ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجوومەنی وەزیران بە سەرپەرشتیی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران کۆبووەوە. پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئەنجامی کۆبوونەوەکەی خستەڕوو.
پێشەوا ھەورامانی گوتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە پرێسکۆنفرانسەکەدا رایگەیاند، پشکی راستەقینەی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی فیدراڵی پێویستە 14% بێت نەک 12.67% کە پێچەوانەی ئەو سەرژمێرییە کە بەغدا خۆی ئەنجامی داوە، بۆیە بە تەواوی رەتیدەکەینەوە، پێویستە مووچەی فەرمانبەرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی فیدراڵ گەرەنتی بکرێت و لە هەموو کێشە سیاسییەکان جیا بکرێتەوە.
گوتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەشڵێت، ئێستا زیاتر لە یەک ملیۆن مووچەخۆر لە رێگەی پڕۆژەی “هەژماری من”ـەوە وەردەگرێت و سەردەمی نۆرەگرتنی دوورودرێژ بۆ وەرگرتنی مووچە کۆتایی هاتووە، پێویستە وەزیری پلاندانانی عێراق بانگهێشتی پەرلەمان بکرێت لەبارەی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی فیدراڵ.
پێشەوا ھەورامی راشیگەیاند، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی لەبارەی پێکهێنانی حکوومەت کۆبوونەتەوە؛ لێکنزیکبوونەوەیەکی زۆر باش لە نێوان پارتی و یەکێتی هەیە. ئێستا زەمینەیەکی زۆر باش بۆ پێکهێنانی حکوومەت هەیە.
دەشڵێت، شاندی حکوومەت کە چووە بەغدا کێشەی بەنزین لەگەڵ شاندی حکوومەتی فیدراڵ تاوتوێ دەکات و پێویستە 50 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بۆمان زیاد بکەن. کێشەکە، کێشەیەکی کاتییە و هەوڵی چارەکردنی دەدەین، ئەو فەرمانبەرانەی لە وەزارەتی پەروەردە یان خوێندنی باڵا دامەزراون لەسەر داهاتی ناوخۆ و بەهەر هۆکارێک وازییان لە کارەکانیان هێناوە؛ بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران دەکرێت شوێنەکانییان پڕ بکرێتەوە.

