ڕائیب جادر – هەولێر
مامۆستا مەجید خانۆ، بەڕێوەبەری پەروەردەی مێرگەسۆر، لە دیدارێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: تاڕادەیەکی زۆر باش توانیومانە کێشەکانی کەرتی پەروەردە لە سنوورەکە چارە بکەین، بۆ ئەوەی پرۆسەکە بێ کێشە بەڕێوەبچێت.
دوێنێ یەکشەممە لە سەرتاسەری ھەرێمی کوردستان زەنگی ساڵی نوێی خوێندن لێدرا، ئەمساڵ ئامادەکاری تەواو لە ڕووی نۆژەنکردنەوەی قوتابخانە و چاپکردنی کتێبی نوێ کراوە، ئەمساڵ تەنیا گۆڕانکاری لە دیزاینی جلوبەرگی قوتابییان نەکراوە، بەڵکو گۆڕانکاری تەواو لە پرۆسەی خوێندن و پەروەردە کراوە، گۆڕانکارییەکان بەگوێرەی پێداویستییەکانی سەردەم کراون، بۆ ئەوەی کوردستان ھاوتەریب بێت لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی جیھانی پێشکەوتووە.
بەڕێوەبەری پەروەردەی مێرگەسۆر، گوتی: ساڵی نوێی خوێندن ٢٠٢٦- ٢٠٢٧ لە ھەموو قوتابییان و مامۆستایان پیرۆز دەکەم، لە سنووری پەروەردەکەمان ١٠ باخچەی منداڵان، ١٣٨ قوتابخانەی بنەڕەتی، ٢٦ قوتابخانەی دواناوەندی و ٤ قۆناغی ئامادەیی ھەن، ھەروەھا ٦٠٣ مامۆستای ھەمیشەیی و ١٣٨٠ مامۆستای گرێبەست لەو قوتابخانانە دەوام دەکەن، قوتابییەکانیش ١٢٧٦٨ دەبن.
سەبارەت بە چارەکردنی کێشەکان، مامۆستا مەجید خانۆ، بەڕێوەبەری پەروەردەی مێرگەسۆر، دەڵێ، لە مانگی حەوتەوە لیژنەمان پێکھێناوە، بۆ ڕێکخستنی میلاک کە ھەموو ساڵێک گەورەترین کێشەی ئێمە میلاکە، ئەو لیژنەی کە دانراوە بەشێوەیەکی زۆر باش کاری لەسەر ئەو بابەتە کردووە، ھەروەھا لیژنەیەکمان بۆ دابەشکردنی پەرتووک پێکھێناوە و بەسەر ھەموو قوتابخانەکاندا دابەشکردووە و ھیچ کێشەیەکمان لەو ڕوویەوە نییە، ھەر پێداویستییەکی دیکەش کە پێویست بێت بە گوێرەی توانا توانیومانە بۆ قوتابخانەکانی خۆمان دابین بکەین، ئەوەی دیکەش کە لە تواناماندا بێت لە داھاتوودا دابین دەکەین، بۆ ئەوەی پرۆسەکە لە سنوورەکە بێ کێشە بەڕێوەبچێت، ھەروەھا ستراتیژیەتی ڕاھێنان کە وەزارەت ڕایگەیاندووە، ئەویش وەکو خۆی جێبەجێ کراوە، تەواوی مامۆستایانی ئێمە لە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی مێرگەسۆر، پرۆسەی ڕاھێنانیان وەرگرتووە و ئامادەنە لە ناوەندەکانی خوێندن ئەو تەوەرانەی کە باس کراون جێبەجێ بکەن.
بەڕێوەبەری پەروەردەی مێرگەسۆر، ئاشکراشی کرد: سنووری بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی مێرگەسۆر ناوچەیەکی شاخاویی و دوورەدەستە، لەڕووی دابینکردنی مامۆستا ھیچ کاتێک نەگەیشتووەتە خۆبژێوی، لە سنوور و ناوچەکانی دیکە مامۆستامان بۆ دێن و ڕۆژانە ھاتووچۆ دەکەن، زۆربەی مامۆستایانی ئێمە مافی خۆیانە و ماوەیەکی زۆرە لێرە دەوام دەکەن، بەڵام لەبەر بارودۆخی قەیراناوی ھەرێمی کوردستان مامۆستای نوێ دانانرێن، بۆیە زۆربەی مامۆستایانی ئێمە کە داوای گواستنەوە دەکەن نەمان توانیوە داواکاری ئەوان جێبەجێ بکەین، چونکە ئەولەویەتی پەروەردە قوتابیانن، پێویستە قوتابی بێ مامۆستا نەبن، لەبەر ئەوە نەمان توانیوە وەکو پێویست ھاوکار بین لە گواستنەوەی مامۆستایان.
سەبارەت بەوەی ئەمساڵ ڕێژەی دەرچوون لە پۆلی دوازدە بە چ شێوەیەک بوو و تا چەند لە تموحی ئێوەدا بوو، مامۆستا مەجید خانۆ، بەڕێوەبەری پەروەردەی مێرگەسۆر، ڕایگەیاند، تا ڕادەیەک لەو بارودۆخەدا باش بوو، چونکە زۆرێک لە قوتابییان پێیان خۆشە، خۆ بھێڵنەوە بۆ ئەوەی نمرەیەکی بەرزتر بێنن، بەتایبەتی ئەو قوتابییانەی کە ساڵی یەکەمە، ئەگەر نمرەی باشیش بێنن، دەڵێن، با خۆ بھێڵینەوە بۆ ئەوەی نمرەی بەرزتر بێنین، تا ڕادەیەک ڕازین لە قوتابییەکانی خۆمان، بەڵام تموحی ئێمە زیاترە، ھەمووجار بەرنامە و پلانی باشمان ھەیە بۆ ئەوەی ڕێژەی دەرچوون و ئاستی زانستی قوتابییان بەرز بکەینەوە، ھەنگاویشمان بۆ ناوە، لیژنە پێکھاتووە، سەردانی قوتابخانەکانمان کردووە، ھەروەھا لە بەرنامەی ئێمەدایە کۆبوونەوە لەگەڵ بەڕێوەبەرەکان بکەین سەبارەت بە بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی و ڕێژەی دەرچوونی قوتابییانی خۆمان.

