رۆژنامەی ھەولێر

کارۆش تەها کاندیدی خەڵاتی کتێبی ئەڵمانییە بۆ ساڵی ٢٠٢٦

محمد لادێ – هه‌‌ولێر

نووسەر و ڕۆماننووسی کورد کارۆش تەها، دەستکەوتێکی ئەدەبیی گرنگی نێودەوڵەتیی تۆمار کرد و، بە فەرمی ناوی خرایە کێبڕکێی خەڵاتی بەناوبانگی کتێبی ئەڵمانی (Deutscher Buchpreis) بۆ ساڵی ٢٠٢٦.

ئەم کاندیدکردنەی کارۆش تەها بۆ نوێترین ڕۆمانیەتی کە تێیدا تیشک دەخاتە سەر ئازار و مەینەتییەکانی گەلی کورد، هاوکات ئاڵۆزییەکانی ناسنامە و ستەمی ڕژێمە دیکتاتۆرییەکان دەخاتە ڕوو. ڕۆمانەکە سەرنجی بەرفراوانی ڕەخنەگرانی ئەدەبیی ئەڵمانیای بۆ خۆی ڕاکێشاوە و وەک دەنگێکی جیاواز لە ئەدەبیاتی هاوچەرخدا سەیر دەکرێت.
خەڵاتی کتێبی ئەڵمانی بە یەکێک لە بەرزترین و بەنرخترین خەڵاتە ئەدەبییەکانی ئەڵمانیا و ئەورووپا دادەنرێت کە ساڵانە بە باشترین ڕۆمانی نووسراو بە زمانی ئەڵمانی دەبەخشرێت. کارۆش تەها لەدایکبووی شاری زاخۆیە و لە ئەڵمانیا نیشتەجێیە، پێشتریش بە ڕۆمانەکانی وەک “لە سکی شاکوڕژندا” دەنگدانەوەیەکی گەورەی لە ناوەندە ئەدەبییەکاندا دروست کردبوو. ئەم کاندیدبوونەش هەنگاوێکی جیاوازە لە ناساندنی زیاتری دۆز و ئەدەبیاتی کوردی لە سەرانسەری ئەورووپادا.