كارزان گلی – هەولێر
ئەو كەسایەتییەی زۆر نەژادپەرست بوو و دەستی هەبووە لە كوشتنی دەیان كورد لە مێردینی باكووری كوردستان، لەلایەن ئاساییشی ئیستانبۆڵەوە دەستگیر كرا.
حەسەن ئاتیلا ئۆغوور، سەردەمانێك پۆستی باڵای هەبوو لەناو دەزگای هەواڵگری توركیا، پاشان بووە بەڕێوەبەری پۆلیسی شاری مێردین، بەهۆی دۆسییەی كوشتنی كەسێكەوە بەناوی كاشیف كۆزینئۆغڵو لەناو فڕۆكەخانەی ئیستانبۆڵ دەستگیر كرا.
لە ٢٠١١، حەسەن ئاتێلا و كۆزینئۆغڵو و چەند كەسێكی تر كە پێشووتر لە دەزگای هەواڵگری توركیا كاریان كردووە، لەسەر دۆسییەی ئەرگەنەكۆن دەستگیر كرابوون، بەڵام شەوێكیان لەناكاو هەواڵی مردنی كۆزینئۆغڵو لەناو ژوورەكەی بڵاوبووەوە، كە حەسەن ئاتێلای لەگەڵ بووە لە ژوورەكەدا، گومان لە ئاتێلا كرا كوشتبێتی، بەڵام دادوەر لەسەر ئەو دۆسیەیە ئاتێلای ئازاد كرد.
دوای ١٥ ساڵ، ئەو دۆسیەیە كرایەوە و گومان هەبوو لەناو زیندان كۆزینئۆغڵو كوژرابێت و ئاتێلا ئەوی كوشتبێت، بۆیە لەناو فڕۆكەخانەی ئیستانبۆڵ دەستگیریان كرد.
حەسەن ئاتێلا، ئەوكاتەی بەڕێوەبەری پۆلیسی مێردینی باكووری كوردستان بوو، لە ١٩٩٠ تۆمەتبار بوو بە كوشتنی ٢٢ هاووڵاتی كورد، كە لەناكاو ئەو ٢٢ هاووڵاتییە ون بوون و پاشان تەرمەكەیان دۆزرایەوە و ئەوكات گومان هەبوو ئاتێلا ئەو كوردانەی كوشتبێت، بەڵام دادوەر لەسەر ئەو دۆسیەیە سزای نەدا و دۆسیەكەیان داخست، لە كاتێكدا خەڵكی مێردین دەڵێن هیچ گومانی تێدا نییە ئاتێلا ئەو ٢٢ كوردە بێتاوانەی كوشتووە.
ئەوكاتەی بەڕێوەبەری پۆلیسی مێردین بوو، ئەوەندە زوڵمی دەكرد و دژایەتی كوردی دەكرد، لە دیمانەیەكدا گوتی ”من خودای مێردینم و چیم بوێت دەیكەم“
ئەوكاتەی عەبدوڵا ئۆجەلان، سەرۆكی زیندانیكراوی پەكەكە دەستگیر كرا لە ١٩٩٩، ئاتێلا یەكێك بوو لەو كەسانەی لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا كرد و پاشان لە دیمانەیەكی تەلەڤزیۆنیدا زۆر سووكایەتی بە ئۆجەلان كرد.
ئاتێلا، لە ١٦ی ئۆكتۆبەر خۆی گەیاندە كەركووك و گوتی حەز دەكەم شكستی كورد بەچاوی خۆم ببینم و لە كەركووكەوە دەیگوت پێشمەرگە شكستی هێنا و حەشدی شەعبی كە ١٠ هەزار چەكداری توركمانی تێدایە كەركووكیان ئازاد كرد.
بەوەشەوە نەوەستا باسی لە ریفڕاندۆم بۆ سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان كرد و گوتی ”خەونی بارزانی كۆتایی هات، ئیدی ناتوانێت دەوڵەتی كوردی رابگەیەنێت“
ئاتێلا زۆر رقی لە سەرۆك بارزانییە و نەیشاردووەتەوە ترسی زۆری لە سەرۆك بارزانی هەیە بەوەی هەوڵ دەدات دەوڵەتی كوردی دروست بكات و دەڵێت پێویستە رێگەی لێ بگیرێت.
میدیاكانی سەر بە ئاكەپە، زۆر بەخراپی باسی ئاتێلا دەكەن و ئەوانیش تۆمەتباری دەكەن بەوەی زۆر زوڵمی لە كورد كردووە لە مێردینی باكووری كوردستان و هەروەها بەشێكی زۆری میدیاكانی توركیا، دەستگیركردنی ئاتێلا شۆكی نەكردوون و یەك كردەوەی باشی ئەو كەسایەتییە باس ناكەن، تەنانەت میدیای ئۆپۆزسیۆنیش، ئەمەش سەلمێنەری ئەوەیە، ئاتێلا شایەنی ئەوە بووە دەستگیر بكرێت و لە سۆسیال میدیاش هاوولاتیانی كورد و تورك، دڵخۆشن بەدەستگیركردنی و دەڵێن پێویستە بەسزای خۆی بگات.

