وەرگێڕانی شۆڕش غەفووری
بە ڕووکار، خوێندنەوە کردەیەکە زۆر سادە دیارە. لە جیهانی ئەمڕۆ، هەر لە منداڵییەوە لەگەڵ کتێب و دیاردەی خوێندنەوە ئاشنا دەبین و وەک شتێکی ئاشکرا و بەڵگەنەویست وەریدەگرین، بەڵام ئەگەر باش بیری لێبکەینەوە، هەرگیز بەم شێوەیە نییە. بۆچی ئەم کتێبە تایبەتە دەخوێنیتەوە؟ چەندی لە بیرتدا دەمێنێتەوە؟
هێندە بەسە کە بیر لەو کتێبانە بکەیتەوە پارساڵ خوێندووتنەوه. بیر لەو چیرۆکانە بکەرەوە کە خوێندووتنەوه، ئاخۆ ناوی کەسایەتییەکانیت لەبیرە؟ ئەی ڕووداوەکانی؟ دەی ئەگەر بڕیار بێت بەشی هەرە زۆری ئەوەی دەێخوێنیتەوە لە بیرت بچێتەوە، داخم مافی ئەوەت نییە هەندێک لە کتێبەکە یا هەر کتێبەکە بە تەواوی نەخوێنیتەوە؟!
ئاوڕێک لە ڕەفەی کتێبەکانت بدەرەوە، چەند کتێبت هەیە کە بە پارەیەکی زۆر کڕیوتن و هێشتا نەشتخوێندوونەتەوە؟ بە خۆت دەڵەیت: ڕۆژێک هەر دێت دەیانخوێنمەوە، هەرچەندە دیار نییە کەیە، بەڵام هەر بوونیان باشترە لە نەبوونیان. کەی ئارەزووت کرد، دەتوانیت بیانخوێنیتەوە. لە بەرامبەریشدا ژمارەیەکی زۆر کتێب هەن کە خوێندووتنەوە، بەڵام ئامادە نیت بیانبەخشیتە کەسێکی تر و وەک ئازیزێک ئاگادارییان دەکەیت.
ئێستا بە هاتنی کتێبی ئۆنلاین یا کتێبی ئەلیکترۆنی، دۆخەکە ئاڵۆزتریش بووەتەوە. نە کتێبێک هەیە و نه کاغەزێک هەیە لەمس و بۆنی بکەیت و و نه بەرگێکی ڕەق. باشە کتێبی ئەلیکترۆنی چ جیاوازی و لێکچوونێکیان لەگەڵ کتێبی کاغەزی و چاپکراو هەیە؟ ئاخۆ پەیوەندیی ئێمە وەک خوێنەر لەگەڵ کتێبە ئەلیکترۆنییەکان، هەمان پەیوەندییە لەگەڵ کتێبە چاپکراوە کاغەزییەکان؟
پرسیارێکی تر: کوێ بۆ خوێندنەوە شوێنێکی گونجاوترە؟ کتێبخانە، یا پشت مێزی نووسین؟ ئاخۆ بە پاڵدانەوە بخوێنینەوە یا لەسەر قەنەقەیەکی خۆش و ئاسوودە؟ بە ڕاکشانەوە خوێندنەوە خۆشە یا پێش خەوتن؟ یان ڕەنگە لە توالێتێکی جوانی غەربی؟ وەڵامی تۆ بۆ هەریەک لەمانە، واتایەکی تایبەتی هەیە.
پرسیارێک دەربارەی خوێندنەوە!
بەهەرحاڵ، خوێندنەوە کردەیەکی سادە نییە. لەمبارەشەوە بۆچوون و پرسیارگەلێکی زۆر هەن. فەیلەسوف و بیرمەندە گەورەکانی وەک (ئیمبێرتۆ ئێکۆ – Umberto Eco)، (ژان کڵۆد کاریەر – Jean-Claude Carrière)، (هێنری میلەر – Henry Miller)، (پیێر بایار – Pierre Bayard) و زۆری تر لەم بارەوە وتاریان نووسیویانە و قسەیان کردووە. بۆیە ئێمەی خوێنەریش، سروشتییە بیر لەم پرسیارانە بکەینەوە. لێرەدا هەندێک لەو کتێبانەی کە دەربارەی کتێبخوێندنەوەن، دەناسێنین:
هێزی خوێندنەوە:
ئێستا، لە سەردەمێکدا دەژین کە هەموو شتێک، هەر لە پەیوەندییە مرۆییەکانەوە بگرە تا کاروکاسپیە ئابووری و بازرگانییەکان، کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی سفر و یەکەوە، بەڵام زیاتر لە هەمووی، نیگەرانییەک هەیە: ئەویش مەرگی کتێبخوێندنەوەیە بەهۆی دەرکەوتنی ئەنتەرنێت. (فڕانک فۆردی – Frank Furedi) لە کتێبەکەی خۆیدا بە ناوەی (هێزی خوێندنەوە: لە سوقراتەوە تا توییتەر – Power of Reading: From Socrates to Twitter)، هەوڵی داوە بە پێداچوونەوەی ڕەوتی مێژوویی «خوێندنەوە، بگاتە وەڵامی ئەم پرسیارەی کە ئاخۆ بەڕاستی بەرامبەر مەرگی کتێبخوێندنەوە، تاوانباری سەرەکی ئەنتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانن؟
ناوونیشانێکی نائاسایی:
(چۆن دەربارەی ئەو کتێبانەی کە نەمانخوێندوونەتەوە، قسە بکەین؟ – How to Talk About Books You Haven’t Read?) کارێک کە هەندێک کەس دەیکەن و هەمیشەش ئەمە وەک کارێکی لۆمەکراو و بێتام سەیر کراوە، بەڵام (پیێر بایار) لەمبارەوە بوێری هەبووە و کتێبێکی نووسیوە و تیایدا نەک هەر ئەم کارەی پشتڕاست کردووەتەوە بەڵکو ڕێگاکانیشی پێشانداوین. لە ڕوانگەی بایارەوە تەنها کتێبخوێندنەوە نییە کە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی کلتوور یان زانیاریی کەسەکە.
ناوونیشانێکی سەرنجڕاکێش:
(خوێندنەوە لە توالێت – Reading in the Toilet) سەیر نییە کە (هێنری میلەر) نووسەری ئەمریکی کە بە پێکهاتەشکێنی هەم ژیانی تایبەتی و هەم نووسین بەنێوبانگ بوو، بابەتێک بنووسێت بە ناوی خوێندنەوە لە توالێت. بەڵام ئەوەی لەم نووسینە هونەر و گەورەیی میلەر دەردەخات، دەربڕینی کۆمەڵێک کێشەی مرۆڤی سەردەمی مۆدێرن و تێڕوانینێکی تایبەتە بۆ کتێب و خوێندنەوە و نووسین.
ڕزگارنەبوون لە کتێب:
لە دونیای ئەوڕۆدا کە مرۆڤەکان مووشتاقی بێبەهاکردنی هەموو شتێکی کۆن و قەدیمین، حەزکردن لە شتێک، عادەتێک و خۆشەویستییەکی کۆن چۆنە؟ ئایا مرۆڤ دەست لەو جۆش و هەیەجانە هەڵدەگرێت کە سەدان ساڵە لەسەریەتی؟ ئاییندەی کتێبە کاغەزییەکان چی لێدێت؟ (لە کتێب ڕزگارمان نابێت – This Is Not the End of the Book) وەڵامی ئەم نیگەرانییانە دەداتەوە. ئەم کتێبە، کۆمەڵە گفتوگۆیەکی نایابە لە دوو گەورەپیاوی دونیای کتێب کە ئەوانیش (ئەمبێرتۆ ئێکۆ) و (ژان کڵۆد کاریەر)ە کە چەندین کاتژمێر قسەیان لەبارەی کتێب و مانەوەی کتێب کردووە.
ئامۆژگارییەکی سەیر:
بە بڕوای (ئالان جەیکۆب – Alan Jacobs)، مامۆستای ئهدەبیاتی ئینگلیزی و نووسەری کتێبی (چێژی خوێندنەوە لە سەردەمی سەرقاڵی – The Pleasures of Reading in an Age of Distraction)، یەکەم هەنگاو بۆ بوونە خوێنەر ئەوەیە کە پێویستە لیست و دەبێ و نابێکان بە تەواوی فڕێ بدرێن و لەسەر بنەمای ئارەزوو کتێب بخرێتە ڕوو. ئەو هەمیشە ئامۆژگاری خوێندکارەکانی دەکات: «هەرچیت ئارەزوو لێیە، بیخوێنەرەوە».
بەڵام زۆرێک لەو کتێبانەی خوێندووماننەتەوە زۆر زوو یان کەمێک دواتر بیرمان دەچنەوە. لەم بارەیەوە یادداشتێک بە ناوونیشانی «کتێب و لەبیرهەڵچوون» هەیە کە بەم شێوەیە دەستی پێدەکرد: «کتێبی (پێکەنین لە تاریکیدا – Laughter in the Dark)ی (ڤلادیمێر نابۆکۆف – Vladimir Nabokov)م بەدەستەوە گرت. تەنانەت یەک وشەیشیم لەبیر نەمابوو. ئاخۆ پاڵەوانی چیرۆکەکە پیاو بوو؟ باسی خیانەتی تێدا بوو؟ هیچ شتێک بیر نەدەکەوتەوە. کەواتە سوودی ئەم هەموو کتێبە چی بوو کە خوێندمنەوە لە کاتێکدا بە تێپەڕینی کات هەموویم بیرچووەوە. ئێستا من چ جیاوازییەکم لەگەڵ کەسێکدا هەیە کە کتێبی (پێکەنین لە تاریکی) نەخوێندووەتەوە؟»

