ئهمرۆ سێشهممه رێكهوتی 22.9.2026 ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بە ئامادەبوونی سیروان عوسمان، بەڕێوەبەری گشتی هونەر و ڕۆشنبیری هەولێر، و ژمارەیەکی بەرچاو لە هونەرمەندان و ڕۆشنبیران، پێشانگای تایبەت بە کاری دەستی فۆلکلۆرناس سەلاح سەباح کەلهووری لە گەلەری «میدیا» کردەوە.
ئەم پێشانگایە لەلایەن کۆمەڵەی هونەر و وێژەی کوردی مەڵبەندی گشتی هەولێر، بەهەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتی گشتی هونەر و ڕۆشنبیری هەولێر،ئامادە و ڕێکخرابوو، تێیدا کۆمەڵێک لە بەرهەمە دەستکردە هونەرییەکانی فۆلکلۆرناس سەلاح سەباح کەلهووری نمایشكرابوون .
بەرهەمەکانی پێشانگاکە بە شێوەیەکی هونەری و بە بەکارهێنانی ڕەنگ و شێوەی جۆراوجۆر دروستکراون و لە ڕێگەی ئەم کاری دەستییە هونەرییانەوە، بەشێک لە ڕەسەنایەتی، کەلتوور و شێوازی ژیانی کۆمەڵگەی کوردی، بە تایبەتی ژیانی سروشتی گوند و کۆمەڵگەی کوردەواری، خرابوونه ڕوو.
ئەم پێشانگایە هەروەها جەخت لەسەر گرنگی پاراستن و بەردەوامکردنی میراتی مادی و مەعنەوی کوردی دەکاتەوە و کاری دەستی و هونەرە فۆلکلۆرییەکان وەک بەشێک لە ناسنامەی کەلتووری و هونەری کۆمەڵگە دەخاتە بەردەم بینەر.
لە پێشانگاکەدا، پارێزگاری هەولێر، به ناوەڕۆک و تایبەتمەندییەکانی بەرهەمە هونەرییەکانی پێشانگاکە خۆشحاڵبوو، دهستخۆشی و پاڵپشتی بۆ هونهرمهندی فۆلکلۆرناس سەلاح کەلهووری دهربڕی .

