هاودەنگ فارووق
ئەمڕۆ لە ڕێوڕەسمێكی شایستە و هەنگاوێكی مەزنی نیشتمانیدا، له سهرۆكايهتيى ههرێمى كوردستان، بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، هێزەكانی پێشمەرگە یەكدەخرێن.
گۆڕانكارییەكان زۆر بەخێرایی دێنە پێشەوە، كەڤاڵی ئەمنی لە ناوچەكەدا، كتوپڕ دەگۆڕێت یاریكەرەكان جێگەیان ئاڵوگۆڕ دەكرێت. هاوكێشەكان دەسەپێن، زلهێزەكان خەریكی قایمكردنی جێپێی خۆیانن، دەوڵەتە گەورەكانی ناوچەكە، ناچارن ژەهر بخۆنەوە بۆ ئەوەی بتوانن لەنێو هاوكێشەی ناوچەكەدا ڕۆڵی كارایان هەبێت.
لەنێو دۆخێكی ئاوا تاقەتپڕوكێندا زۆر كەس و لایەن گرەویان لەسەر ئەوەكردبوو، ئیدی پێگەی كورد و قەوارەی كوردستان بەرەو خوار داخزێت، هەبوون باسیان لەوە دەكرد فشار لەسەر چەكی پێشمەرگە دروست بكرێت، كەچی بەپێچەوانەی هەموو ئەو خەیاڵاتانەوە، هێزی پێشمەرگەی كوردستان هەنگاوێكی گەورە دەچێتە پێشەوەو، لەگەڵ خۆیشیدا خەونە نەتەوەییەكانی كورد دەباتە قۆناغێكی یەكجار گرنگ و شایستە.
یەكخستنی تەواوی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان لەژێر سێبەری وەزارەتی پێشمەرگە و، دروستكردنی سوپای نیشتمانی كوردستان، خەون و ئامانجێكی لەمێژینەی گەلی كوردستانە كە سەرباری ئەوەی نوقڵانەی ناحەزان پوچەڵ دەكاتەوە كە خەونی خراپیان بە چەكی پێشمەرگەوە دەدی. لەهەمان كاتدا جێپێیەكی زۆر كاریگەری لەنێو هاوكێشە ئەمنییەكانی ناوچەكەدا بۆ پێشمەرگە دروست دەكات، لە ئایندەی ناوچەكەدا هێزی پێشمەرگە هێزێكی حساب بۆكراوی كاریگەرتر دەبێت، هەوڵدانی هەمووان بۆ ئەم هەنگاوە بەئاگاداری و چاودێری خودی زلهێزەكان، نیشانەی ڕوونە لەسەر ئەوەی هاوكێشەی ئەمنی ناوچەكە بۆ هەموو لایەك ڕوونە كە هێزی پێشمەرگە میكانیزمێكی گرنگە بۆ ئۆقرەیی هاوكێشە ئەمنییەكانی ناوچەكە.
لەئاستی ناوچەكە و ناوخۆی عێراقدا، هێزی پێشمەرگە ژمارەیەكی حساب بۆكراوی كاریگەر دەمێنێتەوە، كەواتە بەشێوەیەكی ئۆتۆماتیكی قەوارەی هەرێمی كوردستان هەر بەهێزەوە دەمێنێتەوە، هەروەك ڕێكخراوتر، كاریگەرتر، تۆكمەتر و قبووڵكراوتر دەبێت.
لەئاستی هەرێمی كوردستانیش، ئەو خەونەی هەركوردێك بەدی دێت كە هەمیشە داوا دەكرێت سوپایەكی نیشتمانی كوردستان هەبێت، لەڕاستیشدا ئەوە وەكو یەكەمین مەرجی بنەڕەتی بۆ دەوڵەتسازی لەقەڵەم دەدرێت، هیچ قەوارەیەكی یاسایی نییە، دوو سوپای هەبێت لەژێر دوو فەرمانی جیاوازدا، ئەوە پێچەوانەی سەرجەم پرنسیپەكانی دەوڵەتسازییە.
یەكخستنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، بەئەندازەیەك گرنگ و جێگەی دەستخۆشییە بۆ هەموو ئەوانی ڕۆڵیان تێیدابووە، ئاخر كەم كورد هەیە فرمێسك لەچاوی قەتیس نەبێت كاتێك دەبینێت، كوردیش دەبێتە خاوەنی یەكهێزی نیشتمانی، ئەو هێزەش بەدەستوور قبووڵكراوە، چەكەكەی و ڕۆڵ و ئایندەی پارێزراوە، بەرگری لە شكۆی قەوارەی هەرێمی كوردستان دەكات!.
گەر هەموو ڕوكن و پایەكانی دەوڵەتسازی لەبار و ئامادەبن، بەتەنها نەبوونی سوپایەكی نیشتمانی و شپرزەیی هێزی چەكدار و، فرە فەرمانی بۆ هێزی چەكدار، سەرجەم پایەكانی دیكە لەناو دەبات و كورد دەگەڕێنێتەوە خانەی سفر.
لەساڵانی ڕابردوودا، سەرۆك بارزانی و دواتر نێچیرڤان بارزانی وەك سەرۆكی هەرێم و مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت، بەردەوام هەوڵیداوە بۆ ئەوەی هێزەكانی پێشمەرگە یەكبخرێن و لەژێر سایەی یەك فەرمانی یاسایی وەزارەتی پێشمەرگەدا ڕیكبخرێن و ببنە سوپایەكی نیشتمانی و بەرگری لەكوردستان بكەن، لەم هەوڵانەش بەردەوام بوو و سەرجەم ڕێگری و ئاستەنگەكانیان تێپەڕاند، ئەمڕۆش وەك دەبینین یەكێك لە پایەكانی دەوڵەت – نەتەوەی كوردستان دەبێتە ڕاستی و، ئاواتی سەرۆك بارزانی و هەموو كوردێكی دڵسۆز بە مەرام دەگات.

