عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر
شانۆ لە هەولێر دوای وەستانێکی زیاتر لە ساڵ و نیوێک، بەرەو قۆناخێکی نوێی چالاکی دەگەڕێتەوە؛ بەوەی بەڕێوەبەرایەتیی سینەما و شانۆی هەولێر هەوڵەکانی بۆ پشتیوانیکردنی بەرهەمهێنانی شانۆیی و گەڕاندنەوەی بینەران بۆ هۆڵەکان خێراتر کردووە و بڕیارە یەکەم نمایش لە کۆتایی ئەم مانگەدا پێشکەش بکرێت.
هونەرمەند مەهدی حەسەن بەرپرسی بەشی شانۆی بەڕێوەبەریەتی سینەما و شانۆی هەولێر گوتی: لە چوارچێوەی پشتیوانیکردنی کارا بۆ بواری هونەر و فەرهەنگ، هەوڵەکان بۆ دابینکردنی سەرچاوەی دارایی بەمەبەستی بەرهەمهێنانی نمایشی شانۆیی چڕتر کراونەتەوە، بە ئامانجی دروستکردنی دەرفەتی کار و رەخساندنی زەمینەیەکی گونجاو بۆ ئەو دەرهێنەر و شانۆکارانەی خوازیاری پێشکەشکردنی بەرهەمی نوێن.
مەهدی حەسەن سەبارەت بەو دەستپێشخەرییە گوتی: تاوەکو ئێستا، لە رێگەی ئەم دەستپێشخەرییەوە توانراوە پشتیوانی دارایی بۆ چوار بەرهەمی شانۆیی دابین بکرێت. پرۆسەی دابینکردنی بودجەکە بەردەوامە و ئامانج لێی پاڵپشتیکردنی تەواوەتیی ئەم کاریگەرییە هونەرییانەیە.”
سەبارەت بە نمایشکردنی کارە شانۆییەکان لە شاری هەولێر، مەهدی حەسەن دەڵێت: بەپێی پلانی دیاریکراو، بڕیارە لە کۆتایی ئەم مانگەدا یەکەم نمایشی شانۆیی بەڕێوە بچێت. دوابەدوای ئەوەش، بەرنامەکە بەردەوامی دەبێت و مانگانە یان هاوشێوەی ئەوە، نمایشی نوێ و بەرهەمی دیکەی شانۆکاران پێشکەشی بینەران دەکرێت. ئەوەش پاش وەستانێکی دیار کە زیاتر لە ساڵ و نیوێکی خایاند، جارێکی دیکە گوڕوتین دەگەڕێتەوە ناو هۆڵەکانی شانۆ و رووناکی لەسەر تەختەی شانۆ هەڵدەبێتەوە.
مەهدی حەسەن جەختی لەوەش کردەوە: وشەی “بووژاندنەوە” تەنیا دەستپێکردنەوەیەکی ئاسایی نییە، بەڵکو گەڕانەوەی ژیان و گەشەسەندنەوەی بزووتنەوەی هونەرییە لە شاری هەولێر. دوا کارێک کە پێشکەشکرابێت، بەشداریکردن بوو لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی شانۆی هەولێر، و لەو کاتەوە تا ئێستا هیچ جووڵانەوەیەکی شانۆیی بەرچاو بەدی نەکراوە.
مەهدی حەسەن باس لەو بێدەنگییە درێژخانەیەی شانۆ لە هەولێر دەکات و دەڵێت: پاش ئەم بێدەنگییە درێژخایەنە، ئامادەکارییەکان تەواو بوون بۆ پێشکەشکردنی نمایشێکی نوێی شانۆیی. ئەم هەنگاوە نوێیە بە سەرەتای قۆناخێکی زێڕین و بووژاندنەوەی هونەری شانۆ دادەنرێت لە ناوچەکەدا، کە تێیدا شانۆدۆستان دەتوانن جارێکی تر چێژ لە سۆز و هونەری سەر تەختەی شانۆ وەرگرن.
لەلایەکی دیکەوە، د. ژیلوان تاهیر، دەرهێنەری بواری شانۆ، دەربارەی بووژانەوەی شانۆ لە هەولێر دەڵێت: لە رۆژانی ٦ و ٧ـی ئەیلوولدا، بەڕێوەبەرایەتیی سینەما و شانۆی هەولێر، چوار سیمیناری تایبەتی لەژێر دروشمی “هەوڵدان بۆ بووژاندنەوەی شانۆ لە شاری هەولێر” رێک خست. ئامانجی سەرەکی لەم سیمینارانە دارشتنی بەرنامەیەکی پێشکەوتوو بوو بۆ دەستپێکردنەوەی چالاكییەکانی بزاڤی شانۆ لە پایتەخت، بە بەشداریی بەرفراوانی شانۆکارانی شاری هەولێر.
ئەوەشی گوت: ئەم دانیشتنانە جەختیان لەسەر گرنگیی پێشکەشکردنی شانۆی جەماوەری و گەڕاندنەوەی بینەران بۆ ناو هۆڵەکان کردەوە. لە میانی سیمینارەکاندا، ژمارەیەکی بەرچاو لە هونەرمەندان و شانۆکاران ئامادە بوون و سەرنج و پێشنیارەکانی خۆیان بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی شانۆی کوردی خستە ڕوو.
ژیلوان تاهیر باس لە ئامادەکارییەکان بۆ نمایشکردنی چەند شانۆیەک دەکات و دەڵێت: لە ئێستادا شانۆکارانی هەولێر لە ئامادەکاریی بەردەوامدان بۆ ئەوەی لە ئایندەیەکی نزیکدا چەندین شانۆگەریی نوێ پێشکەش بە بینەران بکەن. هەروەها بڕیارە بۆ ساڵی نوێ، بزاڤی شانۆ لەسەر بنەمای برۆگرام و سیستمێکی هاوچەرخ بەڕێوە بچێت.
د. ژیلون تاهیر ئاماژەی بەوەش دا: لەم چوارچێوەیەدا، هەوڵەکان خراوەتەگەڕ بۆ، هاوکاریکردنی تیپەکان لە رێگەی لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە بۆ پشتیوانیکردنی دارایی بەرهەمە نوێیەکان.
ئامادەکردن و کەلوپەلدارکردنی هۆڵەکانی شانۆ بە تەکنەلۆژیا و تەکنیکی سەردەمیانە. رێکخستنەوەی کاروباری تیپە شانۆییەکان بۆ کاراکردنی رۆڵیان لە برۆسەی بووژاندنەوەی هونەریدا. تیشک خستنەسەر ئەو دەقە شانۆییانەی گوزارشت لە واقیعی کۆمەڵگە و رووداوە ناوخۆییەکان دەکەن، تا بینەر خۆی لە ناو بابەتەکاندا ببینێتەوە.”
چالاکییە شانۆییەکان لە هەولێر بە شێوەیەکی بەرچاو کەم بوونەتەوە، بەڵام ئێستا پرۆسەی بووژاندنەوەی ئەم بوارە دەستی پێکردووە. لە رۆژانی ٦ و ٧ـی ئەیلوولدا، چوار سیمیناری تایبەت بە مەبەستی دانانی بەرنامەیەکی نوێ بۆ گەڕاندنەوەی بزاڤی شانۆ لە پایتەخت بە بەشداریی شانۆکاران بەڕێوەچوون، لەگەڵ هەوڵ بۆ دابینکردنی پشتیوانیی دارایی بۆ بەرهەمە نوێکان، نوێکردنەوەی هۆڵەکان و رێکخستنەوەی کار و چالاکیی تیپە شانۆییەکان.

