رۆژنامەی ھەولێر

فیلمێکی هەڵکەوت مستەفا بە فەرمی دەبێتە نوێنەری عێراق بۆ ئۆسکار

محمد لادێ – هه‌‌ولێر

 

بە فەرمی فیلمی “لن ترى الجنة إذا قتلتك امرأة” (بەهەشت نابینیت ئەگەر ژنێک بتکوژێت) لە دەرهێنانی دەرهێنەری کورد هەڵکەوت مستەفا، هەڵبژێردرا بۆ ئەوەی نوێنەرایەتی عێراق بکات لە کێبڕکێی خەڵاتی ئۆسکار بۆ باشترین فیلمی نێودەوڵەتی.
دەستنیشانکردنی ئەم فیلمە بەبێ ئەوەی حکومەتی عێراق هیچ بودجەیەک خەرج بکات، دەگەڕێتەوە بۆ چیرۆکی بەهێز و پەیوەندی بە خاک و مێژووی وڵاتەکەوە. رووداوەکانی فیلمەکە لەسەر بنەمای چیرۆکێکی ڕاستەقینەی ساڵی ٢٠١٤ دامەزراون، کە باسی لەپاڵەوانێتیی شەڕڤانێکی پێشمەرگە دەکات بە ناوی “ڤیان” لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ چەکدارانی داعش لە موسڵ و کوردستان بۆ ڕزگارکردنی خوشکەکەی.
ئەم بەرهەمە سینەماییە بەرهەمێکی هاوبەشی نێودەوڵەتییە لە نێوان کۆمپانیای “لا میدیا” لە هەرێمی کوردستان و چەند کۆمپانیایەکی وڵاتانی نەرویج، ئیمارات و سوید. فیلمەکە جگە لە نوێنەرایەتیکردنی عێراق لە ئۆسکار، بەشدارییەکی بەرچاوی لە چەندین مێهرەجانی نێودەوڵەتیدا کردووە.