رۆژنامەی ھەولێر

دایک؛ چییە و کێیە؟

ئیلهام سەبری محەمەد
دایک ناوێکی شیرین و جوانە؛ وەک چەترێکە بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی خێزان. دایک ئەو کەسەیە کە لە درێژایی ژیانیدا بەردەوامە لە فیداکاری بۆ منداڵەکانی و هاوسەرەکەی، خوای گەورە وەها دروستی کردووە کە ببێتە چیایەک و قەڵغانێک بۆ پاراستنی خێزان.

ئاوەدانی و ڕووناکیی ماڵ بە دایکەوە بەستراوەتەوە؛ ئەو ماڵەی دایکی تێدا نەبێت، بێ ڕەوش و بێ ژیانە، چونکە دایک فاکتەرێکی گرنگە لە خێزاندا و بەردەوام ئامۆژگاریی بەسوود پێشکەشی ئەندامانی خێزان دەکات، تاوەکو ببنه خێزانێکی نموونەیی و سەرکەوتوو لە ژیاندا.
دایک بەردەوام ماندوونەناسانە خزمەتی ماڵ و خێزانەکەی دەکات بەبێ گوێدانە ماندووبوون. هەرچەند ماندوو بێت، ناهێڵێت ئەندامانی خێزانەکەی هەستی پێ بکەن و بێتاقەت بن، لەبەر ئەوە پێویستە ئێمە زۆر قەدری دایک بزانین و هەست بە ماندووبوونی بکەین.
دایک تەنیا ناوێک نییە، بەڵکو وەک قوتابخانەیەکە بۆ فێربوون، پەروەردەکردن و زانین بۆ منداڵان. لە قورئانی پیرۆزدا باسی پیرۆزی و مەزنی دایک کراوە و پێغەمبەر د.خ دەفەرموێت: *(بەهەشت لەژێر پێی دایکاندایە)؛ دایک خاوەنی دڵێکی گەورەیە و بەردەوام کێشەکانی خێزان بە خۆشەویستی و خەمخۆرییەوە چارەسەر دەکات، هەروەها ئامادەیە لە ژیانیدا فیداکاری بکات لەپێناو خۆشی و پاراستنی منداڵ و خێزانەکەی.
دایک تەنیا لەناو خێزاندا ڕۆڵێکی گرنگ و کاریگەری نییە، بەڵکو لە مێژووشدا ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبووە؛ بەردەوام بەهێزترین پاڵپشتی پیاوان بووە لە خەبات، سەردەمی شۆڕش و ڕۆژە ڕەش و تاریکەکانی گەلی کورددا.
ئافرەتی کورد تەنیا لە ماڵەوە ئەرکی خۆی جێبەجێ نەکردووە، بەڵکو لە شاخیش خزمەتی پێشمەرگەی کوردستانی کردووە؛ چاونه‌ترسانە و بوێرانە شانبەشانی پیاوان خەبات و کاری نهێنی و ڕێکخستنی لە ناو جەرگەی دوژمندا ئەنجام داوە.
لەبەر ئەوە، ئه‌مڕۆ دەیبینین ئافرەتی کورد ڕێزێکی تایبەتی لێ دەگیرێت لە مەیدانی کاردا وەک (مامۆستا، پزیشک، فەرمانبەر، یاساناس) و لە هەموو بوارەکاندا جێ دەستی دیارە. تەنانەت لە ناوەندی کاری سیاسییشدا لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بایەخێکی زۆریان پێ دراوە و ڕۆڵیان بەرز دەنرخێنرێت.
جێگەی پێزانین و دەستخۆشییە بۆ هەموو ئەو دایک و ئافرەتانەی کوردستان کە بە ڕۆڵ و خەباتی خۆیان کوردستانیان ئاوەدان کردووەتەوە.