سلێمان تاشان – هەولێر
حکوومەتی عێراق هیچ ساڵێک هێندەی ئەمساڵی زایینی لە قەیرانی داراییدا نەبووە و بۆ ماوەی چەندین مانگ لە داهاتی نەوت بێبەش بووە، ئەمە وایکردووە قەرزێکی زۆر لەسەری کەڵەکە ببێت و ئومێد هەیە لەگەڵ بەرزبوونەوەی قەبارەی هەناردەی نەوت لە داهاتوودا بەشێک لە باری قەرزەکانی سووک بکات.
حکوومەت بۆ دابینکردنی خەرجیی مانگانەی دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان و مووچەی فەرمانبەران پێویستی بە نزیکەی دە ترلیۆن دینار هەیە بەڵام ئەو داهاتەی لە فرۆشتنی نەوت دەستی کەوتووە لە خەرجییەکانی زۆر کەمتر بووە و بۆیەش بە ناچار هانای بۆ قەرز بردووە.
بەپێی دوایین ئامارەکانی بانکی ناوەندیی عێراق، قەرزی گشتیی ناوخۆیی تا سەرەتای مانگی ئابی ئەمساڵ نزیک کەوتووەتەوە لە سەد و دە ترلیۆن دینار. بانکەکە ڕوونی کردووەتەوە تا سەرەتای ئەمساڵ قەبارەی قەرزەکانی نزیکەی نەوەد و یەک ترلیۆن دینار بووە.
ئەمە دەیسەلمێنێت حکوومەتی عێراق لە ماوەی حەوت مانگدا نۆزدە ترلیۆن دینار قەرزی کردووە. ئەگەر بە تێکڕا لێکی بدەینەوە مانگانە دوو ترلیۆن و حەوتسەد و پازدە ملیار دینار قەرزی کردووە.
راستییەکە ئەوەیە هەر لەو ماوەیەدا مانگ هەبووە داهاتی حکوومەت لەسەرووی خەرجییەکانی بووە و تەنانەت پارەی زیادەشی بۆ ماوەتەوە کە مەبەست مانگەکانی کانوونی دووەم و شوباتە کە هێشتا جەنگ دەستی پێ نەکردبوو و عێراق ڕۆژانە سێ ملیۆن و چوارسەد هەزار بەرمیل نەوتی هەناردە دەکرد، بەڵام لە مانگەکانی سێ تا حەوت کەمترین داهاتی دەستەبەر کرد و قەرزەکە پەیوەندی بەو پێنج مانگەوە هەیە.
هەر خۆی بانکی ناوەندیی عێراق دەڵێت قەرزەکان لە کۆتایی مانگی ئایار سەد و سێ ترلیۆن و دووسەد ملیار دیناری دەرباز کرد کەوایە تەنیا لە مانگەکانی سێ و چوار و پێنجی ئەمساڵ نزیکەی سێزدە ترلیۆن دینار و لە مانگەکانی شەش و حەوت واتە حوزەیران و تەمووز شەش ترلیۆن دینار قەرز کراوە.
قەرزە ناوخۆییەکان مەبەست لێی ئەو پارەیەیە کە حکوومەت لە بانکی ناوەندی وەریدەگرێت، کاتێک حکوومەتی بە ناچاری بۆ دابینکردنی مووچە هانا بۆ یەدەگی فیدراڵی دەبات، ڕاستە پارەکە هیی دەوڵەتی فیدراڵییە بەڵام بۆ حکوومەت بە قەرز هەژمار دەکرێت.
بانکەکە خۆی ئاماژەی داوە کە قەبارەی گشتیی ئەو قەرزە دەگاتە حەفتا و دوو ترلیۆن و پێنجسەد ملیار دینار. قەرزێکی دیکە پەیوەندی بە بەڵگەنامە داراییەکان و حەواڵاتی گەنجینەوە و قەرزی دیکەی ناوخۆیی وەک کۆمپانیاکان و هاووڵاتییان هەیە.
هەر چییەک بێ کەڵەکەبوونی قەرز لەسەر حکوومەتی عێراق شتێکی باش نییە و ئاسایشی دارایی عێراق دەخاتە مەترسییەوە.
مانگی ڕابردوو نزار ناسر، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق لە میانەی کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمان، یەدەگی نەختینەیی عێراقی بە حەفتا و حەفت ملیار و پێنجسەد ملیۆن دۆلار ڕاگەیاندبوو و گوتبووی یەدەگی فیدراڵی پێشتر سەد و نۆ ملیار ملیار دۆلار بووە و سی و یەک ملیار و پێنجسەد ملیار دۆلاری لێ کەم کراوەتەوە و زۆربەی ئەو یەدەگەش بۆ پێدانی مووچەی فەرمانبەران خەرج کراوە.
هەموو ئومێدێکی حکوومەتی عێراق ئەوەیە هەر چی زووە هەناردەی نەوت ئاسایی بکاتەوە و لە ڕێی فرۆشتنی نەوت دۆخەکە پێچەوانە بکاتەوە و لە جیاتی ئەوەی قەرزی زیاتر لەسەری کەڵەکە ببێت ئەم جارە بەو پارە زیادەیەی لە فرۆشتنی نەوت و داهاتی نانەوتی دەستی دەکەوێت هەوڵ بۆ سووککردنی قەرزەکانی بدات.
هەناردەی نەوتی عێراق لە مانگی حوزەیرانەوە ڕووی لە بەرزبوونەوە کردووە و باس لەوە دەکرێت عێراق لەم مانگەدا ڕۆژانە نزیکەی سێ ملیۆن بەرمیل نەوتی فرۆشتووە و بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهانی بەرزە ئەگەر لەبەر ڕێگرییەکانی هورمز نەوتەکەی هەرزانفرۆش نەکردبێت ئەوا داهاتێکی باشی دەستکەوتووە و بە مەرجی سەقامگیری و ڕوونەدانی هیچ ڕووداوێکی نەخوازراو دەتوانێت دۆخە داراییەکەی بەرەو ئاساییبوونەوە ببات.

