رۆژنامەی ھەولێر

سەندیکای هونەرمەندانی وڵاتێكی ئەوروپایی ڕێز لە كەسایەتیەكی كورد دەگرێت

ئاریان دەرگەڵەیی – هە‌ولێر

 

بۆ یەكەمین جار لە سەندیکای هونەرمەندانی وڵاتێكی ئەوروپی مەدالیایەك دەبەخشێتە كەسایەتیەكی كورد و ڕێزی لێ دەگرێت.

زیاد ڕەئووف بە مەدالیای ١١٥ ساڵەی دامەزرانی سەندیکای هونەرمەندانی پۆلۆنیا ڕێزی لێ گیرا.
ئەم ڕێزلێنانە لەلایەن دەستەی بەڕێوەبەری لقی کراکۆف (Kraków)ـەوە بەخشرا وەك ڕێزلێنانێك بۆ هاوكارییە درێژخایەنەكەی لەگەڵ كۆمەڵگەی هونەری و پابەندبوونی بە پەرەپێدان و ناساندنی هونەر.
خەڵاتەكە ڕێزلێنانێكە بۆ ئەو كەس و دەزگایانەی كە پاڵپشتی هونەرمەندان دەكەن و بەشدارن لە بوونی هونەر لە ژیانی كۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری ناوچەكەدا.
ئەم مەدالیایە لە پێناو ئەو ١٥ ساڵ هاوکارییەی پێ بەخشراوە لەگەڵ لقی کراکۆف و پشتگیریكردنی هونەرمەندانی شێوەكاری پۆڵەندی و یارمەتییەكانی بۆ پێشخستن و ناساندنی كارەكانیان و هەوڵەكانی بۆ ناساندنی زیاتری هونەر بە كۆمەڵگا.
پاساوی ئەو شەرەفە جەختی كرد لەسەر میهرەبانی و هۆشیاریی ناوبراو لە ڕۆڵ و گرنگی هونەر بۆ گەشەپێدانی ڕۆشنبیری و كۆمەڵگە بە گشتی.

بەخشینی ئەو مەدالیایە، لوتكەی هاوكارییە درێژخایەنەكانی زیاد ڕەئووفە لەگەڵ كۆمەڵگەی هونەری. توخمێكی سەرەكی ئەم هاوكارییە پشتگیریكردن بوو لە هونەرمەندانی شێوەكاری و پەیكارساز و جۆرەكانی تری هونەری بینراو، هەروەها بەرەوپێشبردنی كارەكانیان و دروستكردنی دەرفەت بۆ پێشكەشكردنی هونەرەكەیان بۆ خەڵك و كۆمەڵگا.
زیاد ڕەئوف دەیان ساڵە پەیوەندییەكی فراوانی بە چالاكییە كولتوورییەكان و پاڵپشتی هونەریەوە هەیە.
لە بەڵگەنامەی خەڵاتكردنەكەدا وەك پاترۆنێكی بەردەوامی هونەر وەسف دەكرێ.
ئەم مەدالیایە گرنگییەكی تایبەتی هەیە بۆ ئەو كەسەی كە خەڵاتی پێ بەخشراوە، چونكە ڕاستەوخۆ پێدانان و ڕەنگدانەوەی هاوكاری درێژخایەنە لەگەڵ یەكێك لە كۆنترین و گرنگترین كۆمەڵگە هونەریەكانی ئەوروپایە.
سەندیکای هونەرمەندانی پۆڵەندا ١١٥ ساڵوەگەڕی دامەزراندنی خۆی یاد دەكاتەوە. ئەم ڕێكخراوە لە ساڵی ١٩١١ لە کراکۆف دامەزرا و بە تێپەڕینی زیاتر لە سەدەیەك، بووەتە یەكێك لە ڕێكخراوە ناسراوەكانی هونەری بینراو لە پۆڵەندا.

لە کراکۆفەوە بۆ سەرانسەری پۆڵەندا
بەپێی مێژووی فەرمی ئەم سەندیکایە، بیرۆكەی دامەزراندنی ڕێكخراوەكە لە ١٥ی جانیوەری ١٩١١ لە كۆبوونەوەی هونەرمەندانی کراکۆف لە سەرەتای پێكهێنانی یەكێتییەكی نوێی هونەرمەندان بوو. لیۆن كاونسلوسكی لەو كۆبوونەوەیەدا پێشنیاری دامەزراندنی ڕێكخراوێكی هاوبەشی هونەرمەندان كرد.
ئامانجی سەرەتایی ئەو یەكێتییە تەنها پەرەپێدانی هونەر نەبوو؛ بەڵكو هەوڵی دروستكردنی پشتگیرییەكی پیشەیی و كۆمەڵایەتی بۆ هونەرمەندانی وەك نەقاش، پەیكەرتاش و هونەرمەندانی بینراو بوو.

ڕێكخراوێك بۆ چەندین جۆری هونەر
ئەمڕۆ ئەم سەندیکایە نزیكەی ٤٥٠٠ هونەرمەند لە بواری هونەرە بینراوەكان كۆدەكاتەوە. ئەندامەكانی لە بوارەكانی نەخشەكێشان، وێنەكێشان، پەیكەرتاشی، میدیای نوێ، سیرامیك، شوشە، ڤیتراژ، جلوبەرگ و تێكستایل، دیزاینی پیشەسازی، دیزاینی ناوخۆ، سینۆگرافی، پاراستنی كاری هونەری و فۆتۆگرافی كار دەكەن.
هەروەها سەندیکاكە لە ئێستادا ٢١ لق/ناوچە لە شارە گەورەكانی پۆڵەندا هەیە و چالاكییەكانی لە نمایشگا و پڕۆژە هونەرییە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەكاندا بەردەوامە.
هەروەها خۆی سەندیکاكە بۆ ساڵیادی ١١٥ ساڵەكە، لە كۆتایی ٢٠٢٥دا بە بڕیاری ژمارە ١٧١ لوگۆی فەرمیی ساڵیادی دیاریكردووە.