رۆژنامەی ھەولێر

هۆشدارییەکی لەناکاو… پێشبینیی دوورخستنەوەی مایک کاریک پێش ماوەی گواستنەوەی زستانە دەکرێ

مامەیارە ئەحمەد – هەولێر

 

هۆشدارییەکی لەناکاو… پێشبینیی دوورخستنەوەی مایک کاریک پێش ماوەی گواستنەوەی زستانە دەکرێ
راهێنەرە ئینگلیزییەکەی یانەی مانچستەر یونایتد، بە هۆی ئەنجامە خراپەکانی یانەکەیەوە، هەڕەشەی دوورخستنەوەی لەسەرە و ڕەنگە یانەکەی چاوەڕوانی ماوەی زستانەش نەکات و دووری بخاتەوە.
فشاری سەر مایک کاریک دوای دواقۆناغی سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی یانەکە زیاتر بووە، چونکە یاریزانێکی پێشتری ئەو یانەیە ڕایگەیاندووە ڕەنگە پێش مانگی یەک دوور بخرێتەوە.
لە کۆی چوار یاریی خولی نایابی تۆپی پێی ئینگلیزی، یانەی مانچستەر یونایتد، تەنیا یەک بردنەوەی هەیە، ئێستاش فشار و هەڕەشەی دوورخستنەوەی لەسەر و ئاماژەکان دەرکەوتن، لەو رووەوە نیکی بات، یاریزانی پێشووتری هێڵی ناوەڕاستی یانەی مانچستەر یونایتد، رایگەیاند کە بە هۆی ئەو سەرەتا سەختەوە، ڕەنگە کاریک تا زستانی داهاتوو بەردەوام نەبێت.
نیکی بات روونی کردەوە، کە راهێنەری یانەی شەیتانە سوورەکان، کە لە هاوینی ڕابردوو ئەرکی راهێنەرایەتیی یانەکەی گرتە دەست، بەرگری و بەربەستێکی بەهێزی نییە کە بایی ڕکەبەری بێ، بۆیە ڕەنگە شکست بخوات.
لە بەرنامەی (باش و خراپی تۆپی پێدا) ئەو یاریزانەی پێشتری مان یوو، ئاماژەی بەوە کرد، کە کاریک وەکوو پێویست لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەدا، گرێبەست و یاریزانێکی بۆ نەبرایە ریزەکانیەوە.
وەکوو رۆژنامەی میڕەڕی بریتانی بڵاوی کردووەتەوە، نیکی بات دەڵێ: پێم وایە هەمووی باشە، هەندێ دەڵێن کە قۆناغی ئامادەکاری و گرێبەستەکانی یانەکە باشن، بەڵام ئەگەر تۆ ڕاهێنەر بیت، پێتوایە، باشە، هێرشبەرەکان، ئەوان پێیان وایە دۆخەکەیان باشە، من پێم وانییە”.
وتیشی: پێم وایە، کە پێویستیان بە هێرشبەرێکی سەرەڕمە، هێرشبەرێک کە بە هەموو مانای وشە هێرشبەر بێت، هەروەها یاریزانانی هێڵی ناوەڕاستیان دابین کرد، ئەوەیش کارێکە قابیلی گفتوگۆیە.
لە درێژەی قسەکانیدا وتی: پێموایە لەوەدا کارێکی باشیان کردووە، بەڵام ڕەنگە مایکل تەنانەت نەتوانێت بگاتە ماوەی گواستنەوەی داهاتوو، ڕەنگە بڵێت باشە، کارەکەم لەدەست داوە، ئێوەش یاریزانی پێویستتان بۆ ئامادە نەکردم، کە کارەکەم بکەم لەگەڵ هێڵی بەرگریی چواریاریزانی.
ئاماژەی بەوەش کردووە، “چونکە بەبێ گوێدانە ئەوەی چی دەڵێیت دەربارەی چوار یاریزانی پشتەوە، هاری ماگوایەر یاریزانێکی باوەڕپێنەکراو بوو، یاریزانێکی پلەباڵا، بەڵام ئێستا گەیشتووەتە تەمەنێکی دیاریکراو، تەمەنی هەڵکشاوە. هەموومان بەوەدا تێپەڕیوین. وایە یان نا؟ کاتێک بە تەمەندا دەچیت، خاو دەبیتەوە، یان باش نابی وەکوو پێشتر.
لە درێژەی قسەکانیدا وتی: لیساندرۆ مارتینێز هێشتا لە لوتکەی یارییەکەیدایە، هێشتا یاریزانێکی زۆر باشە، هەروەها سەرسامم بە لۆک شاو کاتێک لە دۆخێکی باشدایە و یاری دەکات؛ ئەو لە باشترینەکانی ئەوروپادایە، بەڵام ئەوە ڕاستییەکە زۆر تووشی پێکان دەبێت.
لە کۆتاییدا وتی: پێموانییە هیچ کام لە بەرگریکارە ڕاستەکان وەکوو پێویست باش بن، بۆیە وەک ڕاهێنەر یان بەڕێوەبەری هونەری، سەیری دۆخەکە دەکەیت و دەڵێیت باشە، بەڕاستی پێویستە هەندێک یاریزان بهێنمە ڕیزی بەرگریکاران.
ئاماژەی بەوەش کردووە، بەڵام پێدەچێت تیپی دامەزراندن و ئەرکدادانی یاریزانان و بەرپرسانی یونایتد بڵێن: نەخێر، ئەمە قۆناغی داهاتووە، و ڕەنگە لە مانگی یەکدا ڕووبدات، ڕەنگە پێشتر ڕووبدات، و زۆر قورس بێت، یان ڕەنگە لە هاویندا ڕووبدات. ئەوەش یارمەتی ڕاهێنەران نادات”.

بەرشەلۆنە لە نێوان ئیرلینگ هالاند و هاری کەیندا کامیان هەڵدەبژێرێت؟
یانەی بەرشەلۆنە چووەتە نێو کێبڕکێیەکی سەرسوڕهێنەر بۆ گواستنەوەی یەکێک لە هێرشبەرە سەرەکییەکانی جیهان، هەواڵەکان ئاشکرایان کردووە کە ئێرلینگ هالاند، یاریزانی نەرویجی و هاری کەینی ئینگلیز لە لیستی دڵخوازی یانە کاتەلۆنییەکەدان بۆ ئەوەی لە ماوەی داهاتوودا هێڵی هێرشبەری پتەوتر بکات.
بە گوێرەی ماڵپەڕی تریبونا، یانەی چاودێری هاری کەینی تەمەن 33 ساڵ دەکات، وەک جێگرەوەیەکی ماوەکورت بۆ جولیان ئەلڤارێزی هێرشبەری یانەی ئەتلەتیکۆ مەدرید، کە ئامانجێکی درێژخایەنی یانە کەتەلۆنییەکە و لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی ڕابردوودا نەیتوانی بیباتە ریزەکانیەوە.
گرێبەستەکەی هاری کەین لەگەڵ بایرن میونشن ساڵی داهاتوو کۆتایی دێت، دانوستانەکانی نێوان هەردوولا سەبارەت بە درێژکردنەوەی گرێبەستەکە بەردەوامن. یانەی بەرشلۆنە لە نزیکەوە چاودێریی ئەم پێشهاتانە دەکات و ڕەنگە هەوڵی گواستنەوەی هێرشبەرە ئینگلیزییەکە بدات ئەگەر خودی خۆی بڕیار بدات لەگەڵ یانە باڤارییەکە بەردەوام نەبێت.
لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە بەرشلۆنە، هاوینی ڕابردوو پەیوەندیی سەرەتایی لەگەڵ نوێنەرانی کەین ئەنجام داوە، بەڵام ئەو پەیوەندییانە نەبووە بارێکی فەرمی و جدی و نەگەیشتە دانوستانی پێشکەوتوو بۆ گواستنەوەی ئەو یاریزانە.
هاوکات ناوی ئێرلینگ هالاند لە لیستی بەئامانجگیراوانی یانەی بەرشەلۆنەدا هاتووە، سەرەڕای ئەوەی بەرشلۆنە دەزانێ لە تەواوکردنی گرێبەستەکەی هالانددا زۆر سەختی دەبینێ، بەو پێیەی گرێبەستی هێرشبەرە نەرویجییەکە لەگەڵ مانچستەر سیتی تا ساڵی ٢٠٣٤ بەردەوام دەبێت، ئەمەش وای کردووە ڕۆیشتنی لە یاریگای ئیتیحادی تایبەت بەو یانەیە کارێکی ئاڵۆز بێت.
لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەدا، بەرشەلۆنە بڕیاری دا هێرشبەرێکی پلە باڵای نموونەیی بۆ ڕیزەکانی بگوازێتەوە، دوای ئەوەی ئەتلەتیکۆ مەدرید ڕەتی کردەوە جولیان ئەلڤارێز بفرۆشێت. لەبری ئەوە گابرێل جیسوسی بەڕازیلییان هەڵبژارد وەک بژاردەیەکی کەمتێچوو، کە لە دوایین ساتەکانی ماوەی گواستنەوەی هاوینەدا، لە یانەی ئارسناڵەوە بۆ ریزەکانی گواستەوە.
گرنگیدانی یانەی بەرشلۆنە بە هەریەک لە هێرشبەران ئیرلینگ هالاند و هاری کەین، لە کاتێکدایە ڕافینیا ئەم وەرزە وەکوو هێرشبەری سەرەڕم ئاستێکی باڵا پێشکەشی دەکات، بە جۆرێک یاریزانە بەڕازیلییەکە لە شەش یاریدا ٨ گۆڵی تۆمارکردووە و سێ ئەسیستیشی بۆ یاریزانە هاوڕێکانی کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، جولیان ئەلڤارێز وەک ئامانجی سەرەکیی بەرشەلۆنە لە درێژخایەندا دەمێنێتەوە، هاری کەینیش بژاردەی یەدەگ دەبێت. هەروەها هالاند لە لیستی ئەو یاریزانانەدایە کە یانە کەتەلۆنییەکە چاودێرییان دەکات.

جێرارد پیکێ پاڵێوراوی براوەی تۆپی زێڕینی لە ڕوانگەی خۆیەوە هەڵبژارد
لەگەڵ نزیکبوونەوەی ڕاگەیاندنی براوەی خەڵاتی تۆپی زێڕینی ساڵی ٢٠٢٦، قسە و باس و پێشبینییەکان زیاتر دەبن سەبارەت بەوەی کێ براوەی ئەو خەڵاتە بەناوبانگە دەبێت، ئەمەش لەکاتێکدایە کە کێبڕکێیەکی توند لەنێوان هەندێک لە ئەستێرە ناسراوەکانی تۆپی پێی جیهاندا هەیە.
لە نێوەندی پێشبینییەکان بۆ بردنەوەی خەڵاتەکە. جیرارد پیکێ، ئەفسانەی پێشتری بەرشەلۆنە و ئیسپانیا، هەڵبژاردەی تایبەتی خۆی بۆ ئەو سێ یاریزانە ئاشکرا کرد کە بە شاییستەی خەڵاتی ئەمساڵی دەزانێت.
پیکێ کە ساڵانێکی زۆر درێسی بەرشەلۆنەی لەبەردا بوو و چەندین ناسناوی گەورەی لەگەڵ یانە کەتەلۆنییەکەدا بەدەست هێنا، سەرەڕای ئەوەی لامین یامال و ڕۆدری لە لیستەکەدایە، بەڵام ئەوانی لە ڕیزبەندی یەکەم هەڵنەبژارد.
پیکێ لەبارەی ئەو سێ یاریزانەی بە شایانی خەڵاتی تۆپی زێرینیان دەزانێ، سایتی بە دەیلی سپۆرتی ڕاگەیاندووە: لە ڕوانگەی منەوە، هەریەک لە هاری کەین و لامین یامال و ڕۆدری پاڵێوراون.
هەڵبژاردنی هاری کەین، لەلایەن پیکێوە پاڵنەرێکی گەورەیە بۆ ئەو یارزانە، بە تایبەت کە وەرزێکی نایابی لەگەڵ بایرن میونشن بەڕێ کرد. هەروەها یامالیشی بە یەکێک لە ڕکەبەرە بەهێزەکانی بردنەوەی خەڵاتی تۆپی زێڕین ناو برد.
بەڵام رۆدری، کە براوەی خەڵاتی تۆپی زێڕینی ساڵی ٢٠٢٤ـە و پیکێش هەڵیبژاردووە، دوای ئەوە بوو سەرکردایەتیی هەڵبژاردەی ئیسپانیای کرد لە بردنەوەی مۆندیالی ساڵی ٢٠٢٦ـدا.
رۆژی ٢٦ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ، لە لەندەنی پایتەختی بریتانیا، ئاهەنگی دیاریکردنی براوەکان و ڕێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکان بەڕێوە دەچیت. کە یاریزانێک بۆ بردنەوەی خەڵاتەکە، دەبێتە شوێنگرەوەی عوسمان دێمبڵی.