بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێورەسمی ئاهەنگی دەرچووانی زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک بەڕێوەچوو.
لە دەستپێکی ڕێورەسمەکە، مەسرور بارزانی سەرۆکی بۆردی ئەمیندارانی زانکۆی ئەمەریکی، باڵاخانەی نوێی بەشی ناوخۆیی کوڕانی زانکۆی ئەمەریکی كردەوە کە لە چەندین بەشی جۆراوجۆر پێکهاتووە.
پاشان ڕێورەسمی ئاهەنگی دەرچووان بەڕێوەچوو. لە ڕێورەسمەکە هەر یەک لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان و موحسین مەندەلاوی سەرۆکی هاوپەیمانیی ئەساس و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی بۆردی ئەمیندارانی زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک گوتاریان پێشکەش کرد.
سەرۆکی حکوومەت لە دەستپێکی گوتارەکەیدا وێڕای پیرۆزبایی لە دەرچووان ، سوپاسی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی کرد بۆ ئەرک کێشان و ماندووبوونیان لە پاراستنی ئاسایش وسەقامگیریی هەرێمی کوردستان . سەرۆکی حکومەت هەروەها گوتی سەری ڕێز و نەوازش بۆ گیانی پاکی شەهیدەکانمان دادەنوێنین.
سەرۆکی حکوومەت سوپاسی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ پشتیوانیکردنی لە زانکۆی ئەمەریکی و خوێندن بەگشتی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان .
ئەمەش دەقی وەرگێڕدراوی گوتاری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە:
بەڕێز، کاک نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان
بەڕێز، کاک موحسین مەندەلاوی، سەرۆکی هاوپەیمانیی ئەساس
بەڕێز پارتریاک مار پۆلسی سێیەم نۆنا سەرۆکی کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان
پەرلەمانتارانی عێراق و هەرێمی کوردستان
وەزیرە بەڕێزەکان
میوانانی هێژا،
ئەندامانی بەڕێزی دەستەی ئەمینداران
بەرێز، سەرۆکی زانکۆی ئەمەریکیی کوردستان
بەرێزان، جێگرانی سەرۆکی زانکۆ
ئەندامان و ستافی فاکەڵتی
دایکان و باوکان و خێزانە بەڕێزەکان
دەرچووانی ساڵی 2026
ئێوارەتان باش
دەرچووانی خۆشەویست، بەر لەوەی دەست بە قسەکانم بکەم، ئاوڕێک بدەنەوەو بڕواننە ئەو کەسانەی لە پشتتانەوەن؛ دایک و باوک، خوشک و براکانتان، مامۆستایان و هاوڕێیانێک کە ئێوەیان گەیاندە ئێرە، ئهمشهو، شەوی ئەوانیشە، بۆیە چەپڵەیەکی گەرمیان بۆ لێبدەن.
ئێستاش بڕواننە تەنیشت خۆتان، ئەمشەو بڕوانامەی دەرچوون دەبەخشینە 122 دەرچوو، 117 کەس لە ئێوە دێنە سەر ئەم سەکۆیە. بەشێکتان لە ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە هاتوون، هەندێکتان لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان، هەندێکیشتان لە دەرەوەی عێراقەوە. لە شاری جیاواز و بڕوا و زمانی جیاوازەوە لەسەر یەک مێز کۆبوونەتەوە، سەرباری چیرۆکی جیاوازی هەر یەکێکتان، بەڵام ئێوە لێرەن وەک یەک پۆل، یەک سەکۆ و یەک ئاییندە، ئەمە ڕێکەوت نییە، بەڵكوو ئەم زانکۆیە رێک بۆ ئەم مەبەستە دامەزراوە.
وەک سەرۆکی ئەنجوومەنی ئەمیندارانی زانکۆ و وەک سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە بەردەمتاندا وەستاوم، بەڵام ئهمشهو وەک کەسێک قسەتان بۆ دەکەم کە بڕوای پێتانە. 12 ساڵ پێش ئێستا، زانکۆی ئەمریکیی کوردستان خەونێک بوو، ئهمشهو ئێوە بەڵگەن لەسەر ئەوەی کە خەونەکە شایستەی ئەوە بوو بۆی تێبکۆشین.
دەرچوونی ئێوە لە ساتەوەختێکی گرنگدایە، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێیناوەتە قۆناخێکی مەترسیداری ناسەقامگیرییەوە، عێراق لە جەرگەی ئەو هاوکێشەیەدایە و ڕووبەڕووی هەڕەشەی ناوخۆیی و دەرەکی بووەتەوە، لێرە لە کوردستان، زوو هەستمان بەو مەترسییانە کرد و بە خێرایی لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە بەغدا کەوتینە جووڵە، ئەمڕۆ، لە چوارچێوەی حکومەتەکەی سەرۆک وەزیران بەرێز عەلی زەیدی، هەوڵە هاوبەشەکانمان پایەی عێراقێکی نوێی دامەزراندووە، حکوومەتێک کە بڕیارمان داوە بە تەواوی و چالاکانە پاڵپشتی بکەین، لە کاتێکدا ڕووبەڕووی ئاستەنگ و ئاڵنگارییە سیاسی، ئەمنی و ئابوورییەکانی عێراق و ناوچەکە دەبێتەوە.
پاڵپشتیی ئێمە تەنیا قسە نییە، چونکە کاتێک سەرهەڵدانی جەنگ لە گەرووی هورمزدا ناوچەکەی شڵەژاند، هەرێمی کوردستان هەوڵەکانی چڕ کردەوە بۆ بەشداریکردن لە هەناردەکردنی نەوتی عێراق. کاتێک هاووڵاتییانی عێراق لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان، پێویستیان بە کارەبا بوو، ئێمە بۆمان دابین کردن، ئەوە لە کاتێکدا بوو کە هەرێمی کوردستان خۆیشی پێویستی بە کارەبا بوو. هاوبەشی بەم شێوەیەیە، بنیاتنانی دامەزراوەکانی دەوڵەتی عێراق لە کرداردا بەم شێوەیەیە، چونکە ئێمە تێدەگەین کە دامەزراوەی بەهێز بۆ هاووڵاتیی ئاسایی واتای چییە، واتا دادپەروەری، سەقامگیری و ئایندەیەک کە لەسەر بەهرە بنیات نرابێت نەک لەسەر بنەمای پەیوەندیی و بەرژەوەندی.
ئەم کارانەمان لە کاتێکدا کردووە، لە ژێر هێرشدا بووین، هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی هەڵمەتێکی چڕی تیرۆریستی بووەوە، زیاتر لە هەزار درۆن و موووشەک ئاڕاستەی ژێرخان، ئابووری و پێشکەوتنی ئێمە کران، ئامانجیان ئەوە بوو کوردستان لە پێشکەوتن بخەن، بەڵام شکستیان هێنا، ئێمە خۆڕاگر بووین وئاراممان گرت. لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە بەغدا لە پێناو هەموو عێراق لە کارکردن بەردەوام بووین. ئێمە ڕووبەڕووی داعش بووینەوە و لەگەڵ هاوبەش و هاوپەیمانەکانماندا، داعشمان تێکشكاند. ئێستاش بە هەمان شێوە ڕووبەڕووی ئەم هەڕەشەیە دەبینەوە و تێکیدەشکێنین.
دەمەوێت ئەم راستییەتان لەیاد بێت: عێراقێکی بەهێز، پێویستی بە کوردستانێکی بەهێز هەیە؛ کوردستانێکی بەهێز ئاشتی و خۆشگوزەرانی بۆ تەواوی ئەم ناوچەیە دەهێنێت. کوردستانێکی بەهێزیش پێویستی بە یەکڕیزییە، ئەم راستییە بنەمای ڕێنمایی و ڕاسپاردی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانییە و بەهەمان شێوە، بنەمای ڕێبەری نیشتمانی و باوکی دامەزرێنەر مستەفا بارزانی بوو، کە ناوەکەی لەسەر باڵەخانەی دامەزراندنی ئەم کەمپەسە هەڵکۆڵراوە و ئەو بنەمایەشە کە ئێمە رۆژانە کاری پێدەکەین.
ئێمە پێشڕەوی ناوچەکەین لە کولتووری دابەشکردنی دەسەڵات، هاوبەشیمان هەڵبژارد لە کاتێکدا ئەوانی دیکە باڵادەستییان هەڵبژارد، لە داکۆکیکردن لەم بنەمایە بەردەوام دەبین، لە هەولێر، لە بەغدا و لە هەر شوێنێک کە دەنگمان بگاتێ.
ئێوە چوار ساڵتان لە ژێر سایەی ئەو بنەمایە بەڕێ کرد، لە هەر پڕۆژەیەکی بەکۆمەڵدا لەگەڵ هاوپۆلێکتان لە شارێکی دیکە، لە هەر شەوێکی درەنگوەخت لە کتێبخانەدا لە پاڵ کەسێکدا کە چیرۆکەکەی لەوەی تۆ جیایە.
ئێوە بەڵگەی زیندوون کە ئەم ئەزموونە سەردەکەوێت.
ئێستاش با باسێکی ئەم زانکۆیەتان بۆ بکەم کە ئێوە جێی دەهێڵن و دەمەوێ پێتان بڵێم کە ئەم زانکۆیە بەرەو کوێ هەنگاو دەنێت.
زانکۆی ئەمەریکیی کوردستان بەهۆی لێهاتوویی ئەکادیمییەوە، دانپێدانانی بەدەست هێناوە، یەکەم زانکۆیە لە عێراقدا کە پێگەی بەربژێریی لەلایەن دەستەی دانپێدانانی دامەزراوەیی ئەمەریکاوە پێدراوە، یەکەم زانکۆی عێراقیشە دانپێدانانی ئەمریکای لە پڕۆگرامی پەرستاری بەدەستهێناوە.
هەڵسەنگاندن و خەملاندنی ورد کە ئێمە بە ستانداردە نێودەوڵەتییەکانەوە دەبەستێتەوە؛ ئاسانکاری و ئامرازی پێشکەوتوو، زانکۆیەک کە بە سیستەمەوە بەڕێوە دەچێت نەک تەنیا بە کەسەکان، زانکۆیەکی، بەدامەزراوەیکراوە و بۆ مانەوە بنیاتنراوە، ئەم دەستکەوتانە بە یەک دەیە بەدیهاتوون و شانازیان پێوە دەکەم.
بەڵام هەر بەمە ناوەستین، چونکە باشبوون لە شتێکدا، بە واتای دروستکردنی کاریگەریی ویستراو نایەت، بۆیە ئەرکمان لە دەیەی داهاتوو ئەمەیە: لە نایابییەوە بۆ کاریگەریی بڕۆین، بۆیە چیتر ستانداردەکانی خۆمان ناکەینە پێوەری هەڵسەنگاندن، بەڵکو دەستکەوتەکانمان بەو جیاوازییە دەپێوین کە لە خۆشگوزەرانیی و بەهێزکردنی دامەزراوەکان و ژیانی گەلانی دروستی دەکەین.
زانکۆی ئەمەریکیی کوردستان دەبێتە نموونە، وەک چۆن ئێستا بۆ گەلێک دەستپێشخەریی دیکە نموویە. تا ساڵی 2035، ڕوانینمان سادە و ئازایانەیە: زانکۆی ئەمەریکیی کوردستان لە دهۆک دەبێتە بژاردەی یەکەمی قوتابییان.
ئەم کاریگەرییە لێرەوە دەستپێدەکات، ئەمڕۆ، بەشەناوخۆیی نوێی کوڕانم کردەوە، کە یەکەم باڵەخانەیە لە تەواوی عێراقدا بڕوانامەی زێڕینی LEED بەدەست بهێنێت، ئەوانەی دەزانن بۆ بەدەستهێنانی LEED Gold دەبێت چی بکرێت، لە گەورەیی ئەم دەستکەوتە تێدەگەن، چونکە پێوەرکان توانایی وزە، دەسگیرۆیی ئاو، جۆری کەرەستەکان و تەنانەت تەندروستیی نیشتەجێبووان و ئەوانەی لە باڵەخانەکەدا کار دەکەن دەگرێتەوە. ئەم باڵەخانەیە، بە بەرزترین ستانداری نێودەوڵەتی، لێرە لە دهۆک بنیاتنراوە و دەبێتە نموونە بۆ تەواوی وڵات، وەک سەرۆکی دەستەی ئەمینداران و سەرۆک وەزیران، پابەندم بە پاراستنی ژینگە و دەمەوێت دەرچووانی زانکۆی ئەمەریکیی کوردستان بنیاتنەری ئەم رەوتە بن.
دەرچووانی ئازیز، با ڕاشکاو بم لەگەڵتان، خواست وئەرکمان بۆ کوردستان مەزن و بەرزە، بۆ زانکۆی ئەمریکیی کوردستانیش بەهەمان شێوە. ئاستەنگی سەختمان لە بەردەمە، هیچ کەسێک ئەم ئایندەیەمان پێ نابەخشێت، دەبێت خۆمان بە پابەندی و خۆڕاگرییەوە بنیاتی بنێین، بەڵام دەزانم ئێوە هەم پابەندن هەم خۆڕاگرن و بە ڕێکەوت نەگەیشتوونەتە ئەم ئاستە، بەڵكوو بە تێکۆشان و بە هەوڵدانتان ، ئەمە لە کاتێکدا کۆڵدان ئاسانتر بوو.
ئێستا کوردستان رێک پێویستی بەمەیە، کاتێک کوردستان گەشە دەکات، ئەوکاتە عێراقیش گەشە دەکات، کاتێک عێراق گەشە دەکات، کوردستانیش گەشە دەکات، ئێمە دوو ئاییندەمان نییە، بەڵکوو یەکمان هەیە، ئێوەش بنیاتنەری ئەو ئاییدەیەن.
ئەوەی لێتان دەخوازم ئەمەیە: پابەندی بەرزترین بەها ئەخلاقییەکان بن، تەنانەت ئەو کاتانەش کە کەس چاودێریتان ناکات. لە هەر شوێنێکی جیهان بن، نیشتمان و ناسنامەی خۆتان لەیاد بێت، وەفادار بن بۆ ئەو کۆمەڵگەیەی وەبەرهێنانی تێدا کردوون، بیرتان بێت، بەر لەوەی خۆتان درکی پێ بکەن، کەسانێک متمانەیان بە ئێوە هەبوو، ڕێز و خۆشەویستیتان بۆ ئەم خاک و هەسارەیە هەبێت، بنەماکانی دیموکراسی، دادپەروەری، و یەکسانی بەرجەستە بکەن، سەرەتا لە ژیانی خۆتان پاشان لەو کۆمەڵگەیەی بنیاتی دەنێن.
بۆ ئەوەی سەرکردایەتی وپێشڕەوایەتی بکەن چاوەڕێی مۆڵەت لە کەس مەکەن .، چاوەڕمەکەن کەسێک شتێک چاکبکاتەوە کە بە ئێوە چاک دەکرێتەوە، ڕێگە بە هیچ کەسێک مەدەن؛ گومان لە تواناکانتان دەکەن، یان ئەوانەی ڕەشبینن، تەنانەت ڕێگە بە ترسی ناو ناخی خۆشتان مەدەن پێتان بڵێت ئەم ناوچەیە پێشناکەوێت. بەڵکوو دەتوانێت و پێشدەکەوێت، پێشکەوتنیشی لەسەر دەستی کەسانی وەک ئێوە دەبێت.
ئێوە هاتنە ئێرە بۆ ئەوەی فێربن، ئێستا کە ئێرە جێدەهێڵن بە جیهانی پێشان دەدەن کە دەتوانن چی بکەن.
پیرۆزە لە دەرچووانی 2026
سەرکەوتووبن و هیوادارم جێگەی شانازیمان بن

