عەبدولغەفار عەبدوڵا
نەجات چیمەن، هونەرمەندی شێوەکاری کورد، نوێترین پێشانگەی تایبەتی خۆی لەژێر ناونیشانی “شارەکەم”، لە هۆڵی مۆزەخانەی سلێمانی کردەوە. ئەو پێشانگەیە رۆژی دووشەممە، 14ی ئەیلوولی 2026 کرایەوە و ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت
نەجات چیمەنی، هونەرمەندی شێوەکاری کورد گوتی: لەم پێشانگەیەدا 27 تابلۆی خۆم نمایش کرد، زۆربەی بەرهەمەکانم باس لە کولتوور و سروشت و دیمەنەکانی شاری سلێمانی و ژیانی کوردستان دەکەن و بە شێوەیەکی هونەری ئەو دیمەنە جوان و دڵگیرانە لە تابلۆکانم دا دەردەکەون.
نەجات چیمەنی سەبارەت بە کارەکانی خۆی گوتی: ئەم پێشانگەیە کۆمەڵێک لە نوێترین و هەڵبژێردراوترین کارەکانی من لەخۆ دەگرێت؛ کارگەلێک کە لە هۆڵەندا کێشراون، بەڵام سەرچاوەی بەشێکی زۆریان لە شوێن و کولتوور و سروشتی کوردستانەوەیە. من بۆ ماوەیەکی کاتی ئەم بەرهەمانەم هێناوەتەوە بۆ سلێمانی تا لە ناوەندی هونەری و کولتووریی ئەم شارەدا لەبەر دیدەی بینەران و هونەردۆستان دابنرێن.
نەجات چیمەنی روونیکردەوە: راستە تابلۆکانم لە هۆڵەندا بەرهەم هێناون، بەڵام بە مانای دووربوونەوە لە رەگ و ریشەی کولتووری خۆم نییە، بەڵکو بەشێک لە کارەکانم هەوڵێکن بۆ هێنانەوەی وێنە و یادەوەرییەکانی کوردستان بۆ ناو ژینگەی ژیانی من لە هۆڵەندا.
سەبارەت بە رەنگ و هێڵ لە تابلۆکانی دا، نەجات چیمەنی دەڵێت: من لە رێگەی رەنگ و هێڵ و پێکهاتەی تابلۆکانمەوە هەوڵ دەدەم تەنیا دیمەنێک پیشان نەدەم، بەڵکو هەستێک و کەشێکیش بگوازمەوە بۆ بینەر. لەبەر ئەوە، سروشت لە کارەکانی من دا تەنیا بە شێوەی دار و شاخ و دۆڵ و شوێنەوارێکی سروشتی نابینرێت، بەڵکو وەک بەشێک لە بیرەوەری و پەیوەندیی مرۆڤ بە شوێنەکەی دەردەکەوێت.
ئەو هونەرمەندە جەختی لەوەش کردەوە: شاری سلێمانی لە هەندێک لە تابلۆکانم دا وەک شارێکی پڕ لە ژیان و یادەوەری و کولتوور دەردەکەوێت. ئەمەش لەگەڵ ئەو ناسنامەیەی کە سلێمانی هەیەتی وەک یەکێک لە ناوەندە سەرەکییەکانی رۆشنبیری و هونەری کوردستان، پەیوەندییەکی راستەوخۆ دروست دەکات.
سەبارەت بە پەیوەندی تابلۆکانی بە بینەری کوردەوە، نەجات چیمەنی دەڵێت: پێشانگەکە هەلی پەیوەندیکردنەوەی بەرهەمەکانمە بە بینەرانی کورد، چونکە ئەو بەرهەمانە لە شوێنێکی دیکە، لە هۆڵەندا، بەرهەم هاتوون و ئێستا لە شوێنی سەرچاوەی بابەتەکانم، واتە کوردستان، نمایش دەکرێن. ئەو جۆرە پەیوەندییە لەنێوان من و شوێنی سەرچاوەی بابەتەکانم، دەتوانێت دەرفەتێک بێت بۆ گفتوگۆ لەسەر ئەزموونی هونەرمەندانی کورد لە دەرەوەی کوردستان و چۆنیەتی بەردەوامبوونی پەیوەندییان لەگەڵ کولتوور و هونەری کوردی.
نەجات چیمەنی ئاماژەی بەوەش دا: کاتێک هونەرمەند کارێک دروست دەکات، کارەکەی تەنیا هی خۆی نامێنێت، بەڵکو کاتێک دەخرێتە بەر دیدەی خەڵک، هەر بینەرێک دەتوانێت هەست و تێگەیشتنی خۆی لێ وەربگرێت. منیش دەمەوێت ئەم کارانە ببینرێن و خەڵک لەگەڵیان پەیوەندی دروست بکەن.
نەجات چیمەنی، هونەرمەندی شێوەکاری کورد، خەڵکی سلێمانییە و دانیشتووی وڵاتی هۆڵەندایە. چەندین پێشانگەی تایبەتی لەناوەوە و دەرەوە کردۆتەوە و بەشداری چەندین پێشانگەی هاوبەشی کردووە.

