رۆژنامەی ھەولێر

هەڕەشەی داعش لەسەر عێراق هەر ماوە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

بارودۆخی ناوچە کوردستانییەکان زۆر خراپە، شانە نووستووەکانی داعش ڕۆژبەڕۆژ زیاد دەبن و کاری تیرۆریستی ئەنجام دەدەن، ھەڵکوتانە سەر ماڵان زۆر لە جاران خراپتر بووە. بەرپرسانی کوردیش ھۆکارەکەی بۆ بوونی بۆشایی ئەمنی دەگەڕێنەوە، چونکە پێیانوایە لەو ناوچانە ڕێگە لەبەردەم چەکدارانی داعش کراوەیە و بەردەوام ھاتووچۆ دەکەن. دانیشتووانی ئەو ناوچانەش داوای گەڕانەوەی ھێزی پێشمەرگە دەکەن.

دۆخی ئەمنی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ھێزە ئەمنییەکانی عێراق بەتایبەتیش ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم، بەھۆی جموجۆڵەکانی داعشەوە بەشێوەیەکە، کە ھیچ ھاووڵاتییەک لە ژیان و سەر و ماڵی خۆی دڵنیا نییە، یەکێکی دیکە لە مەترسیەکانی داعش جیا لە ھێرشکردنە سەر ھێزەکانی عێراق دانانی بۆسە و ڕفاندنی ھاووڵاتییانە، ئەمەش وای کردووە ئەو ھاووڵاتییانەی دەچنە سنووری ژێر دەسەڵاتی ھێزە ئەمنیەکانی عێراق، مەترسی لەسەر ژیانیان دروست ببێت.
داعش ھیچ ناوچەیەکی لە عێراق لەژێر کۆنتڕۆڵدا نەماوە، بەڵام پاشماوەکانیان بە گرووپی بچووک لە ناوچە شاخاوییە سەختەکان و بۆشاییە ئەمنییەکانی نێوان ھێزەکانی عێراق و پێشمەرگە خۆیان حەشارداوە و جاروبار پەلاماری کتوپڕ ئەنجام دەدەن، جموجۆڵی ئەم ڕێکخراوە لە سنوورە جیاوازەکان بەم شێوەیە ناوچە کێشە لەسەرەکان بە تایبەت لە ناوچەکانی کەرکووک، دیالە، خورماتوو و بناری چیای قەرەچووغ لە زیادبووندایە، چەکداران بەردەوام ھەوڵی دزەکردن بۆ ناو گوندەکان دەدەن، ئەمەش وایکردووە ھاووڵاتییان لە ھەندێک ناوچە ترسیان ھەبێت و شەوانە ماڵەکانیان چۆڵ بکەن.
لە دوای ڕووداوەکانی ١٦ـی ئۆکتۆبەرەوە جوڵەی داعش لە سنووری ناوچە کوردستانییەکان زیادی کردووە، تا ئەو کاتەی پێشمەرگە لەو ناوچانە بوو، پشتێنەیەکی ئەمنی گەورەی بەدەوری ئەو ناوچانەدا دروستکردبوو، ئێستا ئەو پشتێنە ئەمنییە نەماوە و ڕەوشی ئەو ناوچانە باش نییە، بۆیە ھەموو پێکھاتەکان داوای گەڕانەوەی ھێزی پێشمەرگە دەکەن، داوا دەکەن ئەو دۆخە سەربازییەی کە ئەمڕۆ لەو ناوچانە ھەیە کۆتایی پێ بھێنرێت.
ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، زەرەرمەندی یەکەمی ئەو بارودۆخەی لەم ناوچانە ھاتووەتە ئاراوە، گوندە کوردنشینەکانن، کە بەردەوام بەرەو چۆڵبوون دەچن و زەوییە کشتوکاڵییەکانی کوردستانیانیش دەستیان بەسەردا دەگیرێت و ناوچەکانیشیان ڕووبەڕوی تەعریب دەبێتەوە.
بەشێک لە ناوچە کوردستانییەکان دوای ڕووداوەکانی ١٦ـی ئۆکتۆبەر، بوونەتە مۆڵگەی چەکدارانی داعش، بەرپرسانی ئەمنی، دەڵێن: داعش لە بەشێک لە ناوچەکان و گوندەکانی دوورە دەست کە دەکەونە ناوچەی ئەمنی ھاوبەش، لەگەڵ سنوورەکانی کەرکووک، دیالە، مووسڵ، تکریت و ڕوومادی ھەن، چەکدارانی داعش سوود لەو بۆشاییە ئەمنیانە وەردەگرن کە لە نێوان ھێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا دروستبووە، بۆیە پێویستە ھەماھەنگی پێشمەرگە و ھێزەکانی عێراق و ھێزەکانی ھاوپەیمانان لەڕووی زانیارییەوە باشتر بکرێت، حکوومەتی عێراق و ھاوپەیمانانیش گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە بەبێ پێشمەرگە ناوچە کوردستانییەکان کۆنتڕۆڵ ناکرێن.
لەدوای ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ـەوە ھێزەکانی پێشمەرگە لەناوچە کێشە لەسەرەکان نەماون، سوپای عێراق نەیتوانیووە ئەو بۆشایە ئەمنییە پڕبکاتەوە کە بەھۆی کشانەوەی پێشمەرگە دروستبووە.
شانە نووستووەکانی داعش و بیرکردنەوەکانی ھەموویان خەریکی خۆ ڕێکخستنەوەنە و خۆیان ئامادە دەکەن، بۆ ئەوەی ئەگەر ھەندێک ڕووداو بێنە پێشەوە پەلاماری چەند شوێنێک بدەن و دەست بەسەر ھەندێک ناوچەدا بگرن و زەرەروزیانێکی زۆر لە سوپای عێراق بدەن، دوو شەو پێش ئێستا چەکدارانی داعش پەلاماری خاڵێکی سەربازیی فەوجی مەغاوێری سەر بە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووکیان دا، کە دەکەوێتە سەر چیای مامۆ “جەبەل مەگحوول” لە نێوان سنووری ناحیەی سەرگەڕان و قەزای حەویجە، دوای ڕوودانی ھێرشەکە، ھێزەکانی سوپای عێراق و چەکدارەکانی داعش ڕووبەڕووی یەکتر بوونەتەوە، پاشان چەکدارەکانی داعش بەرەو شوێنێکی نادیار ھەڵاتوون.
بە گوتەی بەرپرسانی سەربازی پێویستە لە نێوان ھەولێر و بەغدا ڕێککەوتن بکرێت بۆ ئەوەی ھەرچی زووە ھێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە ناوچە کوردستانییەکان، چونکە ئەگەر پێشمەرگە لەو ناوچانە بوایە داعش نزیکی ئەو ناوچانە نەدەبوو، ئەو خەڵکەی کە ئاوارە بووە ئەوانیش دەگەڕانەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان. لە سنووری کەرکووک، ھێزەکانی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لەسەر زەوی نینە، بەڵام بە بەردەوامی لە ئاسمانی ناوچەکە ھاوکاریی ھێزە عێراقییەکان دەکەن لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعش. فەرھاد مەجید، شارەزای بواری ئەمنی، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی گوت: لە ئەگەری کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا، بۆشایی ئەمنی دروست دەبێت کە لەم کاتەدا بە ھێزە ئەمنییەکان پڕ ناکرێتەوە.