رۆژنامەی ھەولێر

کورتەچیرۆکێک لە جەلال ئال ئەحمەد

وەرگێڕانی شۆڕش غەفووری

 

پیاوێک بوو چل و چەند ساڵ. قەمسەڵەیەکی کەشخەی پۆشیبوو و کڵاوەکەشی نوێ و خاوێن بوو. بەو دەستەی کە گوڵدانە چینییەکەی هەڵگرتبوو، دەستەوانەیەکی چەرمی تازەی لەدەستبوو. لە کورسییەکەی دواوەی پاسەکە، چوار کەسی تر دانیشتبوون: دوو ژنی چارشێو لەسەر، لەوانەی نوێژیان پێوە دەکەن. پێکەوە کەوتبوونە چپەچپ و تریقەتریقی پێکەنینان دەهات. دوو کەسەکەت تریش، یەکێکیان پیاوێکی پیر و چەماوە و دونیادیتە بوو و ئەوی تریشیان پیاوێکی پێگەیشتووی بێباکی قوولدرێژ. نه یەخەی هەبوو و نه بۆینباخ. قۆڵی کراسەکەی کە قۆپچەکانی لێببوونەوە، لە قۆڵی قەمسەڵە بارانییە شەق و ڕەقەکەی هاتبوونە دەرەوە. قژی لە بن کڵاوە شڕەکەیەوە پەرش و بڵاو بوون. بنە ڕدێنە ماشوبرنجییەکەی، خاڵ و دەموچاوە شمڵاوییەکەی تا بنە پێڵووی داپۆشیبوو.

لەو کاتەوەی پیاوە شیکپۆشەکە بە گوڵدانەکەی دەستیەوە لە تەنیشتی دانیشتبوو؛ هەموو هۆش و سەرنجی لەدەست دابوو و چاوی جگە گوڵدانەکە نەدەچووە سەر هیچی تر.
خاوەنی گوڵدانەکە بە هێوری دانیشتبوو. گوڵدانەکەی خستبووە سەر ئەژنۆی و بنکەکەی بە دەستێکی گرتبوو و بە دەستەکەی تریشی کە دەستەوانەی لەدەست نەبوو، یاریی بە چەند وردە پوولێک دەکرد.
ئەمەی تر کە بەردەوام سەرنجی خستبووە سەر گوڵدانەکە، بێئۆقرە بوو. سەری هەڵدەهێنا، شۆڕی دەکردەوە، لار دەبووەوە. دەیویست هەرچۆنێک بووە زیاتر بنۆڕێتە گوڵدانە جوان و ناسکەکەی دەستی پیاوەکە. وەک بڵەی بە هەموو تەمەنی یەکەم جارە شتی وا جوان ببینێت. نا، وەک ئەوەی یەکەمجاریەتی لە جوانی تێبگات!
چینییەکی زۆر ناسک بوو. سەر دوو دەسکە باریکەکەی هێندە جوان نیگارکێش کرابوو کە دەسکەکانی تێکەڵ بە نیگارەکەی قەدی گوڵدانەکە ببوون و بەمەش نیگارێکی تەواویان نەخشاندبوو و گەر زۆر سەرەنجت نەدابانێ جیات نەدەکردنەوە.
گوڵدانەکە هێندە ناسک و زەریف بوو کە ئەو شەبەنگەی لە جامی پاسەکەوە دەخزایە ژوورێ و بەریدەکەوت، پیایدا تێدەپەڕی و سێبەرێکی کەمڕەنگی لەرزۆکی دەخستە سەر دەستەوانە چەرمییەکەی خاوەنەکەی.
پیاوە قەمسەڵە بارانیپۆشەکە، هەموو ئەو لایەی گوڵدانەکەی کە ڕووی لەو بوو تماشا کرد، بەڵام هێشتا دڵی دانەدەسەکنا. لە هەر پێچێکدا کە پاسەکە دەسووڕایەوە و هەموو سەرنشینەکانی بەملاو و بەولا و بەسەر یەکتری خوار دەبوونەوە. سوودی لەو خواربوونەوەیە وەرگرت و کەمێک زیاتر بەسەر خاوەنی گوڵدانەکەدا چەمایەوە تا بەڵکو بتوانێت کەمێک پشتی گوڵدانەکەش ببێنێت.
زۆر هەوڵی دا، بەڵام هەر بەوەندە ڕەزا نەبوو. ئاخیری، دوای دوو سێ جار خۆئامادەکردن، قوڕگی ساف کرد، (لە کاتێکدا خاوەنی گوڵدانەکە بە بێئۆقرەییەکەی زانیبوو) گوتی:
– کاکە ببوورە! دەکرێت گوڵدانەکەتان ببینم؟
– بەڵێ بە دڵنیاییەوە! فەرموون. شایەنی نییە گیانەکەم!
و گوڵدانەکەی بە دوو دەست و کەمێک وشیارییەوە دایە پیاوە کۆقدرێژە بێباکەکە:
– بەڵام تکایە…
ئەو دەرفەتی نەدایێ و قسەکەی پێ بڕی و گوتی:
– بەسەرچاو! دڵنیا بە. تەواو ئاگادارم.
و دەستی کرد بە تەماشاکردنی گوڵدانەکە و هەڵسەنگاندنی. لە پێش و لە دواوە، لە ژێر و لە سەرەوە؛ تەنانەت بە وردی ناوەوەشی تەماشا کرد. هەموو ئەو ماوەیە، خاوەنی گوڵدانەکە چاوی لەسەر دەستەکانی بوو. گەرچی هەوڵی دەدا خۆی بێباک نیشان بدات، بەڵام هەرجارەی سەری هەڵدەبڕی و هەوڵی دەدا ئەو «ۆإِن ێكَادُ»ەی بە پارچە مسێکەوە هەڵکۆڵدرابوو و بەرامبەر شۆفێرەکە و لە سەرەوەی پاسەکە داکوترابوو بخوێنێتەوە؛ تیلەچاوێکیشی دەگرتە گوڵدانەکە و جووڵەی دەستی پیاوەکە.
بەڵام ئەو، هەموو لایەکی گوڵدانەکەی پشکنی. بەرامبەر جامی پاسەکە ڕایگرت. دەستی خستە سەری و تەماشای سێبەرەی ناو گوڵدانەکەی کرد کە بە هۆی ڕووناکییەی پەمەییەکەی دەوری پەنجەکانی لە چینییەکە تێدەپەڕی. بە هێنانەپێش و بردنەدواوەی گوڵدانەکە بەرامبەر جامی پاسەکە، سێبەر و ڕووناکییە ڕەنگاوڕەنگەکەی بە وردەی کەم و زیاد دەکرد و…
… و لەسەر پێچێکی تر کە پاسەکە دەیویست بسووڕێتەوە، لەناکاو بەسەر یەکتریدا کەوتن، ئەویش خوار بووەوە. زۆر خوار بووەوە. لەبەر ئەوەی دەستگر و شتێکیش نەبوو تا خۆی پێوە بگرێت، بێئاگا گوڵدانەکە لەدەست بەربووەوە… و گوڵدانەکە کەوت و بە دەنگێکی زۆر کز بووە سێ پارچە!
هێشتا پاسەکە پێچی شەقامەکەی نەبڕیبوو کە هاواری خاوەن گوڵدانەکە بەرز بووەوە:
– ئاخ..
و ئیتر هیچی نەگووت و تەنیا پارچەکانی گوڵدانەکەی بە هەترەشبردووییەوە تەماشا دەکرد. پیاوە بێباک و بەرەڵاکەش بەدەم کۆکردنەوەی پارچە شکاوەکانی گوڵدانەکەوە گوتی:
– چ نییە. هیچی لێ نەهاتووە!
خاوەنی گوڵدانەکەش کە تازە هۆشی هاتبووەوە بەر، یەکهۆ وەک هەنار ترەکی و سووربووەوە و هاواری کرد:
– بۆ دەتویست چی تری لێبێت؟!
– هیچ کاکە! دەی خۆ چ نەبووە! گوڵدانێکەو شکاوە، بە قوربانی خۆتان، قەزا و بەڵای بردبێت!
– وای! گەمژە. هێشتا قەرزاریشم دەکاتەوە!
– برا، ڕێزی خۆت بگرن. بۆ سووکایەتی دەکەی؟
– سووکایەتیت پێدەکەم، بەرەڵا، ئەگەر نەتدیبایە چاوەکانت کوێر دەبوون؟

تازە خەڵک تێگەییبوون کە چ ڕوویداوە. یەکێک لەو ژنانەی لە تەنیشتیان دانیشتبوو، دڵسۆزانە گوتی:
– ئۆی! چ گوڵدانێکی جوان بوو! حەیف، بەڵام کاکە ڕاست دەکات، قەزا و…
خاوەنی گوڵدانەکە قسەکەی پێ بڕی:
– چ دەڵێیت خاتوون؟ بە حەفتا و پێنج تەمەنم کڕیبوو!
و پیاوە لۆقدرێژەکەش گوتی:
– باشە دەسەڵات چییە؟ دەیدەی لێکی بدەنەوە ئیتر…
ژنەکەی تر لە بن چارشێوەکەیەوە دەنگی هەڵێنا و گوتی:
– باشە براکەم مەگەر دەستەکانت گۆج بوون؟
و پیاوە بێباک و لۆقدرێژەکەش کە لەگەڵ خاوەنی گوڵدانەکە دەمەقاڵێی دەکرد، بێ ئەوەی ڕووی تێکات، وەڵامی دایەوە:
– خوشکێ، کەس بە ئێوەی نەگوتووە ببنە کەوچکی هەموو ئاشێک!
– وەی! وەی! خوایا لێمان بەدوور بگری! هەر بەڕاستی قەرزاریشمان دەکاتەوە! خەریکە بمخوات!

خاوەنی گوڵدانەکە کە گەیشتبووە لووتی، دەستەوانەکەی لە دەستی دەرهێنابوو و بەدەم کۆکردنەوەی پارچە شکاوەکانی گوڵدانەکەی، هاواری دەکرد:
– هاتین چاکە بکەین. ئێمەی خەڵکی شایەنی چ نین. ئێستاش کە شکاوە دەڵێت قەزا و بەڵای بردبێت. پێی وایە وازی لێدێنم! تا دوایین قڕانت لێدەسێنمەوە. مەگەر پارە لە جۆگەلان هەڵدەڕژێت؟ من گوڵدان بکڕم و تۆش بیشکێنیت و بڵێیت لێکیدەوە؟ پیاوی گۆج، ئاخر تۆ و ئەنتیکە کوجا مەرحەبا؟ شایەنی ئەوەش نیت تەنها تەماشاشی بکەی. ئاخر منی گەمژە، تۆ بڵێ بۆ هێندە دەسودڵبازانە دامە ئەم لۆقدرێژە..

و لە کاتێکدا کە پاسەکە خەریک بوو بگاتە گەراجەکە، ئەوەشی زیاد کرد:
– برا ڕایگرە. بنکەی پۆلیس نێزیکە. دەبێت من تەکلیفم لەگەڵ ئەم پیاوە ڕوون کەمەوە…
بەدەم هەستانەوە، ڕووی لە شۆفێرەکە کردە و گوتی:
– کاکە نەهێڵیت دابەزێت تا من پۆلیس دێنم و شایەدی لە هەموو سەرنشینەکانی پاسەکە وەربگرم…
و هێشتا نەگەیشتبووە لای دەرگای پاسەکە گەڕایەوە. لە ناوەڕاستی پاسەکە وەستا و ڕووی لە سەرنشینەکان کرد و تکاکەی دووبارە کردەوە و دواتر وەرسووڕایەوە تا دابەزێت، بەڵام جارێکی تریش بەڵێنی لە شۆفێرەکە وەرگرت کە نەکا بەڕێکەوێت. شۆفێرەکەش بەڵێنی دا و ئەویش دابەزی.
سەرنشینەکانی پاسەکە هەندێکیان پێکەوە لەسەر ڕووداوەکە قسەیان دەکرد. یەک دوو کەس تەنیا تەماشایان دەکرد و پێدەکەنین. دوو ژنەکەش هەر دەتریقانەوە و پێدەکەنین، بەڵام کەس سەرنجی نەدەدانێ. پیاوە لۆقدرێژە بێباکەکەش لەگەڵ خۆی قسەی دەکرد:
– باشە چم لەدەست دەهات! خۆ بە ئەنقەست نەمشکاند. کەوت و شکا..
شاگردی پاسەکە هاواری دەکرد و داوای موسافیری دەکرد. خاوەنی گوڵدانەکە بیست هەنگاو لە پاسەکە دوور کەوتبووەوە. شۆفێرەکە کە تەنها چەند خولەکێک بێجووڵە لە فکران ڕۆچووبوو، تەکانێکی خوارد و خۆی لەسەر کوشنەکە و لە پشت سوکانەکە ڕاست کردەوە؛ بانگی شاگردەکەی کرد و پێی بە گازەوە نا و بەڕێکەوت.
دەمی هەموو سەرنشینەکان داچەقیبوو. شاگردی شۆفێرەکەش لە وەڵامی هەموو ئەم ناڕەزایەتییانە، کە خەریک بوو لەسەر چوارپایەکەی خۆی دابنیشێت، گوتی:
– باشە بە ئێمە چی؟ یەکێکی تر گوڵدانەکەی شکاندووە ئێمە دەبێت بێکار بین؟
خاوەنی گوڵدانەکە کە بەپەلە بەرەو بنکەی پۆلیس ڕایدەکرد؛ تازە تێگەیشت. گەڕایەوە و دەستەکانی خۆی لێک کردنەوە تا بەر بە پاسەکە بگرێت، بەڵام پاسەکە پێچێکی کورتی لێدا و ڕۆیشت و هاواری ئەویش بەرز بووەوە:
– هۆی بیگرن. بیگرن.. گوڵدان.. شۆفێری سەگباب.. هۆی پۆلیس…
بە دیتنی دۆخی پیاوەکە، سەرنشینەکان دەستیان کردە پێکەنین. پۆلیسەکان لە دەوری کۆبوونەوە و دەیانپرسی چی بووە، بەڵام ئەو هەر هاواری دەکرد:
– هۆی بیگرن.. حەفتا و پێنج تەمەن. پیاوی کەر.. گوڵدانی چینی.. هۆی ڕۆیشت. ژمارەی پاسەکە چی بوو؟ هۆی پۆلیس!

سەرچاوە:
لە کۆمەڵە چیرۆکی (دید و بازدید)