانی سک و دڵەکزەوە دەناڵێنن؛ گرفتەکە زۆرجار پەیوەندیی بە شێوازی هەڵبژاردنی ژەمە خۆراکییەکانەوە هەیە. شارەزایانی بواری پزیشکی هۆشداری دەدەن کە پشتگوێخستنی ئەم نیشانانە زیان بە کارایی کۆئەندامی هەرس دەگەیەنێت و پێویستە خۆراکەکان بە وریاییەوە دیاری بکرێن.
لەو چوارچێوەیەدا، د. هێمن حوسێن کاکە عەلی، پسپۆڕی وردی نەشتەرگەریی کۆئەندامی هەرس، جگەر، پەنکریاس و نەشتەرگەریی قەڵەوی بە ناوسکبین (لاپەرۆسکۆپی)، ڕێگای دەربازبوون لەم گرفتانە ڕوون دەکاتەوە و ئامۆژگاریی هاووڵاتیان دەکات کە ئەم هەشت خۆراکە لە بەرنامەی ڕۆژانەیاندا جێگیر بکەن:
• زەنجەفیل: بە تایبەتمەندیی دژەهەوکردن و دژەبەکتریای خۆی ناسراوە، جووڵەی گەدە چالاک دەکات و دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی هەڵئاوسان و نەهێشتنی غازات.
• نەعنا: ئارامکەرەوەیەکی بەهێزی ماسولکەکانی کۆئەندامی هەرسە، دژەژەهر و دژەهەوکردنە، و ڕێگری لە کڕژبوون دەکات.
• ماست: سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندی بەکتریای سوودبەخشە (پڕۆبایۆتیک) کە هاوسەنگیی فلۆرای ڕیخۆڵە دەپارێزێت و کرداری هەرس خێرا و ئاسان دەکات.
• پەتاتەی شیرین: جیا لەوەی ماددە خۆراکییەکانی سوودی زۆریان بۆ پاراستنی تەندروستیی پێست هەیە، یارمەتیدەرێکی سەرەکیشە لە ئارامکردنەوەی دیوارەکانی کۆئەندامی هەرسدا.
• ئەڤۆکادۆ: دەوڵەمەندە بە چەورییە تەندروستەکان، پارێزگاری لە فرمانی هەرس دەکات و بارگرانی لەسەر پەنکریاس کەم دەکاتەوە.
• شۆفان: بەهۆی هەبوونی ڕێژەیەکی بەرز لە ڕیشاڵ (فایبەر)، بەشدارە لە پاککردنەوەی ڕیخۆڵە باریکە و ئەستوورەدا و ڕێگری لە قەبزی دەکات.
• سێو: لە هەردوو جۆری ڕیشاڵی تواوە و نەتواوە پێک دێت؛ کاتێک بە توێکڵەوە دەخورێت، بڕێکی زۆر لە ڕیشاڵی نەتواوە دابین دەکات کە تەندروستیی ڕیخۆڵەکان بەرز دەکاتەوە.
• مۆز: پێکهاتەیەکی دەوڵەمەندە بە پۆتاسیۆم، بە خۆراکێکی گونجاو بۆ هێورکردنەوەی ڕیخۆڵەکان دادەنرێت و یارمەتیی ڕاگرتنی سکچوون دەدات.

