مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ یەکشەممە 9/20 پێشوازی لە باڵیۆز ماهیر ئەلکەرکی کونسوڵی گشتیی فەڵەستین كرد بە بۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکە دیپلۆماتییەکەی لە هەرێمی کوردستاندا.
لە دیدارەکەدا، سەرۆکی حکوومەت سوپاسی کونسوڵی گشتیی فەڵەستینی کرد بۆ کارکردنی لەپێناو بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان.
کونسوڵی گشتیی فەڵەستین سوپاسی هاریکاریی و پشتیوانیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ سەرخستنی ئەرکەکەی کرد. هەروەها سوپاسی حکوومەتی کرد بۆ بەخشینی سکۆڵەرشیپ بە قوتابییانی فەلەستینی لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان.
کونسوڵی گشتیی فەڵەستین پێزانینی خۆشی بۆ هاوکارییەکانی دەزگای خێرخوایی بارزانی بۆ خەڵکی فەلەستین دەربڕی.

