رۆژنامەی ھەولێر

هەوڵەکان بەردەوامن بۆ ئەوەی نرخی کەرەستەکانی بیناسازی لە هەرێمی کوردستان بۆ دۆخی ئاسایی خۆیان دابەزن

دوێنی، پشتیوان حەمەسەعید، بەڕێوەبەری گشتیی شار و ناوچە پیشەسازییەکان لە دەستەی وەبەرهێنان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند “لە سەرەتای ئەم مانگەوە نرخی تۆنێک چیمەنتۆ لە هەرێمی کوردستان ٤٠ هەزار دیناری چووەتەسەر، بەمەش بە رێژەی نزیکەی ٨٠٪ گران بووە، هەروەها لە کارگەکانی ئاسن و شیشیش بە هەمان شێوە نرخ بەرزبووەتەوە و هەر تۆنێک شیش لە ٥٢٠ دۆلارەوە بۆ ٥٥٥ دۆلار زیادی کردووە، ئەمەش راستەوخۆ کاریگەری لەسەر کەرەستەکانی دیکەی وەک بلۆک دروستکردووە و هەر هەزار بلۆکێک ١٠٠ هەزار دینار گران بووە.”

دەربارەی هۆکاری سەرەکیی ئەم بەرزبوونەوەیە، بەڕێوەبەری گشتیی شار و ناوچە پیشەسازییەکان ئاماژەی بە چەند خاڵێک کرد، لەوانە؛
هەڵگرتنی پاڵپشتی: ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پاڵپشتییەکانی لەسەر کارگەکان هەڵگرتووە.
بەرزیی نرخی کارەبا: تێچووی کارەبا لەسەر کارگەکان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە.
گرانیی کرێی گواستنەوە: بەهۆی ئاڵۆزی و گرژییە سەربازییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران لە ناوچەکەدا، تێچووی گواستنەوە لە سنوورەکان و رێگە بازرگانییەکاندا بەرزبووەتەوە.
پشتیوان حەمەسەعید باسی لە ئاستی بەرزی بەرهەمهێنان لە هەرێم کرد و گوتی “لە دەستەی وەبەرهێنان شەش مۆڵەتی کارگەی گەورەی چیمەنتۆمان هەیە (لەگەڵ مۆڵەتێکی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی دەبێتە حەوت مۆڵەت)، کە ساڵانە ١٩ ملیۆن تۆن بەرهەمیان هەیە و ٧٥٪ ـی بەرهەمی چیمەنتۆی هەرێمی کوردستان بۆ بازاڕەکانی دیکەی عێراق دەنێردرێت، لە کاتێکدا لە تەواوی عێراقدا ١٨ کارگەی حکوومی و ٥ کارگەی کەرتی تایبەت هەن کە تێکڕای بەرهەمی ساڵانەیان دەگاتە ٢٦ ملیۆن تۆن.”
هەروەرها ئاماژەی بەوەش کرد، لە ١ـی ئەیلوولەوە ئەم گرانبوونە لە بازاڕەکاندا سەریهەڵداوە و لە ئێستاشدا هەوڵەکان لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بەردەوامن بۆ ئەوەی کار ئاسانی بکرێت و نرخەکان بۆ دۆخی ئاسایی خۆیان دابەزن.