رۆژنامەی ھەولێر

ئەو نەخۆشیانەی خەوی شەوانە دەزڕێنێت

ئەژین عەبدوڵڵا – هەولێر

تێكچوونی كاتی خەو دیاردەیەكی باوە، بەڵام دووبارەبوونەوەی بەردەوامی خەوزڕان و تێكەڵبوونی بە نیشانەی تر، زەنگێكی هۆشیاركەرەوەیە كە نابێت فەرامۆش بكرێت؛ چونكە لە ئاستە نائاساییەكاندا ڕەنگە سەرەتایەك بێت بۆ نەخۆشییە مەترسیدارەكانی مێشك و كۆئەندامی دەمار، لە سەرووشیانەوە نەخۆشیی پاركینسۆن. چاودێریكردنی قووڵیی خەو و ماوەكەی، هەنگاوێكی بنەڕەتییە بۆ دەستنیشانكردنی پێشوەختەی ئەم گرفتانە.

كەی پێویستە سەردانی پزیشك بكەیت؟
د. دیتەر كۆنتس، بەڕێوەبەری پزیشكیی تاقیگەكانی خەو لە ئەڵمانیا، جەخت دەكاتەوە كە سێ دەستە لە نەخۆش پێویستییان بە دەستێوەردانی خێرای پزیشك هەیە:
شێوانی جووڵە لە كاتی خەودا: ئەو كه‌سانەی لە كاتی نوستندا هاوار دەكەن، یان بەهۆی مۆتەكە و خەوی ناخۆش دەست و پێ دەوەشێنن.
ماندووێتیی درێژخایەن: ئەوانەی لە كاتی لەخەوهەڵستاندا هەست بە ماندوویەتی و بێهێزی دەكەن.
شێوانی كاتی خەو بەهۆی سروشتی كارەوە: ئەوانەی بە شێوازی دەوامگۆڕكێ (شفت) كار دەكەن و خشتەی خەوتنیان ناڕێكە.
د. كۆنتس هۆشداری دەدات لە بەكارهێنانی هەڕەمەكیی حەبی خەوتن بەبێ ڕاوێژی پزیشك، چونكە زیاتر لە ١٠٠ هۆكار هەیە دەبێتە هۆی شێواندنی خەو؛ حەبەكان تەنیا وەك سڕكەرێكی كاتی كار دەكەن و ڕەگی گرفتەكە چارەسەر ناكەن، هاوكات ئالوودەبوونیش دروست دەكەن. لە بەرانبەردا، ڕاوێژكردن لەگەڵ پسپۆڕی دەمار و دەروونی و بەكارهێنانی ڕێكخەری میلاتۆنین بە سەرپەرشتیی پزیشك، دەكرێت چارەسەرێكی بنەڕەتی بێت.

ئەو نەخۆشیانەی كەمخەوی دروست دەكەن
توێژینەوەكان ئاماژە بە چەند نەخۆشی و حاڵەتێكی تەندروستی دەكەن كە كاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر تێكچوونی خەو هەیە:
خەمۆكی: ٦٠٪ـی تووشبووانی خەمۆكی بەدەست خەوزڕان، زوو لەخەوهەستان یان چەندین جار بەئاگاهاتنەوەوە دەناڵێنن.
ئاوسانی پرۆستات: زۆرجار بەئاگاهاتنەوە لە شەودا بۆ میزكردن نیشانەی گەورەبوونی پرۆستاتە و پێویستی بە پشكنین هەیە بۆ دڵنیابوونەوە لە نەبوونی گرێی شێرپەنجەیی.
هەوكردنی جومگەكان: نزیکەی ٨٠٪ـی تووشبووان گرفتی خەوتنیان هەیە؛ چونكە لە كاتی حەسانەوەدا ئازاری جومگە چڕتر دەبێتەوە و هەر جووڵەیەك كۆتایی بە خەوەكە دەهێنێت.
نەمانی سووڕی مانگانە: لە ژناندا یەكێكە لە سەرەكیترین هۆكارەكانی تێكچوونی هۆرمۆنەكان و دروستبوونی شەپۆلی گەرما و خەوزڕان.

ڕێنوێنی بۆ خەوێكی تەندروست
د. نیرینا ڕاملاخان، شارەزای بواری خەو، چەند هەنگاوێكی كرداری بۆ خەوێكی ئارام پێشنیاز دەكات:
• خواردنی ژەمی بەیانی لە ماوەی ٤٥ خولەكی یەكەمی دوای لەخەوهەستان.
• چوونە سەر جێگەی نوستن پێش نیوەشەو.
• شكاندنی سەرخەوێكی كورت (٥ بۆ ٢٠ خولەك) لە نێوان سەعات ٢ تا ٤ی پاشنیوەڕۆ.
• وەرگرتنی تەواوكەری خۆراكیی پێویست، یان خواردنی كەوچكێك هەنگوین پێش خەوتن.