سلێمان تاشان – ههولێر
ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٠ی ئەیلوول زەنگی خوێندن لە تەواوی هەرێمی کوردستان لێدەدرێ و دەرگای قوتابخانەکان بەڕووی ملیۆنێک و حەوتسەد و پەنجا هەزار قوتابی دەکرێتەوە.
بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ملیۆنێک و حەوتسەد و پەنجا هەزار قوتابی دەست بە وەرزێکی نوێی خوێندن دەکەن و حەوت هەزار و پێنجسەد و نەوەد قوتابخانە لەم وەرزە ئەرکی پەروەردە و فێرکردنی قوتابییانیان پێ سپێردراوە.
سەد و حەفتا و شەش هەزار و حەوتسەد و سی و پێنج مامۆستا و فەرمانبەر لەو پەروەردەکردنەدا رۆڵ دەگێڕن کە زیاتر لە سەد و حەوت هەزار مامۆستایان میلاکن و زیاتر لە سی هەزار و نەوەد مامۆستاشیان گرێبەستن.
کەرتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان زۆر بە خێرایی لە گەشەسەندندایە و جگە لەو قوتابخانانەی موڵکی وەزارەتی پەروەردەن بە سەدان قوتابخانەی دیکە لە کەرتی تایبەتی شانبەشانی کەرتی گشتی لە پێگەیاندن و پەروەردەکردنی قوتابییانی کوردستان بەردەوامن.
سەرەڕای ئەوەی کە هەرێمی کوردستان بە دۆخێکی سەختدا تێپەڕیوە و قەیرانی دارایی و ئابووری هەبووە و حکوومەتی فیدراڵی پشک و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانی وەک خۆی دابین نەکردووە بەڵام لە هەرێمی کوردستان چەرخی ئاوەدانکردنەوە بەردەوام بووە و تەنیا لە ماوەی ئەم کابینەیەدا دووسەد و سی و شەش قوتابخانەی نوێ لە شار و شارۆچکەکانی پاریزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان بنیات نراون.
هاوکات لەگەڵ بنیاتنانی ئەو قوتابخانانە چوارسەد و حەفتا و شەش پۆل و هۆڵی نوێی خوێندن بە قوتابخانەکانی پێشتر زیاد کراون بۆ ئەوەی قوتابییان لە ژینگەیەکی لەبارتردا بتوانن درێژە بە خوێندن بدەن. جگە لەمە دوو هەزار و شەشسەد و پەنجا قوتابخانە نۆژەن کراونەتەوە.
سەردەمێک لە هەرێمی کوردستان سێ دەوامی لە بەشێکی قوتابخانەکان هەبوو، بەڵام ئەمە چەند ساڵێکە بە تەواوی کۆتایی هاتووە و هیچ قوتابخانەیەک لە هەرێمی کورستان نییە سێ دەوامی تێدا بکرێت. جگە لەمە بەشێکی قوتابخانەکان تەنیا یەک دەوامیان تێدا دەکرێت و رووبەری قوتابخانەکان گەورەتر بوون و ژمارەی کەمتری قوتابی لە پۆلەکاندا جێیان دەکرێتەوە.
جگە لە هەنگاوەکانی حکوومەت لە بنیاتنانی قوتابخانەی نوێ و رەخساندنی ژینگەیەکی لەبارتر بۆ پەروەردە ئەوەی هۆکاربووە لە کەرتی تایبەت رۆڵی کارای گێڕاوە لە پێشخستنی پەروەردە و ئەو کەرتە بە هەزاران هەلی کاری بۆ دەرچووانی زانکۆ رەخساندووە.
جێی باسە بۆ ئەمساڵی خوێندن بە گوێرەی گۆرانکارییە زانستییەکان و پێداویستییە پەروەردەییەکان گۆڕانکاری لە پرۆگرامەکانی خوێندن کراوە و سەد و دە پەرتووکی خوێندن لە سەرجەم قۆناغەکان گۆڕانکارییان تێدا کراوە و نزیکەی نۆزدە ملیۆن پەرتووکی نوێ بۆ قوتابییان چاپ کراون.
هەموو ساڵێک خوێندن لە هەرێمی کوردستان زووتر لە پاریزگاکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق دەستپێدەکات و بەپێی دواین بڕیاری وەزارەتی پەروەردەی عێراق لەسەرەتای مانگی داهاتووی زایینییەوە زەنگی خوێنن لێدەدرێت. بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە پارێزگاکانی عێراق بە یەکێک لە هۆکارەکانی دواخستنی خوێندن هەژمار دەکرێت.
ئەمساڵ لە هەرێمی کوردستان لە کاتێکدا دەرگای خوێندن دەکرێتەوە کە بە دەیان هەزار مامۆستای گرێبەست هێشتا دامەزراندنەکەیان نەبووەتە میلاک و فەرمی و ئومێدیان هەیە لە یاسای بودجەی ساڵی داهاتووی عێراق لە گرێبەستەوە بۆ میلاکی فەرمی بگۆڕدرێن.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەو مەبەستە هەموو هەوڵێکی خۆی خستووەتە گەڕ و لەو پلانەش کە وەزارەتی درایی بۆ پڕۆژەیاسای بودجەیی ساڵی ٢٠٢٧ی عێراق رەوانەی بەغدای کردبوو بە روونی ئاماژە بەو داخوازییە کراوە.

